20/12/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
هەڵەبجە..یەکێتی کۆتا بڕیاری لەسەر پارتی دا
بەرپرسێكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت دواجار لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی قایمقامی هەڵەبجە نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن و پێشیوایە لەسەرەتاوە پارتی بە نیازی بەشداریكردن لە دەسەڵاتی خۆجێی پارێزگاكەدا نەبووە و ئەو پۆستەی كردووەتە بیانوو.
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی نۆی شارەزووری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: لەسەر پۆستی قایمقامی هەڵەبجە لەگەڵ پارتی گەیشتوینەتە بنبەست و بەپارتیمان وتووە بەتەمای وەرگرتنی ئەو پۆستە نەبن، چونكە ئەوە پشكی یەكێتیە و بەدەنگی دەنگدەرەكانی بەدەستیهێناوە و گۆڕانكاریشی بەسەردا نایەت.
وتیشی: ئەگەر پارتی مەبەستیەتی بەشداریی حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە بكات، ئەوا دەتوانین لە وەرگرتنی پۆستەكانی دیكەدا ئاسانكاریان بۆ بكەین، بەڵام ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان هەبێت، پارتی نایەوێت بەشدار بێت و وەرگرتنی ئەو پۆستەی كردووەتە بیانوو.
قەدەفەری، ئەوەش ئاشکرا دەکات: پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا هیچ كاریگەرییەكی بەسەر حكومەتی خۆجێی پارێزگاكەوە نابێت، لەوبارەیەشەوە نمونە بە ئەنجومەنی پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر دەهێنێتەوە، كە ماوەیەكی زۆرە پێكهێنراون، بەڵام بە وتەی ئەو، كەس حسابیان بۆ ناكات.