16/01/2016
•
نوسەر: bzavpress
•
پیری زەردەشتیەکان سکاڵای یاسایی لەدژی ڕابەری سەلەفییەکان دەکات
بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئایینى زەردەشتی، پیرى زەردەشتییەکانى کوردستانی باشوور، سکاڵاى یاسایی لە دژی د. “عەبدوللەتیف ئەحمەد”، ڕابەرى سەلەفییەکانى کوردستان تۆمار دەکات.
پیر “لوقمان”، پیرى زەردەشتییەکانى کوردستان ڕایگەیاند: "بەهۆى سووکایەتیکردن بە ئایینى زەردەشتییەوە، سکاڵاى یاسایی لە دژی مەلا “عەبدوللەتیفى سەلەفى” تۆمار دەکەن، چونکە لە بڵندگۆى مزگەوتى (بەهەشت) لە شارى سلێمانى، سووکایەتى بە ئایینى زەردەشتییەوە کردووە و دەیان بوختان و تۆمەتى ناڕەواى بۆ شوێنکەوتووانى ئایینى زەردەشتى هەڵبەستووە، وەک ئەو دەڵێت.
ئەو پیاوە ئایینییە زەردەشتییە کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگای پێ دراوە، گوتیشی: "ئێمەى زەردەشتییانی کوردستان، لەژێر سایە و سێبەری ئاڵا و حکوومەت و دەستووری کوردستاندا، مافەکانی خۆمان پیادە دەکەین، ئەم ئازادییەی لێرە هەموومان لەژێر باڵی درەختەکەیدا دەژین، بەر و ڕەنج و خوێنی خەڵکی ستەمدیدەی کوردە. بۆیە، مەرجە هەموومان پابەند بین بە هەوڵ و تێکۆشانی خەڵك و قوربانییەکانمانەوە. لێنەگەڕێین کەسانێك بە ئەنقەست لە جێگا و دامەزراوە حکوومییەکانەوە، بە تایبەتیش لە مینبەری مزگەوتەکان و پەرستگا ئایینییەکانەوە، هێرشی ناڕەوا بکەنە سەر کۆمەڵێك و بوختانیان بۆ هەڵبەستن و لەسەر ناشیرینکردنی ئەوانیتر، خۆیان هەڵبچنن و پەرە بە خۆیان بدەن”.
پیر لوقمان ئەوەشی دووپات کردەوە کە قەبوڵى ناکەن کەسێک بەهۆى بیرێکى توندڕەوییەوە، هێرش بکاتە سەر شوێنکەوتووانى ئایینى زەردەشتى و سووکایەتى بە پیرۆزیی ئەو ئایینە بکات. دووپاتیشی کردەوە: “ئێمە هەم لە وەزارەتی ئەوقاف و هەم لە دادگا، سکاڵای یاسایی لەسەر مەلا عەبدوللەتیفى سەلەفى تۆمار دەکەین و داواش لە داواکاری گشتی دەکەین، ئەم کەیسە بجووڵێنێت و بە زووترین کات، سزای ئەو کەسە بدات، چونکە لە ڕێگای ئەو وتارەوە، ئاشتیی کۆمەڵایەتیی دانیشتووانی کوردستان تێكدەچێت و ئازادی کەوتووەتە بەر مەترسی و ئەگەر پێشی پێنەگیرێت، ئەوا ڕەنگە لەوە زیاتر سنوور ببەزێندرێت”.
ژ.ک