نووسینێك بۆ ڕازێك
04/09/2013 نوسەر: bzavpress

نووسینێك بۆ ڕازێك






لەم شەوەدا...

لەگەڵ بەدواچوونی تەمەندا....ئاوابوونێك سەری هەڵدا

لەگەڵ لێکدانەوەی خەونی ڕابردوودا....ئامانجی ڕیش سپییەك لەم دەڤەرە ئەبینرا

لەگەڵ بایە قووشەی چەرمەسەری ئەم ژینەشدا....گۆڕێك بۆ من هەڵئەکەنرا

من نەم زانی لەکام جێگا....کەشکۆڵی غەم و بوخچەی گوناه

لەکام کوچەی هەژاراندا خۆی مەڵاس دا!

من نووستووم و ‌خەمێکی قووڵ ڕاپێچمەکا

زەمەنێك بوو....داپیرەی بەفری زستان بەچرپەیەك پێی ئەووتم

مەنزڵگەی ئەو خۆڕهەڵاتەو مەنزڵگەی تۆش ئاوابوونە

لەوکاتەشدا....نرخی ساڵەکان کەمتر بوو لەنرخی ڕۆژەکان

ئیدی شەوی بێدەنگ و خامۆشبوونی ئەوچرایە

نزیکترین کەسی من بوون....هەموو شەوێ بەفرمێسکی چاوەکانم

سەرگۆنای پەڕەسپیەکانم پێ تەڕئەکرد!!!

ئالێرەدا نرخی ژیانیش....کەمتربوو لە نرخی خۆشەویستی

دەسا گیانە ئێستا دەڵێم.... پەنجەکانم بەکەڵکی نووسین نایە

چوونکە زەمەنی وو‌شەکان وافێربوون

دڵی چەندەها مرۆڤی پێ ئاسوودە کردوەو

هەندێ جاریش بیری مرۆڤەکانی ئاڵۆزکردووە

وەچەندەها جاریش خەمی پێناوەتە سەرشان!

ئیدی بەسە سێبەر نەما کەمێ ئارامی ببەخشێتە جەستەوگیان

خۆلێم ناگەن ...گوێم بۆ ناگرن ...مێژووی داستانی ئەم تەمەنەم کۆتای د‌ێ

من چاوم ترسی ئاوابوونی ئەبینی و تۆش شەوانە شیعرت بۆ ئەنووسیم

کەبارانیش ئەباری خەمی تەڕبوونی تۆشم ئەبوو

پێ ڕانەگەشتم ...هەروەك ئەو باڵندە ئاساییەی لەجیاتی دەنووك

قەپی ئەگرت لەخووڕەی کانی و ئەو چراو مۆمەی

کە ڕووناکی ئەبەخشێتە سپێدەی بەیانیان

لەم ڕۆ بەدوا..
بە ناچاری سپی باڵا ئەدوێنم و چریکەی خەمێکی نوێ

لەگوێچکەمدا بەنەغمەی هەمەچەشنە لێدەدرێ و

بەیادی تۆو دەنگی پێکەنینت لەڕۆحمدا ئەهێڵمەوە!!

تۆش ئازیزی گیان ...لەهێلانەی ئەمڕۆی خۆتدا

باخچەیەك درووست بکە بۆ ئایندە ئەم چیرۆکە

گەر دووریش بین ئەیگیڕینەوە پێکەوە!!

ئەمەیش وای فێرکردم..... لەودیوو هیواو جوانیەوە....

ڕابەرێك نەبوو دەستم بگرێ بمدا بەشانی ژیان ...

تۆ لەخەمی پەپوولەیەك نەگەشتی...

نەلەناڵەی بوولبوولێك....

نەلەئاخی دامێن کراس شۆڕێك

نەتۆزقالەیەك لە ژیان....تاجوانترین جوانی بهێنیتەوە......!!!!



** نوور نەقشبەندی **
2013.9.1