یەکگرتوو دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کارەبایی ڕاگەیاند
03/01/2016 نوسەر: bzavpress

یەکگرتوو دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کارەبایی ڕاگەیاند


یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ڕایگەیاند "بڕیارماندا وەزارەتی کارەبا ڕادەستی حکومەتی هەرێم بکەینەوە".

محەمەد ئەحمەد یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، ئەمڕۆ ٣ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر ڕایگەیاند "وەک یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنین وەزارەتی کارەبا ڕادەستی حکومەتی هەرێم دەکەینەوە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی وەزارەتەکە ڕادەست بکەینەوە".

یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ڕاشیگەیاند "ئەو هەنگاوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕاکردن نییە لە بەرپرسیاریەتی، بەڵکو بەهۆی ئەوەوەیە کە ناتوانرێت چاکسازی لە وەزارەتەکەدا ئەنجام بدرێت و کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتیان دابین بکرێت".

هاوکات سەڵاحەدین بابەکر وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆنفڕانسە ڕۆژنامەنووسییەدا ڕایگەیاند "دوای گەڕانەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستلەکارکێشانەوە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەم و وەزارەتەکە ڕادەستی حکومەتی هەرێم دەکەمەوە".

سەڵاحەدین بابەکر وتیشی، وەزارەتی کارەبا بەهۆی دابین نەکردنی بودجە و سووتەمەنی پێویستەوە ناتوانێت کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتیان دابینبکات و بەرنامە چاکسازییەکەشی لە وەزارەتەکەدا بەهۆی قەیرانی دارایی و سووتەمەنییەوە جێبەجێ نەکراوە.

لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، چەند پۆستێکی باڵای حکومەتی وەرگرت کە بریتین لە وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

پرۆفایلی وەزیری کارەبا

وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم ناوی تەواوی (سەڵاحەدین بابەکر محەمەد سلێمان پشدەری)یە و لە ٢٨ تەمووزی ساڵی ١٩٦٥ لە قەڵادزێ لەدایکبووە.

سەڵاحەدین بابەکر لە ساڵى ٢٠١دا بڕوانامەی دکتۆرای لە (پیشەسازیی ئەندازیاری)دا بەدەستهێناوە. جگە لە زمانی دایک زمانەکانی (عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی) دەزانێت.

لە ناو حزبەکەشیدا چەند پۆستێکی جیاوازی وەرگرتووە و لە ئێستاشدا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەیە.

ژ.ک