10/02/2016
•
نوسەر: bzavpress
•
مامۆستايانى سەيدسادق:پاشەكەوت لە تێريدا دەكرێت نەك لە برسێتيدا
مامۆستايانى قەزاى سەيدسادق داوا دەكەن:"پارە دزراوەكانى دەرەوە بگەڕێندرێنەوە هەرێم و دەشڵێن پاشەكەوت لە تێريدا دەكرێت نەك لە برسێتى و موفليسيدا".
لە بەياننامەيەكياندا كە وێنەيەكى بە دەست بزاڤ پرێس گەيشتووە، تێيدا هاتووە:"ئێمە وەك مامۆستايانى سنورى پەروەردەى سەيدسادق دەمانەوێت هەڵوێستى خۆمان بۆ شەقامى گشتى كوردستان و سەرجەم كەسو كارى قوتابيە خۆشەويستەكانمان ڕون بكەينەوە، كەهەر لە سەرەتاى دروستكردنى ئەو قەيرانە دەستكردەى كە بەناو بەرپرسەكانى كوردستان دروستيان كردووە هەڵوێستمان ڕوون و ئاشكرا بووە و ڕەتمان كردووەتەوە بەو جۆرە بڕيارە سەقەتانەيان ڕازى بين، بۆماوەيەكى زۆريش بايكۆتى دەواممان كرد و دەرگاى خوێندنمان داخست.
هەروەها هاتووە:"ئێستاش لەبرى ئەوەى بەرپرسان بەخۆياندا بچنەوە و چاوێك بە كەمدەرامەتەكانى ئەم وڵاتەدا بخشێنێتەوە دەست بۆ مووچەى مامۆستا و فەرمانبەران دەبات كە بەشى بژێوى ژيانى خۆيى و منداڵەكانى ناكات و كۆى گشتى مووچەى يەك ساڵى فەرمانبەرێك ناگاتە مەسرەفى سەفەرێكى منداڵەكانى خۆيان".
بۆيە بە پێويستى دەزانين ئەم چەند خاڵەى خوارەوە بۆ ڕاى گشتى ڕابگەيەنين:-
١-بەهەموو شێوەيەك بەناو (سيستەمى نوێى مووچە) ڕەتدەكەينەوە كە هيچ پاساوێكى ياسايى نييە كە دەسەڵاتى جێبەجێكار مافى كەمكردنەوەى مووچەى نييە.
٢-بايكۆتى سەرجەم خوێندنگاكان بەردەوام دەبێت تاوەكو بەرپرسان لە خەوى بێ ئاگايى خەبەريان دەبێتەوە.
٣-سوورين لەسەر داواى مووچە فەوتاوەكانى پێشوومان.
٤-حكومەت لەبرى ئەوەى مووچەى كەمدەرامەتەكان كەمدەكاتەوە مووچەى حەرام و ناهەقى بنديوارەكانى خۆيان ببڕن كە نيوەى زياترى مووچە خۆرانى كوردستانە.
٥-لەدەستچوون و فەوتاندنى خوێندنى ئەمساڵى خوێندن دەخەينە ئەو بەرپرسانەى كە هيچ حسابێك بۆ مامۆستايان ناكات.
٦-داواكارين پارە دزراوەكانى كوردستان كە لە ژێر زەمين و بانكەكانى دەرەوەى هەرێمى كوردستانە بگەڕێندرێتەوە.
ژ.ك