17/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
داعش هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەمریکا دەکات
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داعش هەڕەشەی ئەوە لە ئەمریکا دەکات، کە هێرش دەکەنە سەر واشنتۆنی پایتەختی ئەو وڵاتە.
ماڵپەڕی CNNی ئەمریکی دوێنێ ١٦/١١/٢٠١٥ گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا ئەندامانی داعش باس لە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پاریس دەکەن و هاوکات هۆشداریش دەدەنە ئەمریکا لە ئەنجامدانی هێرش بۆسەر واشنتۆن.
لە گرتەکەدا ئەندامەکەی داعش دەڵێت ''هۆشداری دەدەینە ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن لە هێرشکردن بۆسەرمان، بەڵێن بێت کە هەمان شت کە لە پاریس ڕوویدا بەسەر ئەوانیشی بێنین، وەک چۆن هێرشمان لە پاریس ئەنجامدا، هێرش بۆسەر ئەمریکا لە واشنتۆن ئەنجام بدەین".
ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ شەو فڕۆکە جەنگییەکانی فەڕەنسا چەندین هێرشی ئاسمانییان بۆسەر داعش لە شاری ڕەقەی سوریا ئەنجامدا، کە داعش بە پایتەختی خۆیی دەزانێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی هەینی ١٣ی تشرینی دووەی ٢٠١٥، حەوت چەکدار لە شەش شوێنی جیا لە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا هێرشیان ئەنجام دا، کە یەکێکیان لە هۆڵی کۆنسێرتی باتاکلان بوو.
لەو حەوت چەکدارە هێرشبەرە، ٦ کەسیان بەشێوەی خۆکوژی خۆیان کوشتووە و و لەو شەش کەسەش کە خۆکوژییان کردووە دوو کەسیان لە نزیک یاریگای نێودەوڵەتیی پاریس خۆیان تەقاندبووە.
یەکێک لەو کەسە چەکدارانە هەڵهاتووە و لە ئێستادا پۆلیسی فەڕەنسا و پۆلیسی نێودەوڵەتی لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو چەکدارە هەڵهاتووەدان.
بەهۆی سەرجەم هێرشەکانیشەوە، ١٢٩ کەس کوژران و ٣٥٢ کەسیش برینداربوون، کە بارودۆخی تەندروستیی ٩٩ کەس لە بریندارەکان لە مەترسیدایە.
لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ نزیکەی ٢٠ وڵات هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییان بە فەرماندەیی ئەمریکا بۆ بۆردومانی چەکدارەکانی داعش پێکهێناوە، تا ئێستا نزیکەی ٦٠ وڵات چوونەتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە.
هێزی هاوپەیمانان لە مانگی ئابی ٢٠١٤ ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر داعش لە عێراق دەستپێکرد. لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٤دا هێرشەکانیان بۆ سەر داعش لە سوریا دەستپێکرد.
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە بەردەوامی بنکە و بارەگای چەکدارەکانی داعش لە سوریا و عێراق بۆردومان دەکەن و بەو هۆیەوە زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە.
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە بە بۆردومانەکانیان پشتیوانی لە هێرشی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەکەن.
بەهۆی هێرشی هاوپەیمانانەوە تاوەکو ئێستا کە سەدان شوێن و ئۆتۆمبێل و هامەری داعشیان تێکشکێنراون.