مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبووه و هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو چەند پرسێكی گرنگ وهەستیار كرد.
مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردۆتەوە و تیداهاتووه، بەداخەوە لایەنە سیاسییەكان سیاسەتی پەنجە شكاندنی یەكتریان هەڵبژارد لەجیاتی سازان و لێك گەیشتن، ئەگەرچی هۆشیداریماندا كە ئەو سیاسەتە دەرەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوەو دەزگا نشتیمانییەكان پەك دەخات و دەیخاتە بەرهەڕەشەی جددیەوە هەرواش دەرچوو.
ئهمهش دهقی راگهیهندراوهكهیه:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستا ئەمڕۆ (3/6/2016) كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا لەسەر تەواوی وێستگەكانی ساڵی رابردوو (2015) وەستاو هەڵسەنگاندنی بۆگرنگترین ڕووداوو پێشهاتەكانی ساڵی ڕابردوو كرد لەسەر هەندێك برگەی گرنگ هەڵوێستەی كرد.
مەكتەبی سیاسی تیشكی خستە سەر هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەموو ئەو لێكەوتانەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئێمە لەیەكگرتوو هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە بووە كەپرسە دەستوورییەكان دەبێ بەدەستوور چارەسەری هەمیشەیی بكرێت، بەڵام بەداخەوە لایەنە سیاسییەكان نەیانتوانی ئەو فرسەتە مێژووییە بەرهەم بهێنن و ئەم هەرێمە بكەن بەخاوەنی دەستورێك، بەڵام كە دەستوورەكە نەكرا، یەكگرتوو خەمی چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی بەزەرورەتی پابەندبوون بەسازانی نشتیمانییەوە بەستەوە بۆیە لەهەردوو ڕەهەندی یاسایی و سیاسی هەنگاوی پێویستی ئەنجامدا.
بەڵام بەداخەوە لەوەشدا لایەنە سیاسییەكان سیاسەتی پەنجە شكاندنی یەكتریان هەڵبژارد لەجیاتی سازان و لێك گەیشتن، ئەگەرچی هۆشیداریماندا كە ئەو سیاسەتە دەرەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوەو دەزگا نشتیمانییەكان پەك دەخات و دەیخاتە بەرهەڕەشەی جددیەوە هەرواش دەرچوو.!
هەروەك كاریگەرییە خراپەكانی شەڕی تیرۆرو فشاری ئابووری حكومەتی فیدرال و دابەزینی نرخی نەوت كە تاكە سەرچاوەی داهاتی ئەم هەرێمەیە، كاریگەری نەرێنی زۆری لەكۆی باری بژێوی كۆمەڵگەكەمان بەجێهێشت و فشارێكی گەورەی لەسەر گوزەرانی هاوڵاتیان بەجێهێشتووە.
لەم بوارەشدا یەكگرتوو وادەبینێ ئەبێ هەموو لایەنە سیاسییەكان بەگیانی بەرپرسیاریەتیەوە بڕواننە گرفتەكان و یەكریزی و یەكخستنی هەڵوێستە نشتیمانییەكان دەتوانێ سەركەوتوومان بكات بەسەر تیرۆرو گرفتە ئابورییەكاندا، هەروەك نزیك بوونەوەی ئاگری شەرێكی جیهانی بۆ ناوچەكەمان كە یەكێكی ترە لەدەرهاویشتە خراپەكانی تیرۆرو شەڕی تیرۆرستان، ئەم ڕەوشەی ئێستا لە ناوچەكەدا هاتۆتە ئاراوە, چەندە هەڕەشەی جدین لەكۆی پرۆسە سیاسی و دەستكەوتە نشتیمانی و نەتەوەییەكانمان ئەگەر بەووریاییەوە مامەڵە نەكەین، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەگەر بتوانین بەسەر ناكۆكیە ناوخۆییەكانماندا زاڵ بین، ئەوە فرسەتی زۆر لەبار لەئارادایە كە هەرێمەكەمان و نەتەوەكەمان بەخەونە مێژووییەكانی شاد بكات و برەو بەدەستكەوتەكانی بدات.
مەكتەبی سیاسی لەم سەرەتای ساڵی نوێیەوە داوا دەكات لایەنەكان بەگیانی لێبوردەیی و لەخۆبوردەییەوە مامەڵە بكەن و مەكتەبی سیاسی بە ئیجابیەوە سەیری ئەو پەیامەی بەرێز كاك (مەسعود بارزانی) دەكەن و دەكرێت دەستپێكی گەڕانەوە بێت بۆسەر مێزی گفتوگۆو , بەگیانی پێكەوەبوونەوە، پێكەوە چارەسەری گرفتە سیاسی و یاساییەكانمان بكەین وبەیەك ڕیزی یەك گوتاری مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆرانكارییانە بكەین تا لەبەرژەوەندی باڵای هەرێمەكەمان ئاڕاستەیان بكەین بەتایبەتی ئەو پشتیوانیە نێودەوڵەتی و ناوچەییەی كە بۆ هەرێمەكەمان دروست بووە لەشەڕی دژی تیرۆردا دەتوانین بەئیجابیانە بەرهەمیان بهێنین.
مەكتەبی سیاسی بەرێزو شكۆوە دەڕوانێتە گیانی قوربانیدان و فیداكاریانەی پێشمەرگە پاڵەوانەكانمان و بە پێویستی دەزانین حكومەت و لایەنەسیاسیەكان وهاوڵاتیان هەموومان ئەم گیانی خەباتكارانەی رۆلە پێشمەرگەكانمان بەرزبنرخێنین و لە خەمی باشكردنی گوزەرانیاندا بین.
مەكتەبی سیاسی لە سۆنگەی ستراتجیەتی(بەدەوڵەت بوون) كە پەسەندكراوی كۆنگرەی شەشەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە پشتگیری لە ریفراندۆم و هەر هەنگاوو سیاسەتێكی بەرەو دەوڵەتبوونی كوردستان دەكات و جەختی لەسەر یەكریزی و یەكدەنگی نێوان لایەنە سیاسیەكان دەكاتەوە.
هەروەك قوربانی شەهیدە قارەمانەكانمان لەسەنگەری بەرگریكردن و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بەرزو باڵا دەگرین، كەسو كاری سەربەرزیان خاوەنی شەرەفێكی گەورەن لەدڵی هەموو هاوڵاتیاندا پێویستە حكومەت خەمی ئەو خێزانانە لەرێزبەندی پێشەوەی گرنگی پێدانەكانیدا دابنێ و نزای بەردەواممان بۆ زوو چاك بوونی بریندارەكان و خەمی شیفاو چارەسەركردنیان ببێ بەخەمی هەموان.
لەبڕگەیەكی تردا مەكتەبی سیاسی لەبەردەم رۆڵی ئیجابیانەی پەرلەمانتارو وەزیرو پلە تایبەت و پۆستە حكومیەكانی یەكگرتوودا وەستاو دڵخۆش بوون لەسەر ئەوەی بەردەوام ئەندامانی یەكگرتوو لەهەر پۆست و پلەیەكدا بووبن، نموونەی جددیەت و خەمخۆری و دەست پاكی و لێوەشاوەیی بوون بۆ خزمەت بەگەل و ووڵاتیان.
مەكتەبی سیاسی بریایدا بەرادەستكردنەوەی وەزارەتی كارەباو سوپاسی وەزیری كارەبا بەرێز (د. سەڵاحەددین) ی كرد بۆ هەوڵەكانی، هەرچەندە بارودۆخی سیاسی و دارایی هەرێم رێگر بوون لەسەرخستنی پلانەكانیدا، بۆیە هاودەنگ لەگەڵ جەماوەری كوردستاندا بریاری وازهێنانی لە پۆستەكەیدا.
هەروەها لەبرگەیەكی تردا مەكتەبی سیاسی ستراتیژی كاری هاوبەشی نێوان كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوو كە لە لیستی خزمەتدا خۆی نمایش دەكات جەختی لەسەر كردەوە لەپاراستن و گەشەپێدانی زیاتری كاری پێكەوەیی و هاوبەشی نێوان لایەنە ئیسلامییەكان و باقی لایەنە نشتیمانییەكانی تر لەپێناو تێكۆشان بۆ گەیشتن بەژیانێكی خۆش گوزەرانی و دەستەبەركردنی دادپەروەری و قوڵكردنەوەی گیانی یەكتر قبوڵكردن و سەروەری یاساو ژیانی دەستووری و حكومەت و موئەسەسات و پاراستنی مافەكانی هاوڵاتیان و دەستەبەركردنی ئازادییەكان.
لەكۆتاییدا مەكتەبی سیاسی ماندووبون و شەونخوونی تەواوی ئەندامان و دۆستانی یەكگرتوو لەخزمەت ئاین و گەل و نشتیمانەكەیان بەرز دەنرخێنێت و داواكارە باشترین خزمەت پێشكەش بكەن.
ساڵی نوێ لەهەموو لایەك پیرۆزبێ ...
پێكەوە بەرەو سەركەوتنی گەورە لەدنیاو قیامەت
مەكتەبی سیاسی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
3-1-2016
ژ.ک