وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك كاردانەوەیەك بۆ لێدوانەكانی پارێزگاری سلێمانی بڕیارێك دەدات، كە چیتر نەوتی سپی ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی ناكات.
ئەمڕۆ د. ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە خۆشبەختانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی قۆرخكاری سوتەمەنیمان نەهێشت و وتی :"ئەوەی غەدر لە سلێمانی دەكات، هێشتا لە دایك نەبووە، بەڵام ئێمە هەست دەكەین حكومەت لە بەدەمەوەچوونی داواكاری پارێزگاكان سستە".
ڕێكەوت زەكی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی د.ئاسۆ فەرەیدون پارێزگای سلێمانی بۆ داواكاری ڕاگەیاندنی لامەركەزی ئیداریی و دارایی و دابەشكردنی بەرمیلی دووەمی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا، بەداخەوە كەسێك بەناوی ئەحمەد موفتی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان؛ هەستاوە بە ئاگاداركردنەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتیەكانی سلێمانی و پێی وتوون، كە چیتر نەوتی سپی ڕەوانەی سلێمانی ناكەن.
وتیشی: "ئەمە كاردانەوەیەكە لەبەرامبەر ئەوەی، كە لە سلێمانی بەرمیلی دووەمی نەوتی سپی لەناوچە شاخاوییەكان دەست بەدابەشكردنی كراوە و لەناو شارەكانیش دەست بەدابەشكردنی دەكرێت، بەڵام لە هەولێر و دهۆك هێشتا بەرمیلی یەكەم دابەش دەكرێت".
جەختیشی كردەوە، كە دابەشكردنی بەرمیلی دووەمی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا ئەنجامی سەردانەكەی پارێزگاری سلێمانیە بۆ شاری بەغدا.
ڕێكەوت زەكی ڕاشیگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشیتەكان لەو رێگەیەوە دەیەوێت تەگەرە دروستبكات لەبەردەم دابەشكردنی بەرمیلی دووەمی نەوت بەسەر ماڵاندا لە پارێزگای سلێمانی، تا سلێمانیش هاوشێوەی هەولێر و دهۆك بەرمیلێك نەوت بەسەر ماڵاندا دابەشبكرێت.
ژ.ک