08/12/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
فڕۆکە جەنگییەکان هەشت هەزار و ٦٨٣ هێرشیان کردووەتە سەر داعش
فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی هاوپەیمانان لە ماوەی ساڵێک و سێ مانگی ڕابردوودا، هەشت هەزار و ٦٨٣ هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەکدارەکانی داعش لە عێراق و سوریا.
بەشی ڕاگەیاندنی هێزی هاوپەیمانان ئەمڕۆ ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ ڕایگەیاند، هێزی هاوپەیمانان لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانیان لە دژی چەکدارانی داعش لە مانگی ئابی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ڕۆژی ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ پێنج هەزار و ٦٩٢ هێرشیان لە عێراق کردووەتە سەر بنکە و بارەگای چەکدارەکانی داعش.
هەروەها لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ڕۆژی ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە سوریادا دوو هەزار و ٩٩١ هێرشی ئاسمانیی دیکەیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی چەکدارەکانی داعش.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی هاوپەیمانانەوە ١٢٩ تانک، ٣٥٦ هەمەر، ٢٦٠ کێڵگەی نەوت، ١٠ هەزار و ١٣٥ پێگەی داعش، ٥ هەزار و ١٩٥ کەلوپەل و چەکی جۆراجۆرەی داعش لە عێراق و سوریا تێکشکێنراون، کە بەگشتی ١٦ هەزار و ٧٥ پێگە، چەک، تانک، ئۆتۆمبێلی سەربازی و مەدەنیی داعش کراونەتە ئامانج و تێکشکێنراون.
بەشی ڕاگەیاندنی هێزی هاوپەیمانان لەبارەی ژمارەی کوژراوانی داعشەوە بەهۆی بۆردومانەکانەوە ڕایگەیاند، لە بەر هۆکاری ئەمنی ناتوانن ژمارەی کوژراوانی داعش ڕابگەیەنن.
بەپێی لێدوانەکەی بەشی ڕاگەیاندنی هێزی هاوپەیمانان "هێزەکانی هاوپەیمانان بە بەردەوامی چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان".
لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا نزیکەی ٢٠ وڵات هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییان بە فەرماندەیی ئەمریکا بۆ بۆردومانی چەکدارەکانی داعش پێکهێنا و تا ئێستا نزیکەی ٦٠ وڵات چوونەتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە.
هێزی هاوپەیمانان لە مانگی ئابی ٢٠١٤ ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر داعش لە عێراق دەستپێکرد. لە مانگی ئەیلولیشدا هێرشەکانیان بۆ سەر داعش لە سوریا دەستپێکرد.
ڕۆژی سێی حوزەیرانی ٢٠١٥ ئەنتۆنی بلینکن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە زیاتر لە ١٠ هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سوریا کوژراون.