19/12/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
هاوڵاتیانی هەڵەبجە زیاتر لە چوار ملیار دیناری کارەبا قەرزارن
بەڕێوبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای شارەزوور ئاشکرای دەکات کە هاوڵاتیان و فەرمانگە حکومیەکانی ئەو سنوورە، چوار ملیار و ٥۲٥ ملیۆن و ٤۳۳ هەزار دینار، قەرزی کارەبایان لایە و بەشی زۆری ئەو قەرزەیەش لەلای فەرمانگە حکوومیەکانە.
سەعید قادر،بەڕێوبەرى گشتی دابەشکردنى کارەباى شارەزوور لە لێدوانێکیدا بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: لە کۆى ئەو پارەیە، سێ ملیار و ۲۱۷ ملیۆن و ٥۷۲ هەزار و ۹۳ دینار، لاى فەرمانگە حکوومییەکانە و ۹٤۳ ملیۆن و ٤۹ هەزار ۷۷٦ دینارى لاى هاووڵاتییانە و پێویستە ئەو بڕە پارەیە بدرێت، چونکە ئەو پارەیەى کۆى دەکەینەوە، لە پڕۆژە و چاکردنەوەى ئامێر و چەندین شتى تر لە سنوورەکەدا خەرجى دەکەینەوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای شارەزوور، کارەبای سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچکەکانی سەید سادق، پێنجوێن و شارەزوور دابەش دەکات. ئەوان، ۷۰ مێگاوات کارەبا بەسەر ۷۷ هەزار و ۱۹٦ هاوبەشدا دابەش دەکەن.
بەڕێوبەرى گشتى دابەشکردنى کارەباى شارەزوور ئەوەش ئاشکرادەکات: ئەوانیش کاتی پێدانی کارەبای نیشتمانی نازانن، هەروەها پێدانى کارەبا بە پێى کات و وەرزەکان دەگۆڕێت. هەر کاتێک هاووڵاتیان کارەبای زیاتر بەکار دێنن، ئەوکات پێدانی کارەبای نیشتمانی کەم دەبێتەوە. هەندێ جار لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتییەکەمان تەنیا ٥۰ مێگاوات کارەبامان پێویستە و هەندى جاریش ۷۰ مێگاواتیش بەش ناکات.