30/12/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ئایە ڕاستە محمد (صلی الله علیه وسلم) هەوڵی خۆکوشتنی داوە ؟
ڕیوایەتی هەوڵی خۆکوشتنی پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) یەکێکە لەو ڕیوایەتانەی بە چەندین جۆر هاتوە لە ئیمام بوخاری و ئیمام طەبەری و ابن سعد هێناویانە ، هەروەها ئەوانەی سیرەیان نوسیوە لە نوێکانیش ئەم ریوایەتەیان هێناوە بۆنمونە (صفی موبار کفوری) لە گوڵاوی سەرمۆردا لە لاپەرەی (٧٧) لەورەگێراوە کوردیەکەی هێناویەتی ، ریوایەتەکە دەڵێت : (دوای هاتنی نیگا بۆ پێغەمبەر- صلی الله علیه وسلم – لە ئەشکەوتی حیڕاء نیگا بۆماوەیەك بچڕا ، لەو ماوەیەدا پێغەمبەر زۆر نارەحەت بووە ، بۆیە چۆتە سەر لوتکەی چیایەك هەتا خۆی فرێ بداتە خوارەوە ، لەو کاتەدا جوبرەئیل بانگی کردوە ئەی محمد بەراستی تۆ پێغەمبەری خودای ، بەمەش پێغەمبەر – صلی الله علیه وسلم – ئارام بۆتەوە ، دوای ماوەیەك دیسان نارەحەت بۆتەوەو هەمان کاری دووبارە کردۆتەوە ، جوبرەئیلیش بانگی لێکردوە ئەی محمد بەراستی تۆ پێغەمبەری خودای ، هەرکات بچرانەکە درێژەی بکێشایە هەمان شتی دووبارە دەکردەوە )
وەك دەقی ریوایەتەکەی ئیمام بوخاری دەڵێت : (وفتر الوحی فترة حتی حزن النبی فیما بلغنا حزنا غدا فیه مرارا کی یتردی من رءوس شوهق الجبال فکلما أوفی بذروة جبل لکی یلقی منه نفسه تبدی له جبریل ، فقال : یا محمد إنك رسول الله حقا ، فیسکن لذلك جأشه وتقر نفسه ، فیرجع فإذا طالت علیه فترة الوحی غدا المثل ذلك ، فإذا أوفی بذروة جبل تبدی له جبریل فقال له مثل ذلك ) (٦٥٨١)
هەروەها ئیمامی (تەبەری) هێناویەتی بۆنمونە سەیری (صحیح تأریخ الطبری – مجلد ٢ ، ص ١٣ بۆدواوە بدە).
لەم بابەتەدا قسە لەسەر سەنەدی ریوایەتەکان ناکەم ئەوە بۆ کەسانی پسپۆر قسەی لەسەر بکەن ، لێرەدا من چەند خاڵێك دەخەمە روو کە دواتر خوێنەر دەتوانێت خۆی بریار بدات لەسەر بابەتەکە .
یەکەم : خوای پەروەردگار هەر لەتەمەنی مناڵێەوە سەروەرمانی بەشێوەیەك پەروەردە کردوە کە بەهێزو پتەو بێت و توشی چەندین نارەحەتی کردوە هەتا بتوانێت ئەرکی گرانی پەیامی ئیسلام هەڵبگرێت ، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) کە لەدایك بوە باوکی مردوەو باوکی خۆی نەدیوە ، لەتەمەنی شەش ساڵی دایکی وەفاتی کردوە ، لەتەمەنی هەشت ساڵی باپیری (عبد المطلب) وەفاتی کردوە ، وەك دەبینین هەر لە مناڵیەوە خوای پەروەردگار لەسەر نارەحەتی رای هێناوە .
دووەم : کاتێك پێغەمبەر وەحی بۆ دێت لە ئەشکەوتی حراء جوبرەئیل پێی دەفەرمێت (بخوێنە) ئەویش دەفەرمێت (من خوێنەوار نیم) جوبرەئیل بەتوندی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەگوشێت بە خۆیدا هەتا ماندوی دەکات ، پاشان پێی دەڵێت بخوێنە ، سەروەرمان دەفەرمێت من خوێنەوار نیم ، جوبرەئیل دووبارە توند دەی گوشێت بەخۆیدا هەتا ماندوی دەکات پاشان پێی دەڵیت بخوێنە سەروەرمان دەڵێت من خوێندەوار نیم جوبرەئیل بۆ جاری سێ هەم بەتوندی دەی گوشێت بەخۆیداو دەڵێت بخوێنە سەرەتای سورەتی عەلەقی بۆ دەخوێنێتەوە ، دواتر پێغەمبەر (صلی اله علیه وسلم) دەگەرێتەوەو خەدیجە دەی بات بۆ لای (وەرەقەی کوری نەوفەل) وەرەقە دەڵێت پێی ئەوە ناموسەو قەومەکەشت دەرت دەکەن .
لێرەوە پێغەمبەر زانیویەتی کە پێغەمبەرە ، جوبرەئیلیش کە سێ جار توند گوشیویەتی بەخۆیدا بۆ ئەوە بوە مێغەمبەر وا نەزانێت ئەوە وەهمەو تەنها لە خەیاڵی خۆیدا بوونی هەیە ، وە ناگونجێت پێغەمبەر کە جوبرەئیل هاتوە بۆلای بەهۆی بچرانی وەحیەوە بۆ ماوەیەك هەوڵی خۆ کوشتنی دابێت .
سێ هەم : لە ریوایەتەکەدا دەڵێت (هەرکات بچرانەکە درێژەی بکێشایە دەچوەوە سەر چیاکە بۆ ئەوەی خۆی بخاتە خوارەوە) بەپێی ئەمە بێت چەند جارێك پێغەمبەر هەوڵی خۆ کوشتنی داوە و لەهەر جارێکیشدا جوبرەئیل فریای کەوتوەو پێی وتوە (إنك رسول الله حقا) باشە چۆن دەگونجێت پێغەمبەر گومانی هەبێت ، وتمان جارێك هەوڵی خۆخستنە خوارەوەی داو جوبرەئیل هات بانگی کرد تۆ بەراستی نێردراوی خودای ، باشە دوو بارەو سێ بارەکردنەوەی یەعنی چی ؟ واتا پێگەمبەر گومانی هەبوە لەوەی رەانەکراوی لای خودایە بەبەڵگەی ئەوەی هەموو جار جوبرەئیل پێی وتوە (إنك رسول الله حقا) ! بەراستی ئەوەش لە شکۆو کەسایەتی پێغەمبەر ناوەشێتەوە ، پێغەمبەرێك کە مەلائکە دێتە لای و نیگای بۆدێنێت ، ئیتر چۆن گومانی دەبێت .
چوارەم : ماوەی بچرانی وەحی ئەوەندە زۆر نەبوە ، محمد سعید رەمەزان بوتی دەڵێت (٦) مانگ بوە ، هەندێك دەڵێن دوو ساڵ و نیو یان سێ ساڵ بوە ، بەڵام وەك (غانم قدوری) لە (محاصرات فی علوم القران – ص ٢١ – ٢٢) دەڵێت : چەند رۆژێك یان چەند هەفتەیەکی دیاری کراو بوە ، وە دەڵێت ناگونجێت بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو یان سێ ساڵ وەحی بچرابێت چونکە ئەوکات رەنگە پێغەمبەر هەر بیری نەمایە ئەوەندە ماوەکەی درێژە ، لەلایەکی ترەوە ناگونجێت بانگەوازی نهێنی کە سێ ساڵی سەرەتای پێغەمبەرێتی بوە بەبێ وەحی بوو بێت ، ئەی پێغەمبەر چۆن بانگی خەڵکی کردوە ؟ بۆچ شتێك بانگی کردوون؟
هەروەها (علی محمد صلابی) لە (السیرة النبویة – الطبعە الاولی ، دار المعرفة ، ص ٨٤) پێی وایە کە چەند رۆژێك وەحی بچراوەو لە (صفی مبار کفوری) نەقلی دەکات ، (صلابی) دەڵێت ئەو ریوایەتەی باسی هەوڵی خۆهەڵدانە خوارەوەی پێغەمبەر دەکات (مورسەلێکی زەعیفە)وە لەگەڵ عیصمەتی پێغەمبەردا یەكناگرێتەوە .
وە مامۆستا (علی باپیر)لە (پوختەی ژیاننامەی پێغەمبەری خودا –ل ١٠٠ ) دەڵێت وەحی بۆماوەی (٩ – ١٠) رۆژ بچراوە .
کەواتە بچرانی وەحی ماوەکەی ئەوەندە نەبوە هەتا پێغەمبەر بەو جۆرە نارەحەت ببێت بچێت خۆی بخاتە خوارەوە هەرچەند گریمان زۆریش بووبێت هەر شتی وا ناگونجێت ، ئیمام بوخاریش ریوایەت دەکات کە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم فەرمویەتی : (دەرۆشتم گوێم لەدەنگێك بوو سەرم بەرز کردەوە ئەو مەلائیکەیەم دی کە هات بۆلام بۆ ئەشکەوتی حیراء لە نێوان ئاسمان و زەویدا لەسەر کورسیەك دانیشتوە ، منیش زۆر رتسام و گەرامەوە بۆماڵەوە وتم دام پۆشن ئیتر سەرەتای سورەتی مودەسیرم بۆ دابەزی ، لەدوای ئەوەوە بەگەرم و گوڕ وەحیم بۆدەهات) وەك دەبینین ئەگەر پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم ئەو هەوڵی خۆکوشتنەی بدایە لەم ریوایەتەدا دەی فەرموو ئەو مەلائیکەیەم دی کە هات نەی هێشت خۆم بخەمە خوارەوە ، وە نەدەبوو ئەوەندە لێی بترسایە چونکە بەپێی ئەو ریوایەتە چەندین جار خۆی پیشانی پێغەمبەر داوەو بانگی کردوە ئەی محمد تۆ نێردراوی خودای بەحەق .
پپنجەم : ئەوانەی پاساوی ئەو ریوایەتە بەوەدەدەنەوە کە پێغەمبەر زۆر خەمی پەیامەکەی بوەو خەمی بوە بۆچی وەحی بۆنایەت بۆیە ویستویەتی خۆی بخاتە خوار ، دەڵێین : کەسێك خەمی شتێکی بێت ناچێت خۆی بکوژێت بەڵکو چاوەرێی دەکات هەتا بدەستی دەهێنێت ئەمە بۆ کەسی ئاسایی چ جا بۆ پێغەمبەری خاتەم کە بەدڵنیایەوە زۆر خەمی وەحیەکەی بوە ئەوەتا کاتێك ئایەتێکی بۆ هاتبێت زمانی بەخێرایی جوڵاندوە تالەبەری بکات ئیتر چۆن دەچێت خۆی ئینتیحار بکات ، بەڵکو راست ئەوەیە بڵێین کە سەروەرمان زۆر نارەحەت بوە بە بچرانی وەحی بەڵام ئارامی گرتوە هەتا خودا وەحی بۆناردۆتەوە هەر ئەوەش بەڵگەو دەلیل دەی سەلمێنن .
شەشەم : پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خۆی فەرمویەتی ناخۆشترین رۆژ لە رۆژی ئوحودیش ناخۆشتر بۆی ئەو ساتە بوە کەلە طائیف دەریان کردوەو (عبد یا لیل) بەدرۆی خستۆتەوەودەریان کردوە .
حەوتەم : کاتێك هەندێك لە هاوەڵان هاتون بۆلای پێغەمبەر وتویانە کەی سەرکەوتنی خودا دێت بۆمان ، فەرمویەتی لەگەلانی پێش ئێوە هی واهەبوە بە مشار کراوە بەدو کەرتەوەو ئاواو ئاوایان لێکراوە بەڵام کەسیان وازیان لە ئاینەکەیان نەهێناوە ، باشە کەسێك ئاوا بەشوێن کەوتوەکانی بڵێت ئاوا هانیان بدات لەسەر ئارامگرتن و خۆراگریی ئیتر چۆن خۆی ئارام ناگرێت و دەچێت خۆی بکوژێت ؟!
هەشتەم : خۆ کوشتن یەکێکە لە گوناهە هەرە گەورەکان خودای پەروەردگار دەفەرمێت: (لاتقتلوا أنفسکم إن الله کان بکم رحیما) خوتان مەکوژن بەراستی خودا بەسۆزە بەرامبەرتان ، هەدێك لە توێژەرەوانی قورئان فەرمویانە مەبەست لەخۆتان مەکوژن کوشتنی بەرامبەرە واتە هەندێکتان هەندێکی ترتان مەکوژن ، بەڵام بەروونی واتای ئەوەی تیایە کە مەبەست لە خۆتان مەکوژن خۆکوشتنیش دەگرێتەوە ، وەك (ملا محمود گەڵاڵەیی) لە (تەفسیری ڕەوان ، چاپی یەکەم ، بەرگی ٣، جزئی ٥، ل ١٩ بەدواوە) قسەی لەسەر کردوە کە هەردوو کیان دەگرێتەوە ، هەروەها (عبدالرحمن بن ناصر السعدی) لە (تیسیر الکریم الرحمن فی تفسیر کلام المنان ، مجلد ١، ص ١٧١) دەڵێت (أی : لایقتل بعضکم بعضا ، ولا یقتل الانسان نفسه) واتە : هەندێکتان هەندێکی ترتان مەکوژن ، وە خۆشتان بەدەستی خۆتان مەکوژن .
هەروەها (محمد علی طه الدرة) لە (تفسیر القران الکریم واعرابه وبیانه ،مجلد ٢، ص ٤٣٢) هەمان بۆچونی هەیەو چەند فەرمودەشی لەسەر هێناوە ، وە شێخ (احمد مصطفی المراغی) لە (تفسیر المراغی ، مجلد ٢، ص ١٣٧) دەڵێت : درووست نیە مرۆڤ خۆی بکوژێت هەتا لە ئازارو خەمێکی دونیا رزگاری ببێت هەرچەند زۆریش لەسەری سەخت بێت ، دەبێت ئارامبگرێت و ئومێدی بەرەحمی خودا هەبێت .
هەر لەو بارەیەوە چەندین فەرمودەمان هەیە ، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرمێت (هەرکەس بەشتێك خۆی بکوژێت لە دۆزەخدا بەوە سزادەدرێتەوە) ، هەروەها لەفەرمودەیەکی تردا دەفەرمێت (هەرکەس خۆی لە چیاوە بخاتە خوار ، یان بە شتێکی تیژ خۆی بکوژێت یان خۆی زەهر خوارد بکات ئەوا لەدۆزەخدا بەو شێوەیەی خۆی کوشتوە بەردەوام سزا دەدرێت).
لەفەرمودەیەکدا کە هەردوو ئیمام(بوخاری و مسلم) گێراویانەتەوە پێغەمبەر دەفرەمێت (من تردی من جبل ، فقتل نفسه فهو فی نار جهنم خالدا مخلدا فیها أبدا ....) ئەم بەشەی فەرمودەکە زۆر گرنگە دەفەرمێت هەر کەس لەسەر چیایەکەوە خۆی بخاتە خوار بۆ هەمیشە و هەتاهەتایە لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە ، جا باشە لە فەرمودەکەی تردا کەلەسەرەتاوە هێنامان دەڵێت : (پێغەمبەر چوەتە سەر شاخێك هەتا خۆی بخاتە خوار) تەماشا ئەو هەرەشە زۆر توندە کەلەکەسێك کراوە خۆی بکوژێت ، کەجۆرێکیان باسکراوە خۆ فرێدانە خوارەوەیە ، باشە چۆن پێغەمبەر خۆی ویستویەتی ئەو کارەبکات و بەو شێوە توندەش هەڕەشە لە بکەرەکانی دەکات ؟
هەروەها لەئاینی ئێمەدا ئاوات خواستن بەردنیش دروست نیە چ جای ئەوەی مرۆڤ خۆی بکوژێت ، ئەویش کێ ؟ پێغەمبەری خاتەم (صلی الله علیه وسلم).
نۆهەم : چەندین جاری تر وەحی دواکەوتوەو سەروەرمان هەڵوێستی وای نەبوە ، بۆنمونە لەهاتنی سورەتی کەهفدا وەحی دواکەوت نزیکەی (١٨) رۆژ کە موشریك و دڵنەخۆشەکان چەندین تانەو توانجیان لە پێغەمبەر دەدا بەڵام ئارامی گرت چونکە دەی زانی بێ حیکمەت نیە چونکە وەحی لەلایەن خودای داناو زاناوە دەنێرێت کە خۆی باش دەزانێت کەی گونجاوە بۆ ناردنی وەحی بۆ پێغەمبەری خاتەم .
هەروەها خودا لەسەر روو وەرگێران لە (عبدالله ابن مکتوم) عیتابی لە پێغەمبەر گرت ، باشە چۆن لەسەر ئەو هەوڵە عیتابی لێنەدەگرت لەکاتێکدا ئەگەر ئەو ریوایەتە راست بێت چەندین جار خودا پێگەمبەری ئاگادار کردۆتەوە کەتۆ پێغەمبەری و رەوانەکراوی لەڕێگەی جوبرەئیلەوە بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هەر دەچێت بۆئەوەی خۆی بخاتە خوار هەرکات دابرانی وەحی بیخایاندایە !.
ربنا لاتذغ قلوبنا بعد إذ هدیتنا وهب لنا من لدنك رحمة إنك أنت الوهاب