حکومەتی هەرێم ئەم ڕۆژەی کردە پشوو
27/12/2015 نوسەر: bzavpress

حکومەتی هەرێم ئەم ڕۆژەی کردە پشوو


حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی وەک پشووی فەرمی دیاریکرد پاش ئەوەی کە ڕۆژی یەکی کانوونی دووەم بەر هەینی دەکەوت.

سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند: بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینیەوە پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەرەكانی فیداكاری و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەین، هیوادارین ئەم ساڵ ببێتە ساڵێكی پڕ لە خۆشی و كامەرانی بۆ هەموو گەلی كوردستان وببێتە ساڵی سەركەوتنی تەواوی گەلەكەمان بەسەر تیرۆریستان بەم بۆنەیەشەوە ڕایدەكەیەنین ڕێكەوتی 2015/12/31 كە دەكاتە ڕۆژی پێنج شەمە لە سەرجەم دام و دەزگاكانی حكومەت دەبێتە پشووی فەرمی.

ئەوەش لە کاتێکدایە تائێستا حکومەتی عێراق ڕۆژانی پشووی سەری ساڵی ڕانەگەیاندووە.

هەفتەی ڕابردووش ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ بەهۆی یادی لەدایکبوونی مەسیح و پێغەمبەری ئیسلامەوە کرا بەپشوو.

ساڵانە هاووڵاتیان لەسەرانسەری جیهاندا بەبۆنەی سەری ساڵی زاینییەوە ئاهەنگ دەگێڕن و لە هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە هاووڵاتیان لە شەوی سەری ساڵدا لە شوێنە گشتییەکاندا ئاهەنگ دەگێڕن.

ژ.ک