پێشمەرگەش دەستى بە خۆپيشاندان كرد
09/02/2016 نوسەر: bzavpress

پێشمەرگەش دەستى بە خۆپيشاندان كرد


بەھۆی دواکەوتنی موچەکانیان، ژمارەیەک لەھێزەکانی لیوای دوی وەزارەتی پێشمەرگە دەستیان بەخۆپیشاندان کرد، وەزارەتی پێشمەرگە ڕونکردنەوە دەدات و دڵنیایی بەھێزەکانی دەدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بزاڤ پرێس، ژمارەیەک لەھێزەکانی فەوجی یەکی سەر بەلیوای دوی پیادە کە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیە، بەھۆی دواکەوتنی موچەکانیان لەبەردەم فەرماندەیی ھێزەکانی ٧٠ لەسەر ڕێگەی سەرەکی (تاسڵوجە ـ دوکان) خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.
لیوا قارەمان شێخ کەمال جێگری سەرۆکایەتی ئەرکان لەوەزارەتی پێشمەرگە ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند، "ھۆکاری خۆپیشان و ناڕەزاییەکانی ئەمڕۆی ئەو پێشمەرگانە پەیوەندی بەدرەنگ گەیشتنی موچەکانیانەوە ھەیە کەبڕیاربوو ئەمڕۆ پێیانبدرێت".
بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش ئاخۆ وەزارەتی پێشمەرگە چی کردوە، لیوا قارەمان ڕایگەیاند، "لەئێستادا لیژنەی دابەشکردنی موچە گەیشتونەتە لای ئەو پێشمەرگانە بۆ ئەوەی موچەکانیان پێبدرێت و خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان کۆتایی پێبێت".
لەئێستاشدا خۆپیشاندانەکە بەردەوامە ڕێگەی سەرەکی چون لەتاسڵوجەوە بۆ دوکان ئاستەنگی بۆ دروستکراوە.
ژمارەیەک لەو پێشمەرگانەشی کە بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردوە ڕایدەگەیەنن، "ھیچ بەرپرسێک تائێستا نەھاتوە بەدەم داواکاریەکانمانەوە، لەکاتێکدا دینارێک لەگیرفانماندا نەماوە". ژ.ك