سەرۆک وەزیرانى عێراق، هەفتەى داهاتوو سەردانى چین دەکات لەگەڵ بەرپرساندا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان تاوتوێ دەکات.
حەیدەر عەبادى، سەرۆک وەزیرانى عێراق لەلاپەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لەناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو، بە فەرمى سەردانى چین دەکات و چاوى دەکەوێت بە هەریەکە لە سەرۆک کۆمارى چین و سەرۆک وەزیران و سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى گەل، بۆ وتووێژکردن دەربارەى پەیوەنیە دوو قۆڵیەکانى نێوانیان بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندیەکانى هەردوولا بکات و ببێتە هۆى هێمنى و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهاندا.
عەبادی ئەوەشی نووسیوە، وتووێژکردن لەسەر تەوەرەکانى هاوکارى ئابوورى و سەربازى و ئاسایش بنچینەى سەردانەکەى دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق هەوڵى فراوانترکردنى هاوکارى ئابوورى و زیاد کردنى کۆمپانیا چینیەکان بۆ وەبەرهێنان لە بوارەکانى نەوت و وزە و پێشختنى خزمەتگوزارى ژێرخانى ئابوورى لە عێراق دەدات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەژێر ڕۆشنایى ئەو جەنگەى کە توشی عێراق بووە لەگەڵ گروپی چەکدارى داعش کە بووەتە مەترسی بۆ سەر جیهان، عێراق هەوڵى بە دەستهێنانى پشتگیرى سەربازى چین دەدات بۆ هێزەکانى عێراق لە بوارەکانى پڕچەککردن و مەشقپێکردن و دابینکردنى کەرەستە سەربازییەکان و گۆڕینەوەى زانیارى هەواڵگرى.
ئەوەش بڵاوکردووەتەوە، لەمیانى سەردانەکەدا ڕێکەوتنێک لەنێوان هەردوولا بۆ بەهێزکردنى پەیوەندیەکانیان ئیمزا دەکەن.
جێی ئاماژەیە حەیدەر عەبادی بە نیاز بوو لە ١٩ی ئابی ئەمساڵدا سەردانەکەی بۆ چین ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەو کاتەی عێراق و ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبارەوە، سەردانەکی دواخست.