هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئێران ده‌ستیان پێ‌ كرد
26/02/2016 نوسەر: bzavpress

هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئێران ده‌ستیان پێ‌ كرد

به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 25ی‌ شوبات كاتژمێر هه‌شت به‌ كاتی‌ ئێران هه‌ڵبژاردنی‌ پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران ده‌ست پێ‌ كرد .
هاوڵاتیانی ئێران هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌ست پێ‌ كردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی دەیەمی پەرلەمان کە ٢٩٠ کورسی لەخۆ دەگرێت لەگەڵ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی شارەزایان کە ٨٨ کورسی لەخۆ دەگرێت و چاوەڕی دەکرێت نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ئەنجامە سەرەتاییەکان ئاشکرا بکرێن.
هەڵبژاردنەکان کاتژمێر ٨ بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەست پێدەکەن و ماوەی ١٠ کاتژمێر بەردەوام دەبن لە کاتی پێویستدا ماوەکەی زیاتر دەکرێت. له‌و باره‌یه‌وه‌ عەبدورەزا رەحمانی وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکان نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٧ی شوبات ئاشکرا دەکرێن.
ئەنجومەنی چاودێری ئێران کە بەرپرسیاری چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکانی لە ئەستۆ گرتووە ڕایگەیاند ٦ هەزار ٣٣٣ کەس خۆیان پاڵاوتووە، بەڵام دوێنێ پێنج شەممە هەزار و ٤٨٠ کەسیان خۆیان کشاندەوە. کاندیدەکان بە سەر هەردوو باڵی ڕیفۆرم خوازەکان و پارێزکاران دابەش بوون.