25/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
تا ئێستا نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە نییە
لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە تاوەکو ئێستا هیچ نوسینگەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان نەکراوەتەوە و بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجەش دەڵێت نەبوونی ئەو نوسینگەیە کێشەی زۆری بۆ درووستکردووین.
گوڵستان ئەحمەد بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجە لە لێدوانێکی دا بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: تا ئێستا نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە نییە و هاوڵاتیانیش بە ناچاری پەنادەبەنە نوسینگەی سەیدسادق بە پێی ئەو جوگرافیایەی کە بۆ سنوری شارەزوور دانراوە.
وتیشی: نەبونی نوسینگەکە وادەکات ئەو خێزانانەی کە لەهەڵەبجەدان و کێشەیان هەیە زۆرترین هاتووچۆ دەکەن بۆ نوسینگەکانی دەرەوەی هەڵەبجە بۆ ئەوەی سکاڵاکانیان تۆماربکەن.
گوڵستان ئەحمەد ئەوەشی وت: زۆربەی خێزانەکان کە کێشەی کۆمەڵایەتیان هەیە کێشەکانیان نابەنە بەردەم دادگا بەڵکو لەلای لیژنەی فەتواوە کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.
بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجە دەشڵێت: ئێمە داوا دەکەین بۆ ساڵی داهاتووی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ ئەم نووسینگەیە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بکاتەوە بۆ ئەوەی ئامارەکان دروست تر و دڵنیایی تر تۆماربکەین.