هەڵەبجەییەکان هاتنی سوپای تورکیا شەرمەزار دەکەن
09/12/2015 نوسەر: bzavpress

هەڵەبجەییەکان هاتنی سوپای تورکیا شەرمەزار دەکەن


لەدوای بەزاندنی سنوری هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە،هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لەبەیاننامەیەکیاندا کە وێنەیەکی بۆ بزاڤ نێردراوە، هاتووە: هاتنی سوپای دەوڵەتی تورک بەهەموو پێوەرێک دەچێتە خانەی دووژمنکاری و داگیرکارییەوە، چونکە بەبێ ئاگاداری دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی هەرێم هاتونەتە ناوەوە، لەکاتێکدا دەزگا فەرمی و یاساییەکان پەک خراون، هەروەها دەوڵەتی عێڕاقیش بێ ئاگایە و بەهەموو جۆرێک ناڕەزایەتی دەربڕیوە.

هەروەها ئەوەشی تێدا هاتووە: سوپای توورک زیاتر لە ۲۰ ساڵە لەهەرێمی کوردستان جێگیر کراوە بەبێ ویست و ئیرادەی گەل لەسەربازگەی بامەڕنی بەسەدان سەرباز و دەیان دەبابە و تۆپی دوور هاوێژ، بەردەوامی بۆمبارانکردنی گوندەکانی سنور بەفڕۆکە و تۆپی دوور هاوێژ لەلایەن سووپای تورکه و نیاز و مەبەستی ئەو سووپایە دەمێکه ئاشکرا بووە ئەویش کوشتنی خەڵکی کوردە و داگیرکردنی زەویەکەیەتی و بەتاڵان بردنی سامانەکەیەتی، دژ بەهەموو شتێکە کەناوی کوردستانی پێوە بێت.

ئەوەش لەبەیاننامەکەدا هاتووە: کاتێک پایتەختی هەرێم و دەیان شوێنی تریش لەسنوری هەرێمی کوردستان، کەوتنە بەر هێرشی داعش، سەرەڕای داواکردنی هاوکاری و پشتیوانی لەتورکیا بەڵام بێ وەڵام بوو، ئەی ئێستا خێرە سووپای هێناوە بۆ ناو هەرێم؟.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێمە لەهەڵەبجەوە بەتوندی لەشکرکێشی دەوڵەتی توورک بۆناو هەرێم شەرمەزار دەکەین وە داواکارین بەزووترین کات ئەو سووپایە بکشێتەوە بەسەربازگەکەی بامەڕنێشەوە، وە داوا لەحکومەتی عێڕاق دەکەین لەڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە فشارەکانی زیاد بکات بۆسەر توورکیا تا پاشەکشێ بەسوپاکەی بکات.