یان كوبیش: دۆخی ئێستای كوردستان پێویستی به‌یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌
06/12/2015 نوسەر: bzavpress

یان كوبیش: دۆخی ئێستای كوردستان پێویستی به‌یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌

له‌ دیدارێكدا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قوباد تاڵه‌بانی چاویكه‌وت به‌ (یان كوبیش)  نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان  له‌ عیراق و باسیان له‌ بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئه‌منی عیرا ق و كوردستان كرد.

كوبیش، داوای كرد لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان به‌ رێگه‌یه‌كی شارستانی و دیموكراسی چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌ سیاسییه‌كان بدۆزنه‌وه‌و یه‌كڕیزی بكه‌نه‌ بنه‌مای گفتوگۆكان، یه‌كڕێزیش به‌ دڵنیایه‌وه‌ به‌ سازش و دیالۆگ دێته‌ ئاراوه‌.

له‌هه‌مانكاتدا قوباد تاڵه‌بانی دوپاتی قسه‌كانی كوبیشی كرد و رایگه‌یاند: "گرنگه‌ هه‌موو لایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی حزبی وه‌لابنێین و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی بكه‌ینه‌ ئامانجی كاری سیاسی. چونكه‌ له‌ ئێستادا هه‌ریه‌كه‌مان و به‌پێی لێپرسراوێتیمان به‌رپرسیارێتی مێژوویی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانمان و دۆخی كوردستان وا ده‌خوازێت ده‌بێت به‌ئه‌ركی نیشتمانی خۆمان هه‌ڵسین و پێكه‌وه‌ بڕیاری بوێر بده‌ین.