دیمەنی چەند مەودایەكی تەمەنی پیاوێكی پۆڵا لەعیبادەت و خەبات و بانگەواز
31/08/2013 نوسەر: bzavpress

دیمەنی چەند مەودایەكی تەمەنی پیاوێكی پۆڵا لەعیبادەت و خەبات و بانگەواز



كۆچی زانای پایەبەرز, موفەسیرو موجاهیدی قورئان، جەنابی (مامۆستا مەلا عوسمان), دەمانگیڕیتەوە بۆمیژوویەكی دورو دریژی تەمەنی پیاوێك كەلەسایەی قورئان و سونەتدا گەورەبو, ئەوكەسێتیە بەرزو سەنگینەی پێشەوای ڕابونی ئیسلامی، یەكەمین بیرمەندی فیكری ئیخوانی و دواتر هەڵگیرسێنەری ژیلەمۆی كاروانی جیهادو خواپەرستی بوو, لێرەدا نامەوێ‌ باسی ژیاننامەو ساڵی لەدایك بوون ودەربەدەری و ڕاگواستن و زیندان و هیجرەت و هەندێ‌ مەودای دیكەی تەمەنی، كەپڕە لەهەورازو نشێو بۆ ئێوەبكەم, بەڵكو سەرە قەڵەمێك لەهزری خۆم, یان چەندبیرەوەری وحەقیقەتێك كەتائیستا بڵاوم نەكردونەتەوە ئاماژەیان پێبدەم, ئەویش ئەوەیە لەپاڵ ئەو هەموو هەوڵ و ڕەنجەی كەلەسەرەتای لاوی و لەناوحوجرە پڕلەنوورو مزگەوتە ڕۆشنەكاندا بەخەرجیدا بۆپیشاندانی جەوهەری دین و ناساندنی بەكۆمەلگا, پاش پێكهێنانی ئەوئەركە گەورەو گرنگەو پۆلێنكردنی هەمووجەمسەرەكان پێكەوە جموجوڵی دەنگی تەنزیمی چوەقۆناغی دەعوەو بانگەوازەوە, لەهەڵەبجە بروسكەی جوڵانەوەیەكی ئیسلامی و ڕۆشنبیری لەسێبەری عابا بەهەیبەتەكەی مامۆستا مەلاعوسمان سەری هەڵدا.

 ئەم هەوڵەی مامۆستا بەوەوە نەوەستا، بەڵكو تەشەنەی كردوو گەنجانی ئەوسەردەمە لەدەوری ڕوناكی و بانگەوازی پڕ لەحیكمەت و هیدایەتی كۆبوونەوە, ئیدی بەردەوام كۆڕو ئەڵقەی زیكر ئەبەستن و باس لەوەدەكەن چۆن ڕێگا چارەیەك بدۆزنەوە كە خەباتی بۆ بكەن دژی زوڵًم و زۆری بەعس، وەك عیبادەتێكیش سوننەتی پێغەمبەری پێشەوا زیندووبكەنەوە و ئەمرەكانی پەروەردگار جێبەجێ بكەن، لەوێوە بیری ئەم كۆبونەوە ئیسلامییە جیهادییە پەرەی سەند و رۆژ بە رۆژ لە شارەكانی دیكەی كوردستانەوە پەیوەندیان بەم جەمعەوە ئەكرد، كە مامۆستا مەلا عوسمان لێرەوە پاك و سەر ڕاست بوو تیایدا، مامۆستا مەلا عوسمان لێرەوە دەستی پێكرد، واتە لە چەكەرە كردنی لاوێتی خۆیدا خەریكی بوژاندنەوەی كاری ئیسلامیی بووە، نەك هاتبێتە سەر سفرەی حازری، وەكوو هەندێك مشەخۆر كە لەو ساتانەی مامۆستا لەباخچە پڕ لەگوڵزارەكەی قورئان خەریكی گوڵبژێری ئایەتەكانی قورئان بوو.

 مشەخۆرەكانی شوێنكەوتەی غەریزەی بەسەركردە بوون و ئەمارەت و پارەوپول خەریكی سیخوڕیكردن بوون، وەبۆ گەیشتنیان بەمرادە گڵاوەكانیان دەستیان لەگەڵ گەورەترین دوژمن كە رژێمی بەعس بوو تێكەڵ كردبوو، هەر لە سەردەمی شەڕی كۆڵان بەكۆڵانی شیوعییەكان كە مامۆستا مەلا عوسمان هاوڕێ لەگەڵ مامۆستا مەلا صاڵحی گەورەو هەندێ مێزەر پاكی دیكە بە كۆڵانەكانی هەڵەبجەدا ئەگەڕێنەوە، بەڵام شیوعیەكان دەیاندەنە بەر توێكڵە شووتی و ئیدی لە جێگایەكی ترەوە دەڕۆنەوە لەوێدا مامۆستا مەلا عوسمان دەفەرموێت" ئەمە رێگای پێغەمبەرانە سەلامی خوایان لێبێت، هیچ نەنگیەك نییە ئێمە بەو رێگەیەدا دەڕۆین كە ئەوان لەسەری رۆیشتوون"، ئەم قۆناغە هەستیاررانەی هەموو بڕی تا پشتی نەچەماوەی جیهادی لە رێگەی هیجرەتا هەڵبڕی و سەید ئاسا گوێی بە تاَلی و سەختی و دژوارییەكانی ئەم بانگەوازە نەدا و بەردەوام بوو، تا ئەو كاتەی گەیشتە لوتكە، بەڵام دەبینین زۆرێك لەوانەی لە خزمەتیدابوون ساردبوونەوەو كەڕولاڵ بوون لە ئاست ئەو هەموو زوڵمەی كە لەگەڵیان دەكرا، لەكاتێكدا دەگیران و دەربەدەر دەكران، ئا لەو كاتەدا دەنگی چەخماخەی پیری موجاهیدان پەردەی بێدەنگی دادڕی و دڵەكانی كرد بە بێشكەی ئارامی و خرۆشان و ووتە بەناوبانگەكەی ئاشكرا كرد و فەرمووی" ئەگەر بە تەنهاش بم ئیعلانی ئەم جیهادە دەكەم" ئیتر ئەوانەی دۆش و دەستەوسان دامابون راچڵەكین و هەندێك هاتنە ژێر سێبەری عابا بەهەیبەتەكەی مامۆستا مەلا عوسمان و بوون بە پشكۆ بۆ لولەی تفەنگەكەی عومەر موختاری سەردەم...

ئەوە بوو لەسایەی ئەمدا، حەرەكەی ئیسلامیی هەروا بە عەزیمی مایەوەو رۆژ لەدوای رۆژ درەختە باڵابەرزەكانی دیكە چرۆیان دەكرد و لەبەر چاوی دوژمنان هێندەی دیكە بەسام دەبوون، ئیتر لەمە بەدواوە هەموو بوونە ژیلەمۆی بەرئاگردانی سەنگەر و نەسرەوتن، تاوەكو گەیشتنە لوتكە، لەو كاتانەدا هەموو ووڵاتان بزووتنەوەی ئیسلامییان دەناسی و رێزیان لێدەگرت، مام جەلال نكوڵی نەكرد و هەرزوو ووتی" بۆشاییەك لەبزاڤی رزگاری خوازی كوردیدا هەبوو ئێوە پڕتان كردەوە".

لەدوایشدا یەك لەو حەوت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەی عێراق بوون كە ئەمریكا ئیعترافی پێكردن و لەگەڵ كلنتون سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا كۆبونەوەیان كرد، بزووتنەوەی ئیسلامیی بە بوونی مامۆستا مەلا عوسمان لە تەوێڵەوە بۆ زاخۆ هەیبەتی پێشمەرگەكانی هەبوو، بەڵام زۆربەداخەوە غەدرێكی زۆر لەم پیاوە عەزیمە كراو بۆ ئەم غەدرەش هیچ پاساوێك نەبوو، كەواتە زۆر بێ بنەما و ناحەزانە بوو، تەنانەت ئەو رۆژەی كە باری كرد ماڵەكەی بە عەرەبانەو مەكینە گوازرایەوەو بۆ خۆیشی چوو بۆ هەولێر، بەداخەوە یەك كەس لە قیادە نەهاتن خواحافیزی لێبكەن، ئەگەر ئەمە نمەك بەحەرامی سەر سفرەو خوانی ئیمان نەبێت پێم وانیە هیچ ناوێكی تری هەبێت، خوا هەڵناگرێ م.جەمیل عەبدولرەحمان ئەو كات قائمقام بوو تا دەروازەی شار هات لەگەڵمان، نامەوێ لەسەر ئەم تەوەرە بدوێم، چونكە درێژە دەكێشێت و سەرجی زۆریشی لەبارەی زۆركەسەوە دەبیسترێ، بەڵام بە گشتی مامۆستا مەلاعوسمان زۆر بەهەیبەت و بەویقاربوو یانی تۆ هەستت بەخۆت نەدەكرد تاوەكو ئەچویتە خزمەتی، هەر كەسێك لە هەر ئاستێك یان هەر پلەوپایەیەكی هەبوایە بەدەستی خۆی نەبوو رێزی لێدەگرت، زۆرجار بەرپرسە زۆرباڵاكانی ئێران دەهاتنە خزمەتی لە حزوریا لەسەر ئەژنۆ دائەنیشتن، یان جارێكی دیكە لە هەولێر بوو، بەڕێز مەسعود بارزانی هات بۆ ماڵی مامۆستا مەلا عوسمان میوە لەناوەڕاستی هۆڵەكە دانرابوو بارزانی هەستا میوەی بۆ مامۆستا مەلا عوسمان دانا، كە زۆر دەگمەن ئەمە لە بارزانی دەوەشێتەوە، كە هەمومان دەزانین بارزانی بۆ سەرۆكی ئەمریكاش ئەمە ناكات، لەكاتێكدا كە وەفاتیش دەكات بۆ پێشوازی تەرمەكەی دێتە پێشوازی و بە مامۆستا مەلا عەلی رەحمەتی دەڵێت" بەڕاستی ئێستا وا دەزانم باوكی خۆمە وەفاتی كردووە".

كە ئەم هەڵوێستەی بارزانی زۆر شەریفانەیە لەچاو هەڵوێستی هەندێك لەو نمەك بەحەرامانەی لەدامێنی مامۆستادا گەورە بوون و دواتر پشتیان تێكردو ئێستاش لە خوێناوی ڕۆڵەكانی ئەو و بزافە پیرۆزەكەی، لاف و گەزافی كوردایەتی و ئیسلامەتی لێدەدەن! مامۆستا چەند كوڕێكی هەبوون لەوانە یەكێكیان كە لەهەموویان كەمتەمەنتر بوو ناوی سەعید بوو زۆری خۆش دەویست، رۆژێكیان لەسەركردایەتی ئەو كات لەسەر ئەشكەوتان یەكێك لەوبرایانەی فێرگەی سەربازی مەشقی سەربازی پێدەكردن، هەندێك ئەزیەتی سەعیدی دابوو لەكاتی مەشقەكەدا مامۆستا بانگی كردبوو ووتبووی بەو برایە تو بیخودا ئەزیەتی من بدەو ئەزیەتی ئەو مەدە! دواجار ئەو خۆشەویستەی كەوەكوو یوسف بۆ یەعقوب بوو بەنیسبەت مەمۆستا مەلاعوسمانەوە بێسەرو شوێنكراو نەبینرایەوە، ئێستا خوێنی ئەو هەمووە موجاهیدە بووە هەوێنی مەیاندنی پێگەو پلەو دەسەڵات و دەفتەرە دۆلار و ناوبانگ و ئەمیرایەتی ئەوانەی كەهیچ وەفایەكیان بۆ ئەو كەڵە پیاوە نەبوو. 
خوای پەروەردگار وەها لەم مرۆڤە قیامەتیانە ئەكات لەهەموو جێگایەك رێزیان لێبگیرێت، لە تەوازوع و عیبادەتیشدا زۆر نمونەی زیندوو هەن كە لێمان بینیوە، جارێكیان كەسایەتیەك لە دەرەوە هات بۆ خزمەتی مامۆستا مەلا عوسمان و بزووتنەوەی ئیسلامیی، لەساڵی نەوەدەكاندا بوو، ئەوكات بەڕێز كاك كامیل حاجی عەلی بەرپرسی مەكتەبی دارایی بوو، كاك جەمیل سەرسپی سكرتێری بوو، كابرا دوو دەفتەر دۆلاری وەك خێر لەگەڵ خۆی هێنابوو، ووتی بە مامۆستا مەلا عوسمان كە ئەمە دەفتەرێكیان بۆ بزووتنەوەی ئیسلامییە و ئەوی دیكەشیان بۆ جەنابتە، بەڵام مامۆستا مەلا عوسمان رازی نەبوو ووتی بەحاجی جەمیل برۆ كاك كامیل بانگ بكەن و هەردووكیان بخەنە مالیە هەرچەند زۆر هەوڵیان لەگەڵدا كە جەنابت رابەری گشتیت و پێویستتانە، بەڵام فەرمووی" ئەگەر بەبۆنەی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە نەبێت كێ دەمانناسێ" كە ئەمە شایەتیەكی مێژوییە و كەس نكوڵی لێ ناكات، چونكە دەیان نمونەی بەرجەستەكراوی لەم جۆرە لە قۆناغەكانی تەمەنی مامۆستای رەحمەتیدا دەبینرێ، پاش ئەمە و لەسەروو هەمویانەوە مامۆستا، رۆحیەتیێكی مەزن و زیندووی لەناخی خۆیدا شاردبووەوە كە لە هەندێ حاڵەتدا ئێمە هەستمان پێدەكرد.

ئەویش لەكاتی شەهید بوونی كاك زوبێری كوڕی كە من شاهیدی ئەو دیمەنی قسەكردنەی جەنابی مامۆستای ئازیزم، كاتێ لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ئیسلامیی كۆبوەوە لە وتەیەكیدا فەرمووی" من ئێستا زوبێری كوڕم كە خۆشەویستترین كوڕم بو ئەگەر شەهید نەبوایە وەڵاهی رووم نەدەهات لەگەڵ ئێوەدا دابنیشم، بەڵام سوپاسی خوا دەكەم كەخۆشەویسترین كوڕم خوای گەورە بە شەهیدی بردییەوە"، هەر لەو وتارەیدا بوو باسی شەڕەكانی بزووتنەوەو یەكێتی بۆ بنەماڵەی شەهیدان دەكرد و وتی" كاتی شەڕەكان من لە بەجێهێنانی فەریزەی حەج بووم لەمەككە خەبەریان پێدام كە بارودۆخی براكانمان لە سەنگەرەكان خراپە و ئەوان زۆریان بۆ هێناون، منیش ئەو شەوە هەتا بەیانی نەخەوتم دەستەكانم بەرز كردەوە بۆ ئاسمان و ئەو دوعایەم دەكرد، كە پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) لە بەدر بۆ سەحابەكانی ئەكرد، ئەوكاتەی كە مامۆستای ئازیز باسی دەكات ساڵی 1997 كە شەڕی (ملەی دارێ)بوو، كە بۆ بەیانیەكەی بزووتنەوە لە هەموو ئەو سنگەرانەدا سەركەوت و غیرەتی پەیدا كردەوە..

هەروەها لەپاش لابردنی لە رابەری هاتە هەولێر، من شەوانە لە خزمەتیدا بووم، شەوێكیان چەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و شورایەك هاتن بۆلای جەنابیان و شەو مانەوە، بۆ نوێژی بەیانی من لە تەنیشت یەكێك لە سەركردایەتیەكاندا نوێژم كرد، كە ئاوڕمان دایەوە پێی وتم: بەراستی ئەم نوێژەی مامۆستا رایچڵەكاندم، زۆر سەیرە لە شەو رۆژێكدا پێنج فەرز نوێژ دەكەین جگە لە شەونوێژ و سوننەتەكانی مامۆستا چەند جار سورەتی فاتحە دووبارە دەكاتەوە و دەیخوێنێ كە دەگاتە ئەخیری سورەتەكە دەست دەكات بە گریان كەئاماژەیە بۆ ئەوەی خوایە لەریزی خراپەكاراندا حەشرمان مەكە، ئەو ووتی خۆزگە مامۆستا هەندێك سیاسەتیشی هەبوایە و بۆ هەمیشە رابەر بوایە، بەڵام من زۆر خەفەتم بەو وتەیەی ئەم سەركردەیە خوارد، چونكە ئەمزانی هەموو شتێك لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا پاش تەقوای مامۆستا مەلا عوسمان سفر دەبێتەوە، پێویست ناكات باسی هیچ بكرێت مێژوو بۆ خۆی بۆی بەجێهێشتیوون، ئەمانە گوزەرێكی خێران بە هەندێك لەو دیمەنە پڕ لە شانازییانەی كە لە هەندێك وێستگەی تەمەنی ئەم مامۆستا نورانییەدا بەرجەستە  بوون، دەكرێ سەرپێیانە گوزەشتیان بەسەردا بكەین و لە هەندێك مەودای ئەودا راوەستین، رۆژێكی دیكە جەنابیان بۆ بارەگای مەڵبەندی هەوڵیری بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەڕۆیشتن، من لەناو ئۆتۆمبێلی جەنابیان بووم یەكێك لە پارێزەرەكانی ووتی ئەمەش بارەگای حزبی شیوعی هێشتا بەوشێوازە هەرماون، مامۆستا مەلا عوسمان فەرمووی" بەخوا برایان هەر هەمووی كەمتەرخەمی ئێمەیە نەمانتوانیوە وەك خۆی پەیامەكە بگەیەنین و دەعوە بكەین وە ئایینی ئیسلامییان تێبەگەیەنین كە چەند شیرینە و چەند ئارامییە بۆ مرۆڤایەتی، دڵنیابن خوای گەورە موحاسەبەمان دەكات، چونكە دینمان وەك خۆی بە ئەوان نەگەیاندووە، ئەگەرنا ئەوان ئێستا لەبەردەم ئەو بارەگایەدا رانەدەوەستان"، جگە لەمانەش مامۆستا رێزی لە هەموو كەسێك دەگرت بە مەرجێك لەبەرخوا لێی توڕە و بێزار نەبوایە، چونكە لەیەكێك لەو كەسانەی خیانەتیان بە پەیامی بزووتنەوەو بەڕێزیان كرد، توڕە ببو دوای ئەوەی كە لە صەڵاحەدین چوە دیدەنیشی مامۆستا مەلاعوسمان ئامادەی بینینی نەبوو، بەڵكوو فەرمووی وەڵاهی پێم خۆشە بمرم و ئەوكەسە دەست نەخاتەوە ناو دەستم! كەئێستا ئەكەسە لەژیاندایەو لەوانەیە پلەو پایەو ماڵی دونیاو خێزانی زۆر ئەو شتانەیان لەبیر بردبێتەوە! میهرەبانی و دڵسافی مامۆستا سەحابە ئاسا بوو، لەشەرمیشا تەبیعەت عوسمانی بوو هەروەك چۆن لە وتارەكانیدا كە دەگەیشتە باسی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەربێت)خۆی پێ نەدەگیرا و فرمێسك لەچاوەكانی دەهاتنە خوارەوە، یان لەكاتی دابەستنی نوێژەكانی ئەوكاتەی كە تەكبیری دەكرد دەستەكانی دەلەرزین و رەنگی سپی دەبوو دەگۆڕا! ..

ئەوكاتەی تازە تەفسیرەكەی بڵاوبووبوەوە دەیوت نەمردمایە تا سەحیحی بوخاریەكەشم تەواو دەكرد ئیتر قەینا، بەڵام وابزانم تەنها بەرگی یەكەمی تەواو كرد، لەگەڵ ئەمانەشدا هەمووجار دەیگوت خۆزگە بۆمبكرایە بەكۆڵ ئەم تەفسیرەم ببەخشیایەتەوە تا ئەجرەكەی زیاتر بوایە، پێموابێ ساڵی 2003 بوو رۆیشتین دیدارێكمان لەگەڵ مامۆستا كرێكار ساز كرد سەبارەت بەتەمەن وسالیادی مامۆستای ڕەحمەتی لە دیدارەكەدا ئەوەی سەرنجی راكێشام مامۆستا كرێكار ووتی" ئێمە لەو سەرەتایانەی بزووتنەوەی ئیسلامیی پێمان خۆش بوو گەنجەكانمان بێنە پێشەوە، واماندەزانی ئەگەر ئەم جیلەی سەرەوەبێنە خوارەوە ئەوا دۆخەكە بۆ جوڵانەوەی ئیسلامی باشتر دەبێ، بەڵام پێچەوانە بوو ئەوە بوو لەپاش لادانی مامۆستا مەلا عوسمانی رەحمەتی لەكۆبونەوەی شورا جاری واهەبوو دەمانچە لە یەكتر هەڵدەكێشرا چونكە ئەو ئەدەب و حورمەتەی كە لە مامۆستا مەلا عوسمان و مێزەرەكانی دیكەدا هەبوون و لەسەردەمی فەقێیەتیەوە هێنابوویان ئەگەر بۆچونێكی یپَچەوانە هەبوایە نەدەگەیشتە ئەوەی كە دەنگ لە یەكتر بەرز بكەنەوە بەڵام سەركردایەتی و شورا گەنجەكان ئەو پەروەردەیان نەبوو، كە ئەوان تیایاندا بەرجەستەبوو بوو"، بەراستی ئەمەش شاهیدێكی تر بوو كە ئێمە نەماندەزانی و لەناخی مامۆستا مێزەر بەسەرەكاندا ڕەنگی دابوەوە، خوای گەورە مامۆستا مەلا عوسمانی خۆشدەویست، بەدووری دەگرت لە هەرچشتێك كە بۆ تەقواكەی زەرەرەی ببوایە، لەپاش ئەو نسكۆیەش لەساڵی 1993 بەسەر بزووتنەوەی ئیسلامیدا هات ئەوەبوو یەكێتی غەدرێكی زۆر گەورەیان لە بزووتنەوەی ئیسلامیی و خودی مامۆستای پایەبەرز كرد، بەوەی كە خۆشەویسترین كوڕی شەهید بوولەپاشان خۆشەویسترین كچەزای كە ناوی ئەحمەد بوو وە سەعیدی كوڕی لە هەولێر بەدەستی یەكێتی سەرنوگم كران و بەئێستاشەوە سۆراغیان نییە، هەر لەو رووبەرووبوونەوانەدا مامۆستا مەغدید و مەلا شەریف و مەلا وریا و زۆرێك لە فەرماندە و پێشمەرگە شەهید بوون، لەپاش ئەمە مامۆستا مەلا عوسمانی رەحمەتی بۆ تەنها ساتێكیش مام جەلال و هیچ بەرپرسێكی یەكێتی نەدی، زۆر هەوڵ درا كە لەگەڵیان كۆ ببێتەوە دانوستان بكات، بەڵام كەسیانی نەدی بەتایبەت ئەوانەی لەئاستی باڵادا بوون، مامۆستا مەلا عوسمان زۆر رێزی لێ دەگیرا هەم لەناوەوەی كوردستان وهەم لە دەرەوەش، دەنگێكی دیاری ناوی كایە سیاسیەكان و خەباتی جیهادی بوو، هەمیشە دەعوە و بانگەوازەكەی بۆ رەزامەندی خوای پەروەردگار بوو، جارێكیان لە مەوعیزەیەكیدا دانیشتبووم ئە وو لە شیكردنەوەی ئایەتی (وأعدو لهم ماستطعتم من قوە..)وەها راڤەی دەكرد بۆ موجاهید و پێشمەرگەكانی لە یەكێك لە هێزەكان، وتی" خوای گەورە ئەمر دەكات ئەوەی لە تواناتاندا هەیە ئامادەی بكەن لە هێز ئەوەی كە پێتان دەكرێ، بەڵام نافەرموێ بۆ شەڕ كردن، دەفەرموێ دوژمنی خوا و دوژمنی خۆتانی پێ بترسێنن"، زۆر ئەمەی دووبارە دەكردەوە دیار بوو كە لەناخی مامۆستادا توندوتیژی بەروونی نەدەبینرا، میهرەبانانە راڤەی ئایەتەكانی دەستنیشان دەكرد بەشێوازێ خۆی بەدوور دەگرت لە تۆڵە سەندنەوەو هەر جۆرە توتدوتیژییەك بەپێچەوانەی ئەو گەنجانەی كە هەمیشە حەزیان بە تێكچرژان وتێكپژان هەبوو! ..

ئەو زۆرجار بۆ كوژراوەكانی یەكێتیش دەگریا و دەیگوت خوای گەورە موحاسەبەمان دەكات لەسەر ئەوەی نەمان توانیوە بانگیان بكەین بۆ بەرنامەی خوا و دینەكەیان بەتەواوەتی تێبگەیەنین، مامۆستا زۆر قیامەتی بوو، جارێكیان لەبیرمە مامۆستا كرێكار لە دەرەوەوە گەرایەوە بۆ كوردستان، ئاپۆرایەكی زۆر لە پێشمەرگە و هێزەكان لە پێشوازی دابوون، شەو پاش نوێژی عیشا هاتە خزمەت مامۆستا مەلا عوسمان و دەستی كردە ملی و تەوێڵی ماچ كرد و بەدیاری جوتێك (خوففی) بۆ مامۆستا هێنابوو، زۆرێك لە قیادە و فەرماندەكان لەو مەجلیسەدا بوون ئیدی گفتوگۆیەكی خۆش بوو، بەڵام پاشی كەمێك مامۆستا مەجلیسەكەی جێهێشت و روخسەتی لێخواستن ئیدی هەمویان زانیان مامۆستا بۆ ئەوە بەجێیان دەهێڵێ وادەی شەونوێژەكەی تێك نەچێت، مامۆستا لە گەورەییدا وەك روناكی خۆرێكی بەرز بوو، ئاسمانی هەمیشە پڕ بووە لە ئەستێرە رەونەقدارەكان، دەستەكانی هەمیشە بەدەست نوێژ تەڕ بوون، چاوی بە فرمێسك و دڵی بە نور و روناكی گەش بوو، هێندە مەزن بوو هەتا لە ژیاندا بوو، هەر لە هەوڵی یەكریزی و برایەتیدا تیدەكۆشا و شەو رۆژی ژیانی خستبووە سەر یەك، لەخزمەتی ئەم دینەدا بوو، باش لەبیرمە ئەوكاتەی كەلە رابەری لایاندا، ئەو فەرمووی من پێشمەرگەیەكی بزووتەوەی ئیسلامیم رابەر بم، یان نەبم هیچ بەلامەوە گرنگ نییە، دەچمەوە بۆ ماڵەكەی خۆم لە تەنیشت مزگەوتی شافیعیدا دەرس دەڵێمەوەو ئیمامەتی بۆموسوڵمانان دەكەم، بەڵام لەدوایدا كەبۆی دەركەوت موئامەرەی لێكراوە ئیدی زۆر دڵتەنگ بوو تەنانەت نەك نەرۆشتە ماڵەكەی خۆی لە مزگەوتی شافیعی، بەڵكو شارەكەشی جێهێڵا زۆرێكی دیكە لە زیكرەیاتی مامۆستای ئازیزم لەزەیندا هەیە، بەلام هەندێكیان كاتیان نییە ئاماژەی پێبدەم وە پێشم ناخۆشە لەم دەرفەتەدا بیانخەمەڕوو، ئەگەر تەمەن مەودا بوو لە كاتی پێویستی خۆیدا ئاماژەیان پێ دەدەین.