دوو مانگی دیکە دروستکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی هەڵەبجە تەواو دەبن
03/01/2016 نوسەر: bzavpress

دوو مانگی دیکە دروستکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی هەڵەبجە تەواو دەبن


ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجە سەرقاڵی تەواوکردنی چەند رێکارێکی یاساییە بۆ دروستکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لەپارێزگاکە، پارێزگاری ھەڵەبجەش رایدەگەیەنێت: لەدوو مانگی داھاتوودا کارەکان تەواو دەبن و ژمارەیەک لەتابلۆکانیش دەخەینە مەزادەوە، دەشڵێت: نرخی تابلۆی ژمارە (١)ی ھەڵەبجە گەیشتۆتە یەک ملیۆن دۆلار.

عەبدوڵڵا محەمەد پارێزگاری ھەڵەبجە، بەبزاڤ پرێسی ڕاگەیاند:" لەھەوڵی ئەوەداین لەماوەی دوو مانگی داھاتوودا، تابلۆی ئۆتۆمبێل لەپارێزگای ھەڵەبجە دروستبکرێت".

وتیشی: "ھیچ کێشەیەک لەدروستکردنی تابلۆکەدا نییە و ھەروەک پارێزگاکانی دیکەی ھەرێم دەبێت و لەنووسینەکەیدا ھیچ جیاوازییەکی نابێت، چونکە ئەگەر گۆڕانکاری لەتابلۆی ئۆتۆمبێلدا بکرێت، دەبێت سەرتاسەری بێت و ھەموو ھەرێم بگرێتەوە".

سەبارەت بەفرۆشتی ژمارەیەک لەتابلۆکانیش، عەبدوڵڵا نەورۆڵی وتی: "لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس قسەمان کردووە، بۆئەوەی ژمارەیەک لەتابلۆکان بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت و ببێتە داھاتێک بۆ ھەڵەبجە و ڕاستەوخۆ بۆ ئیدارەی پارێزگاکە خەرج بکرێت، نەک بچێتەوە وەزارەتی دارایی".

وتیشی: "بەنیازین تا کۆتایی چوار ژماریی واتە لەژمارە (١ بۆ ٩٩٩٩) بخەینە مەزادەوە".

لەبارەی داھاتەکەیەوە، پارێزگاری ھەڵەبجە رایگەیاند: نازانرێت داھاتی ئەو تابلۆیانە چەند دەبێت، بەڵام لەئێستادا نرخی تابلۆی ژمارە (١)ی ھەڵەبجە گەیشتۆتە یەک ملیۆن دۆلار".

وتیشی: "وەبەرھێنێک ١٠ ملیۆن دۆلاری داوە بە (١٠٠) ژمارەی سەرەتای تابلۆی ئۆتۆمبێل لەھەڵەبجە، بەڵام رەتمانکردۆتەوەو بەنیازین ھەر کەسێک یەک یان دوو تابلۆی پێبفرۆشین".