مامۆستایانی ئاینی پارێزگای هەڵەبجە لەبەردەم مۆنۆمێنتی هەڵەبجە گردبونەوەیەكیان ئەنجامدا و هەڵوێستی خۆیان لەبەرامبەر سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە ڕاگەیاند.
مامۆستا تاهیر بامۆکی، یەکێک لە مامۆستایانی ئایینی لە هەڵەبجە بە بزاڤ پرێسی وت:" ئێمە وەکو زانایانی ئایینی و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکانی پارێزگای هەڵەبجە لەم قەیران و بارودۆخە ئاڵۆزەی هەرێمدا، بەهۆی ئەو بەرپرسیارییەتییەی لەسەر شانمانە گردبوونەوەیەمان بۆ پشتگیریکردن لە جەماوەری ماندوو، برسیکراو، سزادراوی کوردستان ئەنجامدا".
ئەم مامۆستا ئایینییەی هەڵەبجە لە چەند خاڵێکدا داواکارییەکانی و هەڵوێستی مامۆستایانی ئایینی هەڵەبجەی روونکردەوە و وتی :" ناکرێت ئێمەی زانایان و ئێوە لە نوێژ و جومعە و جەماعەت مانبگرین، ئەگەرنا مانمان دەگرت".
"رازینابین بە سیستەمی نوێی مووچە، ئەوەش کە ناویان ناوە پاشەکەوت، چونکە ئەگەر حکومەت بیزانیبایە پاشەکەوت بکات ئەوا حاڵمان بەو رۆژە نەدەگەیشت"، لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا مامۆستا تایەر بامۆکی هەروەها گوتی " داواکارین مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بۆ مانگەکانی 12،11،10،9 و 1 بە زووترین کات دابین بکەن و، هەموو لایەنەکان بەجدی بێنە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە بەرلەوەی لەدەستتان دەربچێت".
مامۆستایانی ئایینی هەڵەبجە داواش دەکەن کە سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی مانیان گرتووە نەهیڵن دووبەرەکی بکەوێتە نێوانیان و ئاگاداری موڵک و ماڵی هاوڵاتییان و فەرمانگەکان بن و، بیانپارێزن، هەروەها داوا دەکەن هەمووان پابەند بن بە یاساکان بەتایبەتی یاساکانی هاتووچۆ.
ئەم گردبوونەوەیەی مامۆستایانی ئایینی لە هەڵبجە لەکاتێکدایە کە: پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، پۆلیسی بەرگری شارستانی و پۆلیسی هاتوچۆ لە هەڵەبجە مانیان گرتووە و، هەموو فولکەکانیان چۆڵکردووە جگە لە فولکەی سەرەکی کە ئاسایش رێکی دەخات، هەروەها مامۆستاکانیش لە هەڵەبجە مانیان گرتووە و لەوەتەی دەستپێکردنی وەرزی دووەمی خوێندنەوە مامۆستایانی هەڵەبجە مانیان گرتووە و، تەنیا خوێندکارانی 12-ی ئامادەیی و مامۆستایانیان نەبێت کە تاوەکو ئێستا دەوام دەکەن.
ژ.ك