12/12/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاریدا بەشداری حکومەتی خۆجێی هەڵەبجە بکات
بەرپرسی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵەبجە رایگەیاند، بزوتنەوەی ئیسلامی داوای چەند پۆستێكی كردووە و ئامادەن بەشداری حكومەتی خۆجێی بكەن لە پارێزگای هەڵەبجەدا.
نزار مەحمود باژێڕوانی مەكۆی هەڵەبجە بزوتنەوەی گۆڕان بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: لەگفتوگۆی ئەمڕۆماندا بزوتنەوەی ئیسلامی داوای كردووە لە ناودیوانی پارێزگای هەڵەبجە پۆستێك یاخود ڕاوێژكارێكیان پێبدرێت هاوكات جەختیشیان لەسەرەوە ئەوە كردوەتەوە كە ئامادەن بەشداری حكومەتی خۆجێی بكەن بۆیە ئامادەی گفتوگۆكردنن.
وتیشی: بۆئەوەی ئەو داواكاریەی بزوتنەوەی ئیسلامی تاوتوێ بكەین دەبێت لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببینەوە و دوا بڕیاری خۆمان بدەین، لە پاشاندا وەڵامی ئەوان دەدەینەوە".
ئەمڕۆ شەممە هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەی ئیسلامی لەبارەی بەشداریكردنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجەوە كۆبونەوە و بزوتنەوەی ئیسلامی بڕیاریداوە بە جێبەجێکردنی داواکانیان بەشداری حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە بکەن.
پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی بڕیاریاندابوو، بەشداری حکومەتی خۆجێی نەکەن، بەبەشداری بزوتنەوەی ئسلامی لە حکومەتە خۆجێیەکەی هەڵەبجە پارتی بە تەنیا دەمێنێتەوە.