25/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
هەڵەبجە..١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كرایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی هەڵەبجە ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانیان كردەوە و داوا دەكەن بە هەموو لایەكەوە هەوڵ بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی ژنان بدرێت.
لە بەیاننامەیەكی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دا كەوێنەیەكی دەست بزاڤ پرێس كەوتووە، هاتووە: ئێمە لە كاتێكدا لەبەردەم هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەداخەوە لە بارودۆخێكی ناساز و ناهەمواریی یاسایی و ئیداری و سیاسی و ئابووری و ئاسایشی هەرێمداین، بەجۆرێك كە نەلەگەڵ دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ دا پێكدێتەوە نە لەگەڵ وەفا بۆ قووربانی و شەهید و خەباتی ڕزگاری خوازی نەتەوەكەمان دا سازگارە.
تیایشیدا هاتووە: ئێمە پێمان وایە لەوەها بارودۆخێكدا نەك ناتوانرێت هەنگاو بۆ پێشەوە بۆ هێنانەدی خواستە مرۆیی و مەدەنی و نەتەوەییەكانمان بنێین نابێت دەستەوەستان بین لە ئاست ئەو توندوتیژییانەی كە لێرەوە و لەوێ ڕوو لە ژنان دەبێتەوە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا هاتووە: لێرەوە و پێش هەر داخوازییەك تایبەت بەو بۆنەیە بەرپرسانی حزبی و حكومی دەخەینە ژێر بەرپرسیارێتی چارەسەركردنی قەیرانە جۆراوجۆرەكان و گێڕانەوەی هەرێم بۆ بارودۆخێكی شایستەی ئیداری و یاسایی و ئابووری پێویستیشە بە هەموو لایەك هەوڵ بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی ژنان بدەین كە حكومەت بەرپرسیار بكرێت لە گەڕانەوەی ئەو كچ و ژنە ئێزدییانەی كە لە ژێر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دایە.