19/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
پەرلەمانتارانی یەكێتی لەسەر دۆخی خورماتوو، سەردانی ئەم لایەنە شیعەیەیان كرد
ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، سەردانی مەكتەبی سیاسی (عەسائیب ئەهل حەق) دەكەن و لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی قەزای خورماتوو رێكدەكەون.
فەرهاد قادر، پەرلەمانتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند :" بە مەبەستی ئاساییكردنەوەی دۆخی خورماتوو و گەڕاندنەوەی ژیان و ئارامی بۆ دەڤەرەكە و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە نەخوازراوەكان، وەفدێكی پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ مەكتەبی سیاسی گروپی [عصائب أهل الحق] دا كۆبووینەوە".
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، هەردوولا جەختیان لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخەكە پشتیوانیكردنی ناوەرۆكی ڕێكەوتنەكە و بەردەوامی دیدارەكان كردەوە.
لە رۆژانی رابردوودا بارودۆخی شارۆچكەی خورماتوو ئاڵۆزی بەخۆوەبینی و شەڕ و پێكدادان لەنێوان كوردەكانی شارۆچكەكە و هێزەكانی حەشدی شەعبی دروست بوو، بەو هۆیەشەوە نزیكەی 20 كەس لە هەردوولا بونە قوربانی، دواتر لایەنە كوردستانییەكان و ئیدارەی شارۆچكەكە لە گەڵ نوێنەرانی حەشدی شەعبی و لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیری قەزاكە، رێككەوتن.