د. عەلی قەرەداغی نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی‌ جیهان ده‌كات
09/01/2016 نوسەر: bzavpress

د. عەلی قەرەداغی نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی‌ جیهان ده‌كات


 د. عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌مارۆدانی‌ شاری (مەزایا)ی كە 40000 كەس تیایدا دەژی كه‌تا ئێستاش نیشاندانی ئەم وێنە لاواز و نەخۆش و پەككەوتوانە نەبوەتە هۆی بەهاناوە چوون و جوڵاندنی  ویژدانی مرۆڤایەتی و هیچ سۆزیكیان ناجوڵێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەكانیش جوڵەیان تێدا نیەو لەئاست ئەم كارەساتە مرۆییە ناهەموارەدا هەڵوێستێكیان نەنواند، كە لە گەورەیی ئەم كارەساتە له‌ئاستی‌ خەڵكی‌ مەدەنیەكەیدا بگەنجێت.

ده‌قی‌ نامه‌كه‌ی‌ ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان:

یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ئەوپەڕی رێز و حورمەتی هەیە بۆتان، هیوادارین لەوپەڕی چاكی و باشی و بەرەوپێشچووندابن، دڵنیام ئێوە ئاگادارن لەوەی كە شاری (مەزایا)ی سوریا روودەدات كە 40000 كەس تیایدا دەژی، كە زۆربەیان خەڵكی مەدەنین، ئەم شارە لەلایەن میلیشیاكانی حزب الله ی لوبنان و رژێمی سوریاوە گەمارۆدراوە ،كە زۆربەیان ئەو ئاوارانەن كە لە شارەكانی ترەوە هاتوون، دوایەمین هاوكاری مرۆیی كە پێیان گەیشتووە لە رێگەی خاچی سووی نێودەوڵەتیەوەو كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان پێش دوو مانگ بووە، ئەویش بە وەرگرتنی سەبەتەیەك لە مەوادی خۆراكی بۆ هەر خێزانێك.

 ئێستا بەهۆی خراپ بوونی باری گوزەرانەوەو بەهۆی ئەو گەمارۆ توندەی كە لەسەریانە، ناچاربوون دەست بدەنە خواردنی گەڵای دارو گۆشتی سەگ و پشیلە، ئێمە رۆژانە لە رێگەی وێنەكانی فەیسبووكەوە ئەو كارەساتە نامرۆییە دەبینین كە بەسەر دانیشتوانی ئەم شارەدا هاتووە، دەبینین چۆن برسێتی كاری لێ‌ كردوون و جەستەی گەورە و منداڵا و پیرو ژن و هەموویانی لاواز و نەخۆش كردووە، شارەكانی تریش كە ئێستا لەژێر گەمارۆدان چاوەڕوانی هەمان چارەنووس دەكەن، بەتایبەتیش لەم زستانە سارد و سڕەدا، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستاش نیشاندانی ئەم وێنە لاواز و نەخۆش و پەككەوتوانە نەبوەتە هۆی بەهاناوە چوون و جوڵاندنی  ویژدانی مرۆڤایەتی و هیچ سۆزیكیان ناجوڵێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەكانیش جوڵەیان تێدا نیەو لەئاست ئەم كارەساتە مرۆییە ناهەموارەدا هەڵوێستێكیان نەنواند، كە لەگەڵا گەورەیی ئەم كارەساتە و خەڵكە مەدەنیەكەیدا بگەنجێت.

ئەی شا و سەرۆك و خاوەن دەسەڵاتەكان، ئەی ئەوانەی خاوەنی ویژدانی مرۆڤایەتین:

براو خوشكە مسوڵمانەكانتان لە ئاین، لە مرۆڤایەتی رۆژانە هەزاران كەسیان لێ‌ دەمرێت بەهۆی برسێتی و سەرما و باران و بەفر و ئەو گەمارۆیەی كە خراوەتە سەریان.

 ئەم كارە نامرۆییانە مۆری خەجاڵەتیە بەناوچاوی هەموو ئەوانەی كە هۆكارن لە دروستكردنیدا، لەهەمان كاتیشدا ئێمەش هەموومان بەرپرسیارین چونكە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: “ئەگەر خەڵكی هەر گەڕەكێك رۆژ بكەنەوەو برسیەكیان تێدا بێت، ئەوا خەڵكی ئەو گەڕەكە لە ئەستۆی خواو پێغەمبەرەكەیدا نەماون” لەبەرئەوە بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە سەر شانی خاوەن دەسەڵاتەكان كە هەوڵی رزگاركردنیان بدەن، لەسەر دەوڵەمەند و بازرگان و خاوەن سامانەكان كە هاوكاریان بكەن، لەسەر نووسەر و خاوەن قەڵەمەكان كە پشتیوانیان لێ‌ بكەن، خوای گەورە لێمان دەپرسێتەوەو مێژووش لێمان خۆش نابێت.

یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان داوا لە هەموو لایەك دەكات كە بە پەلە بەرەو ئەم كارەساتە هەنگاو هەڵبگرن و چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە، هەتا ئەم گەمارۆیە بشكێنن و خۆراك و دەرمان و پێداویستی یە سەرەتاییەكان  بگەیەننە ئەم شارە، چونكە ئەوەی لەوێدا روودەدات تاوانێكی گەورەیە بەناوچاوی هەموو مرۆڤایەتیەوە، هیواشمان وایە كە ئێوە بەرۆڵی خۆتان هەڵبستن و پشتیوانی لێقەوماوو ستەملێكراوو چەوساوەكان بكەن.

                                                                                    د. عەلی قەرەداغی
                                                                ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان