20/12/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
نەخۆشخانەکەی هەورامان تا ئێستا کارمەند و ئامێری تایبەتی نییە
زیاتر لە ساڵێكە لە ناوچەی هەورامان نەخۆشخانەیەك تەواو بووە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانرێت كارمەند و بەشێك لەو ئامێرانەی بۆ دابین بكرێت كە هێشتا لە نەخۆشخانەكەدا نییە، بەوتەی بەرپرسانیش ملیارێک دیناری دەوێت.
حەمید بارام، بەڕێوبەری ناحیەی بیارە بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: سەردانی ئەو نەخۆش خانەیەم كردووە و لە پێداویستی نەخۆش خانەكەم كۆڵیوەتەوە و بۆم دەركەوت كە تەئجیزكردنی نەخۆشخانەكە پێویستی بە یەك ملیار دینار هەیە.
وتیشی: بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەكە سەردانی وەزیری تەندروستیم كرد پێویستییەكانی ئەو نەخۆشخانەیەم خستەبەر دەست، جەنابی وەزیریش نوسراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەرزكردەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.
ئەوەشی ئاشکراکرد: وەك بەڕێوبەری ناحیەی بیارە بەردەوام دەبم لە هەوڵەكانم تا بەزووترین كات ئەو نەخۆشخانەیە بەڕووی هاوڵاتیانی سنورەكەدا بكرێتەوە.
لەلایەی دیکەوە بەرپرسانی تەندروستی باس لەوە دەكەن قەیرانی دارایی گرفتی زۆری بۆ دروستكردوون و تا كێشە داراییەكان چارەسەر نەبن ناتوانن ئەو نەخۆشخانەیە بكەنەوە.
هونەرجەعفەر بەرێوەبەری گشتی تەندروستی شارەزوور بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: زیاتر لە ساڵێكە نەخۆشخانەی بیارە تەواو بووە كە مەڵبەندێكی ٢٤ كاژمێری یە و زۆربەی بەشەكانی تێدایە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانیوە بیكەینەوە.
ئاماژەی بەوەشدا هێشتا نەتوانراوە تەواوی پێداویستییەكانی ناو نەخۆشخانەكە دابین بكرێت، ناشتوانن كارمەندی بۆ دابمەزرێنن، هیواشی خواست قەیرانی دارایی كۆتایی بێت و ئەو كێشانەی هاتۆتە ڕێیان لە كەرتی تەندروستیدا چارەسەری بكەن.
ئەو نەخۆشخانەیە بەچەند كیلۆمەترێك لە پێش ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە دروستكراوە، بڕیاری دروستكردنەكەشی لەو كاتەدا، بوویە مایەی دڵخۆشی دانیشتووانی ناوچەكە، چونكە هەركات پێویستیان بە نەخۆشخانە هەبوایە لە رابردوودا ناچار دەبوون ڕوو لە شاری هەڵەبجە بكەن.
ناوچەی هەورامان لە هەریەكە لە ناحییەكانی تەوێڵە و بیارە لە خۆی دەگرێت لەگەڵ بوونی چەندین گوند لەو سنورەدا، لەڕووی ئیداریشەوە سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە.