02/09/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
بەشێك لە قەصیدە شعری (یەئس)
هیوا.. ئەو هێزە لەبن نەهاتوەیە كە چۆك بە هەموو شتێك دا ئەدا. بەڵام حوزن.. ئەو شۆڕشەیە كە یەك لەحزە، هەموو بەها جوانەكان لە خاچ ئەدا. ئایا لەم ململانێیەدا كێ دەیباتەوە؟
سەرەتای تەمەنی حوزنەو
باران دەڵـێ هاوڕێ
فیراق!!
كۆتایی مەوسیمی عیشقەو
گوڵە گەنمەكانی هیوا
بەقەرسیلی ووشك بوون
ئەمە چ وەرزێكە یاران؟!!!
زریان بووە بە پێشەنگو
شەپۆل لە ڕوبار یاخییە
مانگ بەو هەموو جوانییەوە
لەت كراوەو
پەلكە زێڕینەی ئومێدیش
كاڵ بۆتەوە
سەرەتای تەمەنی حوزنەو
سەبا دەڵـێ!!
لەو كاتەوەی شەوم ناسی
تەمەنم بوو بە شووشەیەك عەتری شكاو
ئێستا دەبێ كەمانی حوزن بژەنم
چونكە بوومەتە ژیلەمۆی
قەصیدە شعرێكی سوتاو
ئەی مەوسیمی عیشق و جوانی
ئەی خانەقای تۆبەكاران
تۆ ڕۆیشتی!!!
لەرەی ئاوازەكانی ڕۆح
نیگەرانن
تۆ ڕۆیشتی!!
دەنگی دەف و تەلیلەمان
سەدای شمشاڵـی هیوامان
ئەسرینی غوربەت دەڕێژن
تۆ ڕۆیشتی!!!
پەیڤەكانی خۆشەویستیت
لەنێو كورەكانی یەئسا
تواندەوە
ئێمەت لەناو تارماییەكانی دەیجورا
بەجێهێشت و
ئێستا دەبێ فلودی مەراق لێبدەین
ئەی مەوسیمی عیشق و جوانی
ئەو ساتانە چەندە خۆش بوو
لە سێبەری ساباتە پەمەییەكانی تۆ
ملوانكەمان بۆ گەردنی درەختەكانی نیشتمان
ئەهۆنیەوە
مارشی ئازادیمان ئەچڕیو
كەرنەڤاڵـی لەدایك بوونمان دەگێڕا
بەڵام ئێستا وەك هەناسەیەكی شەتەك
بۆ سێبەرەكانی وەهم
پەل ئەهاوین
سەرەتای تەمەنی حوزنەو
چاوەڕێی خەندەی مناڵین
كۆتایی مەوسیمی عیشقەو
ئێمە تازە دەمانەوێ
نێرگزەكانی موحیبەت بلاوێنین
ئەرێ كوڕگەل!!
ئەم شەپۆلە بێ وەفایە
بۆچی ڕۆشت و؟
لە ئامێزی خۆی نەگرتین؟!!!
خۆ ئێمە ئەولادی ئەو بووین
ئەرێ كوڕگەل ئەم تەلارە رازاوەیە
بۆ نەبوو بەخانە خوێمان
خۆ ئێمە میوانی ئەو بووین
ئەی مەوسیمی عیشق و جوانی
كام بیابانە بگەڕێین؟
بەدووی تۆدا
كە لێمان نەبیتە سەراب!!!
بەسواری كام سپێدە بێین؟
نەمان دەیتە دەست شەوێكی لێڵو سامناك
بەكەناری كام تریفە هەنگاو بنێین؟
ئاشنا نەبین بە ئەستێرە مەحزونەكان
دەڕاست بڕۆ!!!
لە پێخەفی چ ڕووبارێكدا نوستوویت؟
هەتا لەگەڵ كازیوەیەكی زیوینا
بێین بێدارت بكەینەوە
ئەنجامەكانی فیراقت وەك هەواڵێك
دێڕ…دێڕ
بۆ بخوێنینەوە
فـ
یـ
ر
ا
قـ
ی
نالـی و
خاك و
خۆڵ
فـ
یـ
ر
ا
قـ
ی
مەولەوی و شعر
ئەمانە بوون باوەشی دایكی عاتیفەی
لـێ كردینە مشتێ پشكۆ
ئەی مەوسیمی عیشق و جوانی
ئەی خانەقای تۆبەكاران
خۆت دەزانی
یەكەمین لەحزەی خیانەت
یەكەم هەنگاوی مەئیوسی
لەو كاتەوە دەستی پێ كرد
كاتێ بەلێڵاوی خەتا
دەست نوێژمان بۆ ئایندە گرت.