نەوتی كوردستان،كێبڕكێی نەوتی روسیا دەكات
19/11/2015 نوسەر: bzavpress

نەوتی كوردستان،كێبڕكێی نەوتی روسیا دەكات


ئاژانسی (رۆیتەرز) بە پشتبەستن بە سەرچاوە بازرگانییەكان بڵاویكردەوە، هەرێمی كوردستان، بازاڕەكانی نەوتی خاوی بەڵتیكی لە باكووری خۆرئاوای ئەوروپا كردووەتە ئامانج، تا كێبڕكێ‌ لەگەڵ نەوتی روسی بكات و خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەكانی ئەو ناوچەیەدا، زیادبكات. 

بازرگانان بە ئاژانسی (رۆیتەرز)یان راگەیاند: "لە مانگەكانی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم، لانی كەم سێ‌ بارهەڵگری نەوتی كوردی گەیشتونەتە هەردوو بەندەری (جدانسك)ی پۆڵەندی و (بوتینج)ی لیتوانی لەسەر رۆخی دەریای بەڵتیك". 

سەرچاوەیەك كە كاری بازرگانی شتومەك دەكات بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "ئەوە یەكەم بارە نەوتی كوردییە كە بگاتە باكووری ئەوروپا". 
    
سەرچاوە بازرگانییەكان رایانگەیاندووە: " لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم، كەشتی (سیكینۆس) كە نەوتی كوردی هەڵگرتبوو گەیشتە بەندەری (جدانسك) لەسەر رۆخی دەریای بەڵتیك، هەر ئەو بەندەرەش لەم مانگەدا پێشوازیی لە بارە نەوتێكی تر دەكات كە لەڕێی كەشتی (مینرڤا جۆرجیا)وە دەگەیەنرێتە جدانسك".