25/07/2016
•
نوسەر: bzavpress
•
خويندنەوەيەك بۆ چەمکی ئازادی لاى ژان ژاک رۆسۆ
ئازادی یەکێکە لە بەها زۆر گرنگەی فەلسەفەی سياسی رۆسو.
رۆسۆ پێی وایە ئازادی بەشێکی دانەبراوە لە مرۆڤ کاتێک مرۆڤ دەست بەرداری ئازادی ئەبێت واته دەست بەرداربون لە خودی خۆی ، وە لە ئەرکی خۆی.
هەروەها ئیمانوێل کانتیش لە بارەی ئازادیەوە پێی وایە "ئازادی لە جەوهەردا بریتیە لە بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانمان "
رۆسۆ پێی وایە مرۆڤەکان بەهۆی ئازدیەوە لە یەکتری نزیک دەبنەوە ،بۆ بەدیهێنانی ئازادی پێویستمان بە دەسەلاتەکی شەرعی دەبێت ، بۆ ئەوەی ماڵ و موڵکی هاولاتیان پارێزراو بێت بەبێ ئەوەی تاکەکان ئازادی خۆیان لە دەست بدەن .
کە ئەمەش بەهۆی گرێبەستی کۆمەلایەتی دەبێت بە ویستی گشتی ،واتە بەهۆی ئەم گرێبەستەوە هەرکەس لە ئێمە هێزو توانای خۆی بخاتە خزمەت ویستی گشتی .
رۆسۆ لە بەشی یەکەمی گرێبەستی کۆمەلایەتی باس لە ئازادی دەکات، بەو وتەیە دەست پێ دەکات کە دەلێت "هەموو مرۆڤێک بە ئازادی لە دایک دەبێت، بەلام لە هەموو جێگەیەکدا کۆت کراوە"
لێرەدا رۆسۆ ئاماژە بە گۆرانی مرۆڤ دەکات لە باری ئازادیەوە بۆ باری کۆیلایەتیەوە.
هەروەها خەلیفەی موسلمانان عومەری کوری خەتاب( ر.خ )لە بارەی ئازادیەوە دەفەرموێت "تاوەکو کەی خەلکی دەچەوسێنرێنەوە ،لەکاتێکدا بە ئازادی لە دایک بوونە"
جێگەی ئاماژەیە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش کە لە دوای هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم دروست بووە ،کە لە ئەنجامی ئەم مالوێرانیەی بەر مرۆڤایەتی کەوت کە لە بەندی یەکەمی ميثاقەكەى دا هاتووە" کە هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لە دایک دەبن، لە ژێر کەرامەت و ماف مەندیدا هاوشان و یەکسانن ".
رۆسۆ پێی وایە ئازادی بەردی بناغەی کۆمەڵگەی سیاسیە ،گەر حکومەتێک خۆی بسەپێنێت لە رێگەی هێزو جەنگەوە ئەوا ئەو حکومەتە شەرعی نیە ،چونکە بە نەمانی ئەو هێزە شەرعیەتی خۆی لە دەست دەدات، تەنیا هێزی شەرعی ئەوەیە کە بەهۆی گرێبەستێکەوە بێت کە بە ئازادی بە ویست و ئیرادەی ئەندامانی بێت .
واتە ئازادی سیاسی لاى روسو بریتیە لە رێزگرتن لە سەروەری میللەت کە سەروەری بەر لە دروست بوونی گرێبەست لە هەناوی تاکاکەسدا بوو، بەلام دوای هاتنەئارای گرێبەستی کۆمەلایەتی لە ئیرادەی گشتیدا بەرجەستە دەبێت .
كاتێكيش سەيرى مێژوی ئاینی ئیسلام دەكەین ئەوە روون دەبێتەوە كة ئازادی سیاسی بوونی هەبووە. پێغەمبەری ئیسلام( د.خ )لە بەدردا موسلمانانی کۆکردەوەو رای وەرگرتن کە جەنگ هەڵدەبژێرن یان دەگەرێنەوە.
وە لە ئوحودیش بە هەمان شێوە رای موسڵمانانی وەرگرت کە لە مەدینە دەمێنەوە یاخود دەر ئەچن کە موسلمانان رایان وابوو دەربچن ،لە کاتێکدا پێغەمبەر( د.خ )رای وابوو کە بمێنەوە لە مەدینە .
کەواتە میللەت لە روانەی ژان ژاک رۆسۆ کۆبۆنەوەی ئازادانەی کۆمەلە مرۆڤێکە تەنیا ئنتیمای بۆخۆی هەیەو خاوەنی دەسەلاتە بەسەر خۆیدا، بە پێی ئەو یاسایەی کە خۆی بۆخۆی داینەوە بۆ بەدیهێنانی ئازادی .
لە روانگەی رۆسۆوە ئازادی دابەش ناکرێت ،هەر کاتێک ویستت بە شێک لە ئازادی جیابکەیتەوە، ئەوا مانای وایە ئازادی دەکوژیت ،ئەو بەشە بچوکەی لە جەستەی ئازادی جیائەکەنەوە ،جەوهەری ئازادی منە سەرجەمی ئازادیە .
هەروەها ویندل .ل . ویلکی لە کتێبی یەک جیهان هەمان بۆچۆنی هەیە ، ئەو باوەری زۆری بە ئازادی هەیە پێی وایە" ئازادی تەواو قبولی دابەش کردن ناکات خۆ ئەگەر بمانەوێ لە سایەی حەواوە بین، دەبێت رێ بە هەموان بدەین ممارەسەی بکەن "
رۆسۆ ئازادی بۆ تەواوی چینەکانی گۆمەڵگە بە رەوا زانیوە ،نەک تەنها چینی ناوەند بەلکو جوتیار و کرێکاریشی لە ئازادی بەهرەمەند کردوە.
لە کاتێدا مۆنتسکیۆ ئازادی تەنیا بۆ چینی ناوەند بە رەوا دەزانی، جیاوازی لە نێوان تاکەکان دەکرد بەهۆی دەولەمەنی و سەروەت و سامانەوە ،هەژارانی لە مافی دەنگ دان بێبەش کردبوو پێی وابوو خاوەن ئیرادەی ئازاد نین ،بۆیە باوەری بە مافی دەنگ دانی گشتی نەبوو.
جێگەی ئاماژەیە رۆسۆ باوەری بە ئازادی نەبو بۆ ئافرەتان، ئافرەتی بێبەش کردبوو لەم مافە.
پێی وابو ئازادی توخم گەلێکە پەیوەندی بە ژیانی ژنانەوە نیە، جگە لە بێبەش کردنی لە مافە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان سەرکوتیشی کردون.
لە بەرامبەردا جۆن ستیوارت میل یەکێکە لە فەیلە سوفە سیاسی لیبرال ئازادیخواز ، باوەری بە ئازادی ژنان هەبوە ،هەبونی ئازادی بە نەمانی کۆسپ و لەمپەر لە بەردەم مرۆڤەکان دەزانی چ ژنان بن چ پیاوان بن لە کۆمەلگەدا.
پێی وابوو هەبونی ئازادی بۆ ژنان سەرەڕای ئەوەی بەختەوەریان دەکات کۆمەلگەش بە هۆیەوە بەرەو پێشەوە دەبات.
لە کۆتاییدا ئازاد هۆکاری سەرەکی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی مرۆڤە لە گۆمەڵگەدا .
رۆسۆ بە شێوەیەکی تێروتەسەل باسی ئازادی کردوە لەگەڵی دا هاوبۆچونم کە ئازادی بە رەوا بینیوە بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگە،چونکە دەست بەرداربوون لە ئازادی لەگەڵ شروشتی مرۆڤ یەکناگرێتەوە .