پیری كه‌وته گیانم لاویم بێ خهبهرما
زه‌رده‌خه‌نه و جوانی داڕنی له به‌رما
سووڕی گه‌ردوونه، كه جامی پیری پڕبوو
نه ددانێ له ده‌م، نه داوێ له‌سه‌رما
لاویم دێته‌وه یاد، گریانێ دام ده‌گرێ
ده‌ڵێم به‌م ڕیشه ته‌ڵه‌ی مردن پام نه‌گرێ
دوێنێ ده‌ستی پیر و به سالاَنم ده‌گرت
ئه‌مڕۆ پیركهوتووم و گوچانێ ڕام ده‌گرێ
به‌فری پیری،باری سه‌ر كێوی سه‌ری من
دیاره نیشانی دا، كۆچ و سه‌فه‌ری من
زستانی ته‌مه‌نه، تاكو سه‌رما نه‌مبا
كفنی سپی مه‌رگ ده‌كاته به‌ری من
دوێنێ كه زارۆبوومن بۆ پولێ چه‌ند گریام
تا فریشته‌ی خوایی گه‌یشتن به فریام
ئێستاكه‌ش من خۆزگه‌ی ئه‌و ده‌مه ده‌خوازم
بهلاَم یه‌ك پول ناكا، سه‌دان خۆزگه و بریام
گولاڵه‌ی گه‌نجی من چاو وبرۆدهكا
له‌گه‌ڵ وه‌رزی پیری، واده و گرۆدهكا
ناگه‌مه پیل پیری، په‌كم ده‌خا مردن
گیا و گوڵهگیا له‌سه‌ر سینه‌م چرۆدهكا
خۆرم دی پرسیم ناكه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و دابم
كه وه‌ك ئه‌و ئاڵ و واڵ گوڵ ڕه‌نگی وانابم
خۆر ئاوابوو، زه‌رد و سوور هه‌ڵگه‌ڕام گوتم:
ئێواره‌یه‌ك منیش هه‌ر ده‌بێ ئاوابم
كۆڵێ پووشه عومری من به‌ده‌م باته‌وه
ته‌مه‌ن تۆ لێم ده‌به‌ی، دنیا ده‌مداته‌وه
حیكایه‌تێكی چه‌ند كورت و جه‌رگبڕه
ژیان من ده‌مهێنێت و مردن ده‌مباته‌وه
ده‌نگێ با‌نگم ده‌كا، سبه‌ی زوو میوانتم
تۆ به‌سه‌رهات و من كۆرگێڕی دیوانتم
هاوارمكرد كێی تۆ؟ گوتی: ئه‌جه‌لم من
گه‌وره‌یی ئه‌ندازیارانی عومر پێوانتم