مەسعوود بارزانی پەیامێکی لەسەر ڕووداوەکانی دوزخورماتوو بڵاوکردەوە
16/11/2015 نوسەر: bzavpress

مەسعوود بارزانی پەیامێکی لەسەر ڕووداوەکانی دوزخورماتوو بڵاوکردەوە


مەسعود بارزانی پەیامێکی لەسەر ڕووداوەکانی دوزخورماتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە دەزگا فەرمی و ئیداری و ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگە کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکەن.

مەسعود بارزانی کە لە ١٩ی ئابەوە بۆچوونی جیاواز لەسەر پۆستەکەی هەیە لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەموو لایەک کار بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کە دوژمنی هەموو لایەکە.

بارزانی ئەوەشی وت، پێویستە هەموو کێشەکان بەڕێگەی دایالۆگ لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن.

پەیامەکەی بارزانی دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ بەپرسانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و قایمقامی قەزای دووزخورماتوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ گرژی و ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی قەزاکە کۆبوونەوە.

لە دوای کۆبوونەوەکە کە لە بارەگای ڕێکخراوی بەدر بەڕێوەچوو، بەرپرسانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی کۆنگرەیەکی هەواڵی هاوبەشیان ئەنجامدا.

ئەبو ئەیوب سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە خوورماتوو، ڕایگەیاند "بۆچوونەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە لەیەکەوە نزیکن و لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی دووزخورماتوو، چونکە ئامانجی سەرەکیی هەردوولایان دژایەتیکردنی چەکدارانی داعشە".

هەروەها، ڕاشیگەیاند "هەندێک خەڵک هەن بارگاوی کراون بۆ شەڕی ناوخۆیی، بەڵام ئەوان نایانەوێت شەڕ بکەن، چونکە کورد برای ئەوان و هەردوولایان چەوسانەوەی زۆرییان بینیوە بەدەست ڕژێمی بەعسەوە، بۆیە پشت بەخوا بەیەکڕیزی ڕووبەڕووی چەکدارانی داعش دەبنەوە".ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی‌ ١٢/١١/٢٠١٥ ئاگربەست لە نێوان چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و هێزی‌ پێشمەرگە ڕاگەیاندرا، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاووڵاتییانی‌ ئەو قەزایەدا بەردەوامیی‌ هەبوو و بە تەواوەتی‌ کۆتایی‌ بە شەڕەکە نەهێنرابوو.

هۆکاری‌ گرژییەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕۆژی‌ ١٢/١١/٢٠١٥ ژمارەیەک چەکداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ بە ئۆتۆمبێل بە بازگەیەکی‌ هێزی‌ پێشمەرگەدا تێپەڕیوون و سەرباری‌ ئەوەی‌ ڕانەوەستان تەقەیان لە پێشمەرگەکان کردووە و پێشمەرگەیەک بریندار بووە و دوابەدوای‌ ئەوەش پێشمەرگەکان لێیان هاتوونەتە دەست و سێ چەکداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ کوژراون.

لە دوای‌ ماوەیەکی‌ کورت گرژی‌ و پێکدادان گواسترایەوە بۆ ناو قەزای‌ دووزخورماتوو و لە نێوان بەشێک لە هاووڵاتییان کوردی‌ ئەو قەزایە و بەشێک لە هاووڵاتییە تورکمانەکانی‌ ئەو قەزایەدا پێکهەڵپژان ڕوویدا.

هاوکات چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک لە دوکانی‌ هاووڵاتییانی‌ کورد و دوکانەکانیان ئاگر تێبەرداوە و لە ڕۆژی‌ ١٢/١١/٢٠١٤ەوە ٧٠ هاووڵاتییی‌ قەزای‌ دووزخورماتوویان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.