یەکێتی هێزێکی پێشمەرگە بەڕفاندنی عەرەب تۆمەتبار دەکات
17/11/2015 نوسەر: bzavpress

یەکێتی هێزێکی پێشمەرگە بەڕفاندنی عەرەب تۆمەتبار دەکات


ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتییان بە(شۆفێنیست و نەتەوەپەرست) لە دژی عەرەب تۆمەتبار دەکەن، گوایە لە چەند رۆژی رابردوودا دوای پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی شنگال، ھێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ھەڵیانکوتاوەتە سەر ھاووڵاتییە عەرەبەکانی دانیشتووی گوندەکانی دەوروبەری شنگال.

لەمبارەوە ماڵپەڕی فەرمی پارتی، لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە ناوچەی شنگال ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوەدابوو کە حزبێک بەنێوی (تەڤدا) کە سەعید حەسەن حەبابی سەرۆکیەتی دەکات و سەر بە پەکەکە و یەپەژە و پەیەدەیە، هەندێک شوێنیان تاڵان کردووە و ویستوویانە دۆخی ئێستەی پاش رزگارکردنی شنگال بشێوێنن و دووبەرەکی بنێنەوە.

بەڵام ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی بەنێوی چەند عەرەبێکی دەوروبەری شنگال هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە ھێزێکی چەکداری پارتی بە سەرپەرشتی قاسم شەشۆ چەندین مزگەوتیان روخاندووە و ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی عەرەبیشیان دوای تاڵانکردنی ماڵەکانیان، بەرەو شوێنێکی نادیار رفاندووە.

جێی باسە ئێوارەی هەینیی ڕابردوو، دوابەدوای سەرکەوتنە گەورەکەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر داعشدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەیاننامەیەکدا بەڕاشکاوی ناڕەحەتبوونی خۆیان ڕاگەیاندبوو، هەروەها دوای ئەوەش لە دانیشتنێکی فەرمی پەرلەمانی عێراقدا ڕێگەیان بەخوێندنەوەی بەیاننامەیەک نەدابوو کە لەبارەی سەرکەوتنی گەورەی پێشمەرگە لە شنگال بخوێندرێتەوە.