23/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
یەكێتی: پۆستی قایمقامی هەڵەبجە نادرێت بە پارتی
بەرپرسێكی یەكێتی رایدەگەیەنێت پارتی سوربێت یان نا پۆستی قایمقامی هەڵەبجەی پێی نادرێت و دەشڵێت ناتوانین دەستكاری كورسی هیچ لایەنێكیش بكەین و دەنگەكانیان زیاد و كەم بكەین بۆ ئەوان.
ئەحمەد قەدەفەری جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی نۆی شارەزووری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: ئەو داوایەی پارتی بۆ زیادكردنی كورسیەكانی بۆ چوار كورسی داواكاریەكی ناڕەوایە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێكەوە نییە.
وتیشی: كورسی لایەنەكانی دیكە دەنگی خەڵكە و ناتوانرێت دەستكاری بكرێت، ئێستا ئێمە ناتوانین لە دهۆك كورسییەك بۆ خۆمان زیاد بكەین.
قەدەفەری ئەوەشی گووت: ئێمە ناتوانین دەستكاری دەنگی دەنگدەرانی هیچ لایەنێكی سیاسی هەڵەبجە بكەین لەبەر خاتری ئەوەی پارتی بەشداری حكومەتی خۆجێی یان ئەنجومەنی پارێزگا بكات، بەڵكو ئەوبابەتە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە بەشداری دەكەن یان نا.
ئەحمەد قەدەفەری لەبارەی پۆستی قایمقامی هەڵەبجەوە كە بدرێت بە پارتی ئەوەی وت: پارتی هەرچەندە سوربێت یان هەر ڕەنگێكی دیكە لەسەر وەرگرتنی پۆستی قایمقامی هەڵەبجە پێیان نادرێت، چونكە ئەو پۆستە لەگەڵ پۆستەكانی سلێمانیدا دابەش كراوە و بابەتەكەش لای ئێمە داخراوەو قسەی لەسەر ناكەین.
لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجە خاوەنی سێ كورسیە بەڵام ئەوان بەو ژمارە كورسیە ناڕازین و داوا دەكەن ئەو سێ كورسیەی پێیان دراوە بكرێت بە چوار كورسی و هەروەها قایمقامی هەڵەبجەشیان پێ بدرێت، بەڵام یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ئێستا ئەویش پۆستی قایمقامی هەڵەبجەی بەدەستە دەڵێت پۆستی قایمقام لەگەڵ پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیدا دابەش كراوە، ئەگەر ئەو پۆستە بدرێت بە پارتی ئەوا دەبێت پۆستەكانی سلێمانیش هەڵبوەشێتەوە.