03/09/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ئاسایشی گەرمیان: مناڵەكەی رزگاری نەڕفێندراوەو سیناریۆ بووە
ئاسیشی گەرمیان رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
پاش
ئەوەی دوێنێ 2013/9/2، لەچەند سایتو دەزگایەكی راگەیاندنەوە هەواڵی
رفاندنی مێردمنداڵێك لەناحیەی رزگاری سەر بەقەزای كەلار بەرەو قەزای
خورماتوو لەلایەن چەند چەكدارێكەوە بڵاوكرایەوە كە گوایە لەلایەن
رفێنەرەكانەوە لەبەرامبەر ئازادكردنیدا داوای 150 هەزار دۆلاری ئەمریكی
كراوە، ئەمڕۆ ئاسایشی گەرمیان، ئاشكرایكرد كە منداڵەكە نەڕفێنراوەو
سیناریۆكە خۆی دروستی كردبوو.
بەگوێرەی رونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی
ئاسایشی گەرمیان كە تييدا هاتووە: دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە دەستبەجێ
لێكۆڵینەوەی چڕوپڕو بە دواداچوونی وردكراوەو توانرا لەسەر بڕیاری دادوەرو
لە رێگای تۆڕی ئاسیاسێڵەوە شوێنی پەیوەندیكردنی مۆبایلەكەی ناوبراو
بدۆزرێتەوە كەلە نزیك بەردەركی سەرای سلێمانیەوە كرابوو نەوەك دوزخورماتوو.
ئاماژە
بەوەشكراوە، بە هاوكاریو هەماهەنگی هێزەكانی بنكەی ئاسایشی رزگاری توانرا
ناوبراو لە شاری سلێمانی بدۆزرێتەوەو پاش لێكۆڵینەوە دەركەوت كە ناوبراو
سیناریۆیەكی سەرنەكەوتوانەی بۆ خۆی دروستكردوەو هەواڵی رفاندنەكەی دوور
بووە لە راستیەوە، پاشان دۆسیەكەی خرایە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەو بە
تۆمەتی هەواڵدانی درۆ بە پێی ماددەی 243 راگیراوەو لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.
لەرونكردنەوەكەدا
ئاسایشی گەرمیان هاووڵاتیانی سنوورەكە دڵنیادەكاتەوە كە هێزەكانیان وەك
هەمیشە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنو پارێزگاریكردن لە سەرو ماڵی
هاووڵاتیانو رووبەڕووبوونەوەی هەر دیاردەیەكی نەخوازراو كە هێمنیو ئارامی
هاووڵاتیانی سنوورەكە بخاتە مەترسییەوە
کارزان- کەلار