هۆ خەڵکی نا.. وەرن گوێ لە موناجاتم بگرن ..
07/04/2016 نوسەر: bzavpress

هۆ خەڵکی نا.. وەرن گوێ لە موناجاتم بگرن ..

زۆر جار دەپاڕێمەوە دەچومە خزمەت خوای موتەعال و دەمگوت لە خزمەتیدا .. پەروەردگارا سکاڵام هەیە لە دەست خراپەی بەندەکانت، بەڵام ئەوا سکاڵاکەم وەردەگرمەوە..!

من نەمزانی و لەبیرم چووەبووەوە کە بەندەکانت وا دروست کردوە، خراپەش بکەن، تا من هەر کاتێك ناڕەحەت بووم لە دەست خراپەی ئەوان بگەڕێمەوە بۆ لای زاتی پیرۆزت پەروەردگاری من، هەندێك جار لە بیری دەکەم کە کەس لە دەوروپشتم نیە وادەزانم تەنهام، بەڵام بەڕاستی ئەمە مانای ئەوە نیە کە من تەنهام.. بەڵکو - واتایی ئەوەیە هەموو بەندەکانت دوور خستۆتەوە تا من و تۆ بەتەنها بین...

لەگەڵ زاتی پیرۆزت بوون ئەی مەعبودم ...
تەنهای هیچ مانایەکی نیە ،نازانم بەڕاستی ئەگەر زاتی تۆم نەبوایە من چیم بکرادایە ، وەرەن با پەروەردگارمان خۆش بووێت خەڵکی نا ، من دەڵێم خۆشم دەویت خوای گەورە ، خوای گەورە بە خۆشەویستی بناسین ...

هەر کاتێك دڵم تەنگ بێت بۆ لای خوای گەورە و موشتاقی بم .. ، هەرگیز خۆشەویستم مەعبودی گەورە ناڵێت کاتم نیە ، هەرگیز قسەم لێدانابڕێت، گوی بۆ قسەکانم دەگرێت، ئازارم نادات، بەهانەم بۆ ناهێنێتەوە بیانو نادۆزێتەوە، لەهەمووی گرنگتر ترسی ئەوەم نیە لەدەستی بدەم.

پەورەردگاری جیهانیان بەلاشەیەکی ماندووە .. بە دڵێکی وابەستە بە زاتی تۆوە ، دەستم لە غێری زاتی تۆ شۆردوە..
چاوەڕێر ڕەحمەتم، ئەیبەخشی ؟ ڕەحیمی ، نایبەخشی حەکیمی، پێم ئەدەیت زۆر سوپاسگوزارم. لێم دەسێنیتەوە ئارامگرو سەبورم، خوایە گیان حاڵو ئەحواڵم ئەوەیە کە دەیزانیت، کارو کردەوەکانیشم ئەوەیە کە دەیبینیت، نە قاچی راکردنم هەیە، نە زمانی بەرگریش، خوایە گیان مشتێك خۆڵم ئەبێت ببم بە چیو چی بتوانم و چی دەسەڵاتم بێت، خوایە گیان دەستمان بگرە..

هۆ خەڵکی نا.. ئێمە زۆر چار دەمانەوێت بە پەیژە سەربکەوین بۆ لای خوای موتەعال ، سبحان اللە کەچی غافڵین لەوەی کە خوای گەورە لە خوارەوە پەیژەکەی بۆ گرتوین..

کاتێك کە هەموو ئومێدت بەزاتی ئەوە.. ئەوەیە کەلای سەروتەوەیە، ئەوەیە کە لە ڕەگی گەردنت نزیك ترە ..

ئەوەی کە لە ووردو درشتی ژیانت دەزانێت..
ئەوەی کە دەیتوانی تۆڵەت لێبکاتەوە.. دەستت دەگرێت و یارمەتیت ئەدات..
ئەگەر کاتێكیش تۆڵەت لێبکاتەوە، لە تۆڵەکەیدا مەحەبەتو میهرەبانی دەبینی..
ئەوەی یەك جار بانگی لێدەکەیت بەڵام لە هەموو چرکەیەکی ژیاندا وەڵامدانەوەکەیت گوێ لێیە هەست ناکەیت لەگەڵتدایە ..؟
یەشتا تۆ ناگری لەگەڵمدا ..؟

ئەوە زاتە .. لەوانەی کە درنگ بداتی ، بەڵام دڵنیابە کە باشترینت ئەداتێ..
ئەو کاتەی کە دەگرییت ئاگای لێتەو ، بە زەردەخەنەوە تەماشات دەکات پێتدەڵێت: ئارام بگرە باشترینم بۆ داناویت..

ئەوەی کە تاوان و گوناحەکانت یەك جار دەنوسێت، بەڵام چاکەکانت ١٠٠ جار..

ئەوەی کە چەند و چەندین جار گوێت لێبووە دەزانیت کە فەرموویەتی خۆشم دەویت بەندەکانم خۆشم دەوێت..

بەڵێ ؛ کاتێك کە ئومێدت بەو بێت خەیاڵت ئارام دەبێت و بەدڵنیایەوە پشتو پەنایەکی گەرمت هەیە، پارێزەرێکی زۆر بەهێزت هەیە..
دەستێکی پڕ خۆشەویستیو مەحەبەت کە تەنها بۆ یەك چرکەش ئەو تۆی لە بیر ناچێت کەچی تۆ زۆر جار ئەو لەبیر دەکەیت.. یاخود دژایەتی دەکەین.
دەبیناسە و بڵێ سوپاس بۆ تۆ خوایە کە تۆم هەیە ..