پەروەردەی پشدەر: وەزارەتی پەروەردە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هاتوچۆی خوێندکاران خەرج ناکات
16/11/2015 نوسەر: bzavpress

پەروەردەی پشدەر: وەزارەتی پەروەردە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هاتوچۆی خوێندکاران خەرج ناکات


بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر ڕایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار خوێندکار لە گوند و ناحیەکانەوە هاتوچۆی ناو شارەکان دەکەن بۆ درێژەدان بە خوێندن، پەرورەردەی پشدەریش ڕایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هاتوچۆی خوێندکاران خەرج ناکات.

ئیبراهیم حەوێز بەڕێوەبەری پەروەدەی پشدەر ڕایگەیاند "لە دەڤەری پشدەر ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار خوێندکاری قۆناغە جیاجیاکان بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن لە گوند و ناحیەکانیانەوە ڕۆژانە هاتوچۆ دەکەن بۆ ناو شاری قەڵادزێ".

هەروەها وتیشی، وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی ٢٠١٣دا مانگانە بڕی ٤٠ هەزار دیناری کرێی هاتوچۆی دەدا بە هەر خوێندکاریک کە هاتوچۆ دەکات بۆ خوێندن، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو خوێندکارانە خەرج نەکراوە کە لە گوند و لادێکانەوە سەردانی شارەکان دەکەن بۆ درێژەدان بە خوێندن.

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پشدەر، ١٥٧ ناوندی فێرکردن هەیە کە ١٣٨ یان خوێندنگای ئامادەیی و بنەڕەتین، زیاتر لە ٣٤ هەزار خوێندکاری ئامادەی و بنەڕەتی لە سنوورەکە هەیە.

دەڤەری پشدەر لە پێنج ناحیە و نزیکەی ٢٧٦ گوند و مەرکەزی قەزاکە پێکدێت کە قەڵادزێیە،  کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانەکەشی بە پێی دواین ئاماری نزیکە ١١٦ هەزار خێزانە.