بۆ یەكەمینجار بەرپرسێكی پایەبڵندی ئێرانی، رژێمی سوریا بە
بەكارهێنانی چەكی كیمیایی تۆمەتبار دەكات و دەڵێت: هەر رژێمێك ئەو چەكە دژی
هاوڵاتیانی خۆی بەكاربهێنێت، دەبێت چاوەڕێی سزادانی بكات.
ئایەتوڵڵا
هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم لە
ئێران، لە میانی وتەیەكی خۆی لە شاری سەوادكوهی باكوری ئەو وڵاتە، وتی:
خەڵكی سوریا لە نەهامەتیدا ئەژین، زیندانەكان لێوماڵ بوون لە خەڵك،
خوێندنگا و زانكۆ و یاریگاكان كراون بە زیندان و سەربازگە، لە ماوە سێ
ساڵدا (100 هەزار) كەس كوژراون و ملیۆنەهاش ئاوارە بوون.
هاشمی رەفسەنجانی ئەوەشی وت: خەڵكی سوریا لە لایەن حكومەتی خۆیانەوە كیمیابارانكراون و ئێستاش دەبێت چاوەڕێی هێرشی دەرەكی بكات.
ئاژانسی
رۆیتەرز، ئەوەی ئاشكراكردووە، پاش ئەوەی ئەو وتەیە لە وێبسایتی (ایلنا) ی
نیمچە رەسمیی دابەزێنراوە، پاش چەند سەعاتێك بڕگەی (حكومەتەكەی خۆیان) لە
وتەكانی رەفسەنجانی لابراوە.
وێبسایتی (جیهان نیوز) ی نزیك لە
موحافیزكارەكانیش، بە توندی هێرشیان كردۆتە سەر رەفسەنجانی لە سەر ئەوەی
رژێمی سوریای بە ئەنجامدانی هێرشی كیمیایی تۆمەتباركردبوو.
لە
لایەكی دیكەوە، نەعیمە ئیشراقی، كچەزای ئیمام خومەینی، لە فەیسبووك دژی
(جیهان نیوز) نوسیویەتی: ئایەتوڵڵا رەفسەنجانی لە حوسەینییەیەكی شاری
ئەسفەهانیش وتوویەتی: هەر حكومەتێك گەلەكەی خۆی كیمیاباران بكات، دەبێت
چاوەڕێی هەمان چارەنوسی سەدام حسین بكات، كە هەڵەبجەی كیمیاباران كرد و خۆی
تووشی شەرمەزارییەكی ئەبەدی كرد.
نها