20/06/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
شەرمنی بەشێك لە قیاداتی یەکگرتوو بەرانبەر بە سیستەمی حوکمڕانی
ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵئەدات نێوانی ئیسلام و دیموکراسی وەك دووسیستەمی جیاواز بە خوێنەر بناسێنێت...
گفتوگۆیەکی هێمنانەیە لەگەڵ نوسینی هەندێك لە قیاداتی یەکگرتوو..
لێرەو لەوێ زۆر جار دەبیستین لە قیاداتی یەکگرتو کە دەیانەوێت ئیسلام
موتوربەی دیموکراسی بکەن، یاخود بە پێچەوانەوە، هەندێك جاریش ئەوەندە بە
یاخیانە دەڵێن قسە لە سەر بەرنامەی سیستەمی ئیسلامی دەکەن زۆر (قەزەم)
خۆیان دەنوێنن لە بەرچاوای موسڵماناندا، ئەمە وایکرد لە ئەنجامی کۆمەڵێك
لە نوسین و دیدو تێڕوانین خۆیان منیش ئەم وەڵامەیان بدەمەوە، داواکارم لە
خوا موتەعال رەدفعل نەبێت، بەڵکو فعل بێت بۆ خاتری خوای گەورە ئەنجامی
بدەم و سومعەی ریای تێدا نەبێت.
ئیسلام- هیچ دەسەڵات و هێزێك و حیزبێك ناتوانێت بە سەرگۆمەڵگادا بیسەپێنێت
لە ماوەیەکی دیاری کراوادا، یاخود بڵێن هەموو ئیسلام بسەپێنن
بەسەرگۆمەڵگایەکدا لە (آ- تاکو- ی) بە یەکجار، هەرگیز ئەمە روونادات،
ئەگەر رووشی دابێت ئەوە بە دەسەڵاتی زۆرەملێ و ئیستبدای ناوزەد کراوە
ئەگەرچی فەرمانڕەواکەش (١٠٠ ٪) ئیسلامی بووبێت وەك نمونەی "محمدت کوڕی
تومرت" دامەزرێنەری دەوڵەتی موحیدین بوو ، چونکە ئەمە لە سونەتی خواو
پێغەمبەرەکەی دەچێتە دەرەوە، ئیسلام بۆ خۆی ئاینێکە بە قۆناغ هاتووە بە
قۆناغیش لەسەر خەڵکی و کۆمەڵگا پیادە دەکرێت، ئینجا سیستمی و دەسەڵاتیش لە
ئیسلامدا بەسەر کۆمەڵگاکەدا دەچەسپێنرێت.
کاتێك ئیسلام هات دیموکراسی ماوەی (١١٠٠) ساڵ بوو بوونی هەبوو، لە
یۆنانداو لە زۆریك لە سیستەمەکانی تردا، ئەگەر زیادەرۆیشم نەکردبێت
مێژوونوسان دەڵێن: دیموکراسی سەرچاوەکەی دەگرێنەوە بۆ هیندستان، کە پێش
ئەرستۆ و ئەفلاتون فەیلەسوفەکانی هیندستان وەك سیستەم بەکاریان هێناوە لە
وێوە سەرچاوەی گرتوە..
پرسیاری دەستەوە ئێخە بۆ قیاداتی یەکگرتوو..
ئەگەر ئەم سیسیتەمە باش بوو بۆ پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لەو سەردەمەدا هیچ ئاماژەیەکی بەو سیستەمە نەکردوە؟
پێغەمەبەر(صلی اللە علیە وسلم) گەورەترین سیاسی بوو لەگەڵ ئەوەشدا بە وەحی
ئاراستە دەکرا لە لایەن خوای پەروەردگارمان، بۆ ئەم سیستەمەی بەکارنەهێنا؟
لە کاتێکدا زۆر شت هەیە لەم ئیسلامەدا کە بەجێهڵراوە بۆ مرۆڤەکان بە
تایبەتی لە بواری سیستەمی سیاسی ئیسلامیدا، (هەوامش) زۆر بە جێهڵراوە؟
لێرەدا لەوانەیە وەڵامم ئاوا بدەنەوە بڵێن، ئەگەر هەوامش و زۆرێك لە
پەیڕەوکردنی سیستەم بۆ مرۆڤ بە جێهڵێرابێت ، ئیتر ماکوان ئەم شەرە چیە
دەیفرۆشی بە یەکگرتو؟
هەرچەندە شەرەکەم شەری فیکرە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو بیانوە ببڕم، دەڵێم:
گومان لەودا نیە کە ئێمەی موسڵمان دەتوانین سود وەربگرین لە هەموو سیستەمە
جوانەکانی مرۆڤایەتی و لەو جێگایانەی کە ڕێگامان پێدراوە بۆ خزمەت کردنی
گەلی موسڵمان و خەڵکیش بە گشتی، دەبێت بەکار بهێنرێتەوە ئەگەر جولەکەش
خاوەنی بێت یاخود مولحیدو بوزیەکێش، بەڵام مەرجی ئەوەی لەگەڵدایە کە
کاریگەری لەسەر بیروباوەڕو نەگۆڕەکانی ئەم ئاینە نەکات، بونمونە سیستەم و
یاسای لێخوڕینی سەیارە، خۆ ئەگەر موسڵمانان خیلافەتی ئیسلامی دابمەزرێنن
هەر ئەو یاساو پرنسیپانە بە کار دەهێنینەوە کە لە ئەوروپاو ئەمریکا و
ووڵاتانی تری دونیادا هەیە، یاخود هەندێك لە سیستەمی بەرێوەبردنی دەوڵەت و
جۆری "ئایتی" و شێوەی گرێدانەوەی "کۆمەنیکاسیۆن" و یاخود سیستمەی بواری
کۆمەڵایەتی لە ئەورپادا لە سیستەمی ئیسلامیدا وەك سود وەرگرتن بەکار
بهێنینەوە..
پرسیارە دەستەوە ئێخەکە خۆی زیت دەکاتەوە دەڵێت، ئێوە باس لە سیستەمێك
دەکەن فیکری و دەسەڵاتی رەهای لەسەر دادەمەزرێت، کە ناوی دیموکراتیەتە،
کەبووە دیموکراسیەت سیستمەکەیەتی..
مانای ئەم چەمکە هەموومان دەیزانی..
دیمو.. گەل
کراتی.. دەسەڵات
کەواتە فەرمانڕەوای بۆ گەل..
پاشان دامەزارندی سیستەمی سیاسی ئیسلام لەسەر چیە؟
چوار بنەمایە..
یەکەم : فەرمانڕەوای خوای پەروەردگار(الحاکمیە اللە)
دووەم: دادگەری و یەکسانی(العدل و المساواة)
سێیەم: پابەند بوون (الطاعە)
چوارەم: شورا (الشورا)
لێرەدا وەڵامیكی شێوە پرسیارمان دەست دەکەوێت..
ئەم سیستەمە کە لەسەروە ئاماژەم پێداوە لە سەر چوار بنەمای قورئانی
دامەزراوە، لەکوێدا لەگەڵ دیموکراسیدا جێگەی دەبێتەوە، چۆن دەتوانین نێوانی
ئەم دوو سیستەمە سیاسیە ڕێكبخەین خۆیان ئاسا ببێتە میکانیزمی کار کردن!.
ئیسلام هاتوە بۆ ئەوەی شەر لەگەڵ دیموکراسیدا بکات ونەیهێڵت
لەوانەی ئەوە قیادە بەرێزانە بەلایانەوە سەیر بێت یاخود تۆشی شۆکیان بکات،
یان بڵێن نوسەر هەر قسەی فریئەدات، چۆن؟ ئیسلام هاتوە بۆ ئەوەی شەر لەگەڵ
دیموکراسیدا بکات ونەیهێڵت..!
گرنگە بەڵگەی خۆم بخەمە روو بۆ ئەوەی ئەم ووتەیە هەڵبگرنەوە ئەو برایانە..
ئەگەر تەماشای "دارولنەدوەی" قوریش بکەین، دەبینیت وەك بینای پەرلەمانی
ئێستا وا بوو، هەردوولا جێگای کۆبوونەوەی نوخبەو پیاو مەعقولان سەردەمی
خۆیانن، سەردەمی قوریش هەر گەل و هۆزە بە گوێرەی حەجم و تواناو دەسەڵات و
پارەوە سەربازو میلیشیاکانیان دەچونە ناو ئەو دارولنەدەوەیەوە، گەورەترین
قەبیلە بەنی هاشم و بەنی مەخزوم بوون لەگەڵ هەندێك لە هۆزەکانی تر و کەمە
نەتەوەیەکانی دەوروبەی قوەڕیش کە بە ئەحباش و عەرەبی بادیە ناسراو بوون
جاروبار نوێنەری خۆیان دەناردئەوانیش..
پەرلەمانی ئێستا لەسەر بنەمای حیزب کۆبۆتەوە هەریەکە نوێنەری خۆی
دەنێرێتەوە ئەو جێگایە بەگوێرەی حەجم و توانا و دەسەڵات وپارەو میلیشیا
و...تاد، زۆر تر ووردی ناکەمەوە، ئەگینا ئەوەندە لە یەکەوە نزیك جاری
واهەیە بە تاڵەموو جیاوازی لە نێوان سیستەمی جاهیلی قوریش و سیستمی
دیموکراسی ئێستا ناکەیت، هیچ کەس لە ئیسلامیەکان ناتوانن یەك تاکە وەڵامیان
هەبێت بۆ ئەم لێکچونە بەتایبەت بیرمەندانی یەکگرتوو، توانای وەڵامدانەویان
نیە، بۆ ئەوەی وا نەزانن من خۆم بە زیرەك دەزانم ئەمە لە هزرو بیری مندا
گەڵاڵە بووە، نا – بەڵکو دەمەوێت ئەوە بە خوێنەرو برایانی یەکگرتوو بڵێم،
ئەمە سوننی خوای گەورەیە هەمیشە دووبارەدەبێتەوە، دەبێت کۆمەڵێك هەبن ئەو
ڕاستیانە بەخنەوە بەر چاوی خەڵکی وەك ئێوە، چونکە هەموو باسێك لە ناو
ئاینەکەماندا کراوە لە ڕێگای قورئان و سونەتەوە بەتەواوەتی باس کراوە خوای
گەورە دەفەرموێت.. وَلَقَدْ صَرَّفْنَا فِي هَذَا الْقُرْآنِ لِلنَّاسِ مِن
كُلِّ مَثَلٍ وَكَانَ الْإِنسَانُ أَكْثَرَ شَيْءٍ جَدَلًا ﴿54﴾ الکهف
بێگومان ئێمه لهم قورئانهدا لهههموو جۆره نموونهیهکمان
هێناوهتهوه بۆ خهڵکی (تا پهندو ئامۆژگاری لێ وهرگرن) کهچی ئینسان
لهههموو شتێك زیاتر موجادهله دهکات و لهشت دهکۆڵێتهوه.
کەواتە کە پێغەمبەرمان(صلی اللە علیە وسلم) بانگەوازی دەستپێکرد دژی
سیستمەکەی قوریش بوو. هاتنە لای دوایان لێکرد کە ئەو چی دەوێت هەموو قوریش
ئەیدەنێ دەیکەنە گەورەی خۆیان و پارەو سەروەت و سامانی لە هەموویان زیاتر
بێت، کام ئافرەتەی خاوەنی جوانی و نەسەبی بەرزە دەیبەخشن بە پێغەمبەر(صلی
اللە علیە وسلم) ..
وەڵامی پیغەمبەر بۆ سیستمەکە چی بوو؟
- فەرمووی ئەگەر رۆژ ومانگ لای راست و چەپم بێت واز لە بانگەوازەکەی خۆم نهێنم..
لەوانیە هەندێك لەو برایانە بڵێن جا باشە ئەم نمونەیە کەی پەیوەندی هەیە بە سیستەمی سیاسی ئێستا؟
بێگومان بن ئەم باسەی کە لەسەروە گێرامانەوە بۆ ئێوەی ڕێك رەوشی ئێوەیە لە
ئێستادا، بەڵام ئێوە ئێستا رێك پێچەوانەی پێغەمەبەر (صلی اللە علیە وسلم)
دەکەن...
چون؟
ئەگەر بە پێوەری ئێوەی ئیسلامی بێت ئێستا دەڵێن: هەلێکی (چانسێکی) باش
هەڵکەوتوە با بڕۆینە ناو ئەم کایەی سیاسیەوە تا لەو ڕێگاوە کارەکەی خۆمان
ئەنجام بدەین..
بەڵام پێغەمەبەر(صلی اللە علیە وسلم) ئەنجامی نەدا، لەبەر ئەوەی سیستمە
سیاسیەکەی ئەو جیاواز بوو لە هەموو داواکاریەکانی قوریش، ئەو بۆ خۆی خاوەنی
سیستمێکی تربوو، ئەمە خاڵی جەوهەرییەوە وەڵامی پرسیارەکە دەستە بەردەکات،
کە ئیسلام لە هیچ ناچێت نە لە دیموکراسی، نە لیبراڵی، نە لە هیچ بارنامەو
سیتەمێکی تری دونیا جاهیلی، بەڵکو نەشرقیەو نەغەربیە.. ئیسلامیەو ئیسلامیە،
ئەم دروشمە زۆر جوانە هاوڕێکانی سەید قوتب وسەید قوتب لە زینداندا
دەیانووتەوە، پاشان لە دوای فەتحی مەکە دارولنەدوە ئەرزشی نەماو فرۆشرا بە
کەسێك کردی بە تەویلەی ئاژەڵ.
کەواتە بەم پێیە بۆمان روون بوویەوە ئیسلام خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی
ناتوانین ناوی لێبنێن راست یاخود چەپ، یان هەر ناوناتۆرەیەك کە ئێستا
داتاشراوە، لەبەر ئەوەی ئیسلام لەسەر هەموو کایەکانی ژیان و رەهەندەکانی
ووتەی تایبەتی خۆی هەیە "تەعقیب و تەرحی" جیاوازی هەیەو خاوەنی پرۆژەی
تایبەت مەندی خۆیەتی؛ ئەشێت ئێوەی قیادە یەکگرتو پەی نەبن بەو پرۆژانەی
ئیسلام، بەڵام لە ڕاستیدا بوونی هەیە، کێشەی ئێوەی ئیسلامیش بە گشتی ئەوەیە
لە خۆتان زیاتر ناهێڵن خەڵکی تر بێتە پێشەو بوار بۆ هیچ کەس ناکەنەوە،
مەگەر ئەوانەی کە ئەکێشن بە گەردنیانداو هەر خەریکی خەت و کوتلە بازین
سەرکەونە سەرەوە، ئیتر ئەوانیش بوارە حیزبیەکە ناهیڵیت پێبگەن لە جیاتی
ئەوە ببنە بەندەی خوای پەروەردگار دەبنە کۆیلەی حیزب، کە ئێوە خۆتان نەزانن
بە رانبەر پرۆژەی ئیسلامی، ئیسلام خەتای نیە، بەڵکو خۆتانن کە قەزمن وا
هەست دەکەن ئیسلامەکەش هەروایە، نەخێر - بەڵکو ئیسلام شاخە، بەڵام
دیموکراسی وئەفکاری عەبدولکریم سروش و هەندێك لە موعتزیەلەی سەردەم ئێوەی
دۆگما کردوە پێتانوایە شت دەزانن خۆتان لێبوە بە بە محمد قوتب لە ڕاستیشدا
سەرتان لە خەڵکو بەتایبەتش لاوەکان تێکداوە، بە هەندێك دروشمی باق و بریق و
سابونتان داوە لە پێیان.
پێغەمەبەر(صلی اللە علیە وسلم) دەست نیشانی سیستەمی سیاسی ئیسلامی کردوە
سەروەرمان محمد کۆتا پێغەمبەرە(صلی اللە علیە وسلم) و ئاینەکەیەشی کۆتایی
ئاینەکانە، خوای گەورە وباڵا، لە پەیامەکەیدا بۆ سەر زەوەی دەفەرموێت..(
الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي)
واتا ئهمڕۆ ئاین و بهرنامهکهتانم به کۆتایی گهیاند، وه نازو
نیعمهتهکانی خۆمم بۆ تهواو کردن وه ڕازیم بهوهی که ئیسلام ببێته
بهرنامهو دین و ئاینتان..
لێرەدا دەبێت ئەو لە بەر چاوبگرین کە خوای گەورە رازیە بەوەی ئیسلام
ئاینمان بێت، دەبێت بە بچوك گەورەی ئیسلام رازی بین، من گومان لەودا نیە کە
هەموومان بە جیاوازی دیدو بۆچونمان لەسەر ئەمە کۆکین، کەمادام کۆکین ئەم
دەقە قورئانیە تەئویل هەڵناگرێت و، نە هیچ ووتەو باسێکی تر، ئەگەر مەرجە
موسڵمان بین و شوێنکەوتوی- محمد- بین(صلی اللە علیە وسلم) خۆ ئەو
پێغەمبەرمان بووە و سیستمی سیاسیەکەی_ سیستەمی پێغەمبەرایەتی بووە..
- دەفەرموێت دوای من پێغەمبەر نایەت؛ کەواتە ئەو سیستمە کۆتای هات، بەڵام
دوای ئەوە سیستمێکی نوێ دەست پێدەکات خۆی ئاشکرای دەکات وەك نیشانەی
پێغەمبەرایەتی خۆی و سیستەمی سیاسی و بەرێوەبردنە هەر خۆشی حاکم بووە
فەرمانڕەوا بووە (صلی اللە علیە وسلم) ، لەدوای ئەو سیستەمە ناوی نە ناوە
سیستمی دیموکراسی، بەڵکو ناوی لێناوە سیستمی پێگەیشتو واتا(ڕاشدین)، دوای
ئەو سیستمە - سیستمێکی تری ئیسلامی دەستنیشان دەکات بە ناونیشانی سیستمی
ویراسەت کە هاوشێوەی پاشایەتیە، بەڵام لە ناو دامەزراوەی ئیسلامیداو لە
بازنەی ئیسلامەکەدایە وەك نمونەی معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان ڕەزامەندی خوای
لێبێت زۆرێکی تر لە خەلیفەکانی ئەمەوی و عەباسی عوسمانی..تاد، ئەمان لە
شورا دەرچووبون، سیستمی زۆر و ستەمکار بەزمانی ئەمرۆ (دیکتاتۆر)، ئەمیش
دەشێت هەر لە بازنەی ئیسلامدا بێت، بەڵام وەك حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی،
جەلالەدینی کوڕی محمدی خاوریزم شا،بدرەدین لوئلوئو، برکیاروق و توتوش
..تاد، لە دوای ئەم قۆناغانە قۆناغی تر جێگای نابێتەوە لەناو ئیسلامدا
دەبێت بگەرێتەوە بۆ سەرچاوەکەی سەرەکییەکە کە سیستمە راشدینەکەیە..
ئەمەش دەقی ئەو فەرمودەیە کە ئەلبانی – رەحمەتی خوای لێبێت- بە ڕاستی
داناوە لە ئیمامی ئەحمەدوە– رەحمەت و درودی پەروەردگار بۆ سەر گیانی-
ڕیوات کراوە ئەو سیستمەیە کە سەروەرمان باسی دەکات(صلی اللە علیە وسلم) ..
(تكون النبوة فيكم ما شاء الله أن تكون، ثم يرفعها الله إذا شاء، أن يرفعها
ثم تكون خلافة على منهاج النبوة، فتكون ما شاء أن تكون، يرفعها إذا شاء أن
يرفعها، ثم تكون ملكاً عاضاً فتكون ما شاء الله أن تكون، ثم يرفعها إذا
شاء أن يرفعها، ثم تكون ملكاً جبرياً، فتكون ما شاء الله أن تكون، ثم
يرفعها إذا شاء ثم تكون خلافة على منهاج النبوة ثم سكت).
تێبینی: هەندێك پێیان وایە کە لە دەسەڵاتی "جەبابیرەکان" واتا دەسەڵاتی
زوڵم زۆر کە سەروەرمان (صلی اللە علیە وسلم) باسی لێوە دەکات مەبەست پێ
عەلمانیە، ئەمە لاڕاستیدا وانیە، چونکە ئەگەر تەماشای سیستمەکە بکەین
هەمووی بەدوای یەکدا ئیسلامییەو خەڵکی موسڵمان حوکمڕانی دەکات، بەڵام ئەگەر
هاتوو ناو ناتۆرەی ئەم بارنامەنەی لە ناو عالەمی ئیسلامیدا پیادەکرا و
بەڵام هەر سیستمەکە حاکمیەتی ئیسلام بوو، ئەوا دەشێت بە سیستمە جەبریەکەی
(ئیستبدای) موسڵمان هەژمارد بکرێت، سیستمی عەلمانی و سیستمی دیموکراسی و
سیستمی سەرمایەداری..تاد، ئەوانە هیچ بە ئیسلام هەژمارد ناکرێت، هیچ
پەیوەندی بە ئاینی ئیسلامەوە نیەوە بۆخۆیان بەرنامەوە تایبەتمەندی خۆیان
هەیە.
لێرەدا گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی کە بە فەرمودەی خوای بەرزو باڵاو
فەرمودەی سەرەرمان پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم)، ئیسلام خاوەنی سیستمی
ئیسلامیە هیچ ناوێکی تر هەڵناگرێت، لەسەر چوار بنەمایەی ئاماژەم پێداوە
لەسەرەوە سیستمە ئیسلامیەکە دادەمەزرێت( حاکمیەتی خواو،دادپەروەری و
یەکسانی، پابەند بوون بە گرێبەستی فەرمانڕەوای کۆمەڵایەتی ئیسلامی، روێژو
شورا)، قورئانیش بۆ خۆی لە ناو کۆمەڵگاو کایەی سیاسەتدا کار لەسەر ئەو
چوار تەوەرەیە دەکات.
کەواتە شیاوترە بڵێن ئێمە خاوەنی سیسیتمی پێگەشتوین، نەک دیموکراسی، چونکە
لەسەردەمی خیلافەتی پێگەیشتو(ڕاشدین) کە( ٣٠) ساڵی خایاندوە باسی ئەوە
دەکاتەوە بۆمان پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم) لەسەر مەنهجو ڕێبازی
پێغەمبەرایەتی بوون(خلافة النبوة ثلاثون سنة) ، بەڵام لە ماوەی ئەم ٣٠
ساڵيدا کە خەلافەتی پێگەیشتوو بوون، کوشتنی نێوانی هەوەڵان و شەڕی فیتنەو
هەڵگەڕانەوە لە ئاین و دروست بوونی دەیان جۆر لە بیروباوەڕی جیاواز
ڕوویداوە و دروست بووە..
پرسیار ئەوەیە.. ئەی چۆن ڕاشدین و پێگەیشتوە؟ چۆن لەسەر ڕێبازی پێغەمبەر بووە ئەم هەموو نارەحەتی و جەنگ و کوشتارو فیتنەیە تێدابووە؟
موعجیزەی سیستمە ئیسلامیەکە لێرەدا دەردەکەوێت..
چۆن؟
پێغەمبەری ئازیز(صلی اللە علیە وسلم).. تەمەنی سیستمە سیاسیەکەی ٢٣ ساڵ بووە.
خیلافەتی ئەبوبەکر – ڕەزامەندی خوای لێبێت- ٢ ساڵ و سێ مانگ بووە.
خیلافەتی عومەری کوڕی خەتاب– ڕەزامەندی خوای لێبێت- ١٠ ساڵ و شەش مانگ بووە.
خیلافەتی عوسمانی کوڕی عەفان– ڕەزامەندی خوای لێبێت- ١٢ ساڵ بووە
خیلافەتی عەلی کوڕی ئەبوتالیب– ڕەزامەندی خوای لێبێت- ٤ ساڵ و حەوت مانگ بووە.
خیلافەتی حەسەنی کوڕی عەلی – ڕەزامەندی خوای لێبێت- شەش مانگ بووە
تێبینی ئەو مانگەی نادیارە دابەش دەکرێتەوە بەسەر ئەورۆژانەی دەسەڵاتی هەر پێنج خەلیفەکە..
باشترین سیستمی سەر زەوی ئەم ( ٥٣ )ساڵەیە.. ئەم سیستمە لە پێغەمبەرەوە(صلی
اللە علیە وسلم) هەتاکو حەسەنی کوڕی عەلییە، چونکە لە ژیانی هەموو موسڵمان
و دەستەو کۆمەڵ و دەوڵەتێکدا ئەم ٥٣ ساڵە دووبارە دەبێتەوە، هەرچی تێدا
روویداوە چارەسەری بۆ دۆزراوتەوە، کێشەکانی بە باشترین شێوە چارەسەرکراوە،
کەواتە بۆ ئەم ٥٣ ساڵە باشترین سیستمە و بە پێگەیشتو ناوبراوە؟، ئەگەر چی
ئەو هەموو رووداوەر رویداوە تێدا، بەهۆکاری ئەوەی لە ژیانی هەموو موسڵمانیك
ئەم ٥٣ ساڵە هەر دەبێت دووبارەبێیتەوە، ئیتر هەیە قۆناغی ئەبوبکرەی لی
دووبارە دەبێتەوە هەیە سەردەمی عوسمان..تاد.، بەڵام دەتوانین بە هاوشێوەی
ئەوان بە ڕەوشی ئێستا چارەی بکەین..
کەواتە ئەمە سوننەتی خوای گەورەیە وەسوننەتی خوای گەورەش گۆڕانگاری بەسەردا نایەت.
(..فَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّةِ اللَّهِ تَبْدِيلًا وَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّةِ اللَّهِ تَحْوِيلًا ..، سورة فاطر..٤٣)
ههرگیز نابینیت یاساو بهرنامهکانی خوا له نهخشهی خۆیان لابدهن (که بهشێکی ڕیسوا کردنی پیلان گێڕانه..
جا ئەگەر دیموکراسی وەك ئەو قیادەی یەکگرتوو دەڵێت: ئەوەندە باشە.. ئیتر بۆ
شوێن کەوتوی محمد بین، دەڕۆین شوێن ئەرستۆو ئەفلاتوون دەکەوین کە ئەوانە
پەیان بەم دیموکراسیە بردوە، وەك ئەو دەڵێت شورای ئسیلامیش بی دیموکراسی
بوونی نیە، ئیتر بۆ شوێنی کەوتوی سەروەری مرۆڤایەتی بین ئەم ئایتە واز
لێدێنین .. پەنا بەخوا دەگرم لەو قسەیە .. ئەوە بۆ بزواندی ئێوەی خوێنەرە
ووتەکەی ئەو دووبارە دەکەمەوە.. ئادەی ئێوە پێم بڵێم ئەم قسەیە لە کوێ
دیندا جێگای دەبێتەوە..
لە کاتێكدا خوای گەورە دەفەرموێت.. لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ
اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ
الآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا ﴿٢۱﴾ الأحزاب
سوێند بهخوا بهڕاستی لهپێغهمبهری خوادا چاکترین نموونهی تهواو ڕێك
پێك ههیه، تا چاوی لێ بکهن و شوێنی بکهون، بهتایبهت بۆ ئهو
کهسانهی ڕهزامهندی خوایان مهبهسته، سهرفرازی قیامهت ئاواتیانه،
ههمیشه و بهردهوام یادی خوا به زۆری ئهنجام دهدهن و زمانیان
پاراوه بهیادی ئهو.
مەگەر هەرچی لەژ یانماندا هەیە بەندایەتی نیە؟، بەرێوەبردنی دەسەڵات و
سیستمە هەر بەندایەتی نیە؟ ، ئەی ئەگەر چاو لە محمد نەکین لە کێ بکەین کێ
هەیە لەو باشترە؟
مەلای گەورەی کۆیە- لە تەفسیرە نایبەکەیدادەڵێت: خەڵکی دۆراو ئەوەیە کە
شوێن بەرنەمەی دوژمنەکەی بکەوێت، چونکە پێی وایە دوژمنەکەی سەرکەوتەوە ئیتر
بەرنامەکەشی هەر سەرکەوتوە..
دەڵێم ئیسلام ئەوەندە گەورەیە، بەڵام هەندێك ئەقڵ هەیە پەی پێنابات، بەڵکو
ئاستی خۆی دادەبزێنێت بۆ لێواری دامێن لە کاتێکدا لە لوتکەدایە.. بەڕاستی
حەیفە خاوەنی ئیسلام بیت و خۆت بە قەزەم ببینیت، لە کاتێکدا ئاینی ئیسلام
عیملاقە ئەگەر راستگۆ بیت لەگەڵ ئاینەکەتدا تۆش دەگەیتە لوتکە.
کۆتای ووتەم لەم تەوەرەدا ئەوەیە دەشێت هەر لە ناو ئەم باسەدا باسی چۆنیەتی
دامەزراوە ی دەوڵەتی ئیسلامی بکرێت، بەڵام من لێرەدا نەهاتوم شیکاری لەسەر
سیستمی سیاسی بکەم ، بەڵکو دەمەوێت وەڵامی ئەوە بدەمەوە کە ئیسلام بۆ خۆی
خاوەنی سیستەمی سیاسی تایبەتیەو هیچ پاشکۆیەکی تر بە خۆیەوە هەڵناگرێت، بۆ
ئەوەی خوێنەر رابکێشم بەلای ئەو شیکاریەدا دەتوانن بچنە ناو پێگەی حیزبی
"تەحریر" زۆر بە وووردی باسی ئەو سیستمە سیاسیە ئیسلامیە کردوە، دەست
نیشانی هەموو وەزارەت و دامەزراوە ئیسلامیەکان کراوە، بە سەدان نوسەری
بەرێزی وەك(د. محمد عەبدلقادرو حاکم المطیری ) نمونەن لەم باسانەدا،
لێرەدا بەوەندە ئیکتیفای پێدێنم و بەجێیدێڵم بۆ زەمەنی خۆی..
دیموکراسی پێوەری بە زانستی ئیسلامی و لەبێژنگدانی
زۆر جار بە ناوی پرۆژەی هاو چەرخەوە دەیانەێت مەزاجی ئیسلامی و دینداریمان
تێك بدەن، دۆستێکی یەکگرتو لە باسی ئەم دیموکراسیەدا دەیوویست
بیهاوچەرخێنێت، لەگەڵ دەقی ئوسوڵی فیقهیدا بەسەرماندا بیفرۆشێتەوە، ئەم
دەقەی هێناوە دەڵێت: (العبرة بالمقاصد و المعاني و ليس بالاسماء و
المباني)..
واتاکەی خۆی دەهێنم: گرنگە چەمك و واتاکان بە تێگەیشتن و لێوردبونەوەی خۆی
بێت نەك تەنها بە ناو شتی روکەش.. یاخود(پهند وانه و ئامۆژگاری به
مهبهست و ئامانجهكانه نهك به ناوو نیشانهكانه)
ئەم پێوەرە پێچەوانەی ئەوەیە کە خاڵکانێك بینەوێت دیموکراسی پێ بشەرعێنن،
چونکە واتاو چەمکی دیموکراسی بۆ خۆی دیارە بەڵام روکەشی جوانە ناوەخنی بۆ
موسڵمان پوچە.. زۆر لەسەر ئەمە نارۆم واتاکە دیارە.
له سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا- رەزامەندی خوای لێبێت - وهفدی
گاورهكانی نهجران هاتن وتیان بۆ جزیه ههرچیتان بویت دهیكهین بهس
ناوهكهی بگۆرن و بیكهنه زهكات! ..
عومەری کوڕی خەتاب - رەزامەندی خوای لێبێت- فهرمووی باشه با زهكات بێت
.. لە پاشاندا عومەر رەزامەندی خوای لێبێت بوو یاخود زانایهكی تره
فهرمووی: ئهوان نەزان و جاهیلن(ئەحمەقن) ناوهكهی قبوڵ ناكهن
ناوهرۆكهكهی قبوڵ دهكهن..
ئیمهش ناوهرۆكمان دهویت !... ئهوی كه گرنگه كاتێك فاروق ئهوهی
قبوڵ كرد له زاراوهیهكی ئیسلامی چوون بۆ زاراوهیهكی تری ئیسلامی ..
واته له جزیه بۆ زهكات !! .. ئهم حالهته مقارنه كردن بێت به
دیموكراسی ههڵهیه بۆ ؟؟
لهبهر ئهوهی یهكگرتوو چوونهته ناو عهمهلیهكی سیاسی
دیمواكراسیهوه جێگهی خۆیان كردووتهوه و ههر دیكۆر نا، بەڵکو بە
واقعیش ناوهرۆكی دیموكراسیان قبوڵ كردووه!.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم هەندێك لە خەڵکی ویەکگرتوەکان دەڵێن:
ئیخوانی میسر چونەتە ناو پرۆسەی دیموکراسی و لەو ڕێگایەوە توانیان دەسەڵات
بگرنە دەست، کێشەکە لەوەدا نیە کە مرۆڤ لە ناو پرۆسەکەدا کار بکات ، چونکە
بەدرێژای ١٠٠ ساڵی عەلمانی ئەم دیموکراسیە بۆتە دیوەزمە و ئەمری واقع
بەسەر دارئیسلامو ووڵاتی موسڵمانانەوە بە گشتی، بەڵام گرنگ ئەوەی
لەپرۆسەکەدا گەر بەشداری بکەیت، بەڵام تەبەنی فیکرەکە نەکەی، قسەی مکانیزمی
دیموکراسی لێرەدایە، لەناو پرۆسەکەدا دیموکراسی وەك میکانیزمی
ئیسلامەیەکان بۆ دەسەڵات ئاسایە ، بەڵام تەبەنی کردنی نەهەمامەتی
وسەرگەردانیە، ئەوەندەی من ئاگاداربم و ووردبونەوەم هەبووبێت لە قیاداتی
ئیخوان و بانگخوازەکانی هیچ کات تەبەنی دیموکراسیان نەکردوە، مەگەر لە
ووتاریکیدا مورسی وەك ووتەی سیاسی بەکاری هێنابێت..
کورتەی ووتەکەم ئەوەیە: گرنگە لە پرۆسەکەدا بەشداری بۆ هێنانەوەی سیستمە
ئیسلامیەکە، نەك بەرزکردنەوەی سیستەمە دیموکراسیە. جیاوازی بیرکردنەوەکان
لێرەوە سەرچاوەدەگریت.
ئەو دۆستەمان لە قیاداتی یەکگرتوە دەڵێت.. أينما وُجدَت المصلحة فَثمَ شرع الله..
ئەم دەقەی تر تۆزێك لەسەری هەڵوێستە دەکەم..
لە کوێدا بەرژەوەندی هەبوو ئەوا شەرعی خوا لەوێدایە،،
بەرژەوەندی ... سێ جۆری ههیه..
یەکەم: بەرژەوەندی بهتاڵ و ئاماژە بۆ نهكراو ... وهكو قومار و عهرهق
فرۆشتن ... له ئوسڵدا پیی دهوتریت: (المصلحه الملغیه)..
دووەم: بەرژەوەندی ڕاستی و تەندروست و ئاماژە بۆ کراو وەکو ...
كۆكردنهوهی قورئان لهسهردهمی عوسمانی کوڕ عەفاندا و گەورەکردنی مزگەوت
حەرەم و ..له ئوسوڵدا پیی دەڵێن: (المصلحه المعتبرة)
سێیەم: بەرژەوەندیەك كه شهرع لیی بێ دهنگهو به راستهوخۆ ناڵێت بیكه
یان مهیكه و جێی هیشتوه بۆ ئیجتیهادی موجتههید .. لە ئوسوڵدا ناوی :
(المصلحة المرسلة يان المطلقة )
ئەم بنەما ئوسوڵیەی ئەو دوستەمان : دەیەوێت پێمان بڵێت لەکوێ بەرژەوەندی
راستی و تەندروست وئاماژە بۆکراو هەبوو : ڕاستی و حەق بێت ئەوا شەریعەت لەو
جێگایەدا حزورو بونی هەیە وە پشتیوانی دەکات.!
هەندێك لە زانیان ئوسوڵ رایان وایە تەنها دووجۆر هەیە: المصلحة الملغية + المصلحة المعتبرة ..
ئەم پێوەر بۆ دیموکراسی لە سەربنەمای ئوسوڵ زانیان ناویان ناوە بە پێوەری گەندەڵ (قیاس الفاسد)
دیموکراسی سی لایەنی هەیە..
یەکەم حەقە .. دوەم باتڵە ... سێیەم حهق و باتڵ تێیدا تێكەڵە..
ئهگهر حهقه به میزانی بیرواوەڕو و شهریعه ئهوه بهڵێ رازین بە دیموکراسی ..
ئهگهر باتڵه ئهوه قسهكهش باتڵه و قیمهتی زانستی له دهست دهدات ..
ئهگهر حهق و باتل تێكهڵە وهكو تێكهڵ كردنی پارهی حەڵال و حهرام
وایه ههمووی حهرام دهكات !! ... دیموكراسیش وهكو زاراوهو وهكو چەمك
یهك واتای هەیەو پێکەوەگرێدراوە(مەنزومەیە) پارچهپارچهكردنی وهكو
ههندیك ئیسلامی (نەشارەزا لە سیستەمی سیاسی ئیسلامی) دهیانهویت. ئهمە
بێ ئاگاییه لهشهریعهت و دیسان بێ ئاگایە له دیموكراسیش.
لە دیموکراسیدا بەرژەوەندی تێدایه؛ بهڵام به بهراوورد بهبەرژەوەندی
شهریعه داماوییە، ئهوهی دیموكراسی بەرژەوەندیەکی وههمهیه(سوفستائیە)
یاخود فەنتازیای شاعیرانەیە!! من كه خۆم باشترم پێ بێت چۆن بیگۆرمهوه
به بدیلیكی وههمی و فەنتازیای شاعیرانەوە پینهو پهرۆ كراو ؟!
ئهم قاعیدهیه :( أينما وُجدَت المصلحة فَثمَ شرع الله) خهڵكی قانونی و
شهرعیهكانیش بهكاری دێنن ، بهڵام نابێت بكرێته هۆكاری تفضیلي ههژمونی
بەرژەوەندی بهسهر ههژمونی شهریعهتدا وهكو ههندیك دهیانهویت !!
راستر ئهوهیه بهم شیوهیه بێت ..(حيثما وجد الشرع فثم مصلحة العباد)
واته : لە كوێدا شهرعی خوا ههبوو مصلحهت ههیه!.. ئەم بنەمایەش بە
رەها نیە؛ خۆ کاتێك ریبا و قومارو کاری خراپە لە هەر جێگایەکدا هەبێت
شەریعەتی خوای لێیە؟ بیگومان نەخێر..
هیودارم ئەو دوستەی یەکگرتومان پەی بەو جۆرە دەقانە بەریت وەك خۆی مامەڵەی
لەگەڵدا بکات، من دڵنیام لەوەی کە بەتوانایە، بەس بۆ وا بەکاری هێناوە،
ئەوە دەبێت خۆی وەڵام بداتەوە.
ئیسلام پرۆژەی هەموو چەرخێکە، نەك ئیسلامی هاوچەرخ
زۆر جار کە دەستەوە ئێخە دەوستم لەگەڵ هەموو زارەوەکاندا کە لە ئیسلامەوە
سەرچاوەیان نەگرتوە، مانای وانیە کە دۆگمایی چەقبەستوی لە دیدو بۆچونمدا
دەبینرێت، نا- بەڵکو من پێموایە ئیسلامەکە خۆی هەموو جوانیەکی تێدایە و لە
لوتکەدا، ئیسلام بۆ خوای خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆیەتی بە تایبەتی لە رووی
رۆشنبیریەوە، ئەوەی کە منی بێزر کردوە.. کەڵەکە و تەرکومەبوونی رۆشنبیری
گەلان و ئەفکاری ترە کە کاریگەری کردۆتە سەر تاکە موسڵمانەکان، بە
رۆشنبیری عەلمانی و یان دیموکراسی یاخود لیبراڵی بۆچون بۆ ئیسلام
دەردەبڕێت وشیکاری پێ دەکات، کارەساتەکە لێرەوە دەست پێدەکات، من دژی هیچ
رۆشنبیریەك نیم، بەڵکو ئەوە رەت دەکەمەوە کە مرۆڤێك لەسەر رۆشنبیر ئیسلام
ماڵ بێت و بە رۆشنبیریەکی تر بیر بکاتەوە، لای من ئەمە خیانەتی عوزمایە..
خەڵکی موسڵمان جیاوازی هەیە لەگەڵ هەموو کەسێکی تردا کە پابەند نیە بە
ئاینەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا لەناو موسڵماندا دوو شێوە موسڵمان هەیە کە دەکرێت
بە دوو چەمک باسی بکەین.. ئەم دوو چەمکە پێویستە خەڵکی موسڵمان باش
لێوردبێتەوە ئەویش بریتیە لە موسڵمانی پابەند واتا(ملتەزیم) وە کەسێکی سادە
کە موسڵمانیەتی وەك باری کۆمەڵایەتی وەرگرتوە، ئەم دوو جورە خەڵکە زۆر
جیاوازن لە ڕەفتارو کرداریاندا.. لای ئەوکەسەی کە پابەندە بە ئاینەکەیەوە
پێویستە رۆشنبیری ئیسلامی بەتەواوەتی هەموو کیان و ژیانی داپۆشیبێت..
ڕۆشنبیرانی ئیسلامی ئێستا کاریگەری عەلمانیەکانی بەسەرەویە هەموو ڕەفتارو
کرداریان و تەنانەت بیرکردنەوەیان وەك یەكی لێهاتوە لەگەڵ عەلمانیەکاندا،
هەڵەبەت مەبەستم گشتی و بە رەهایی نیە ، بەڵکو زۆرینە لە ناو موسڵمانانی
پابەند بە ئیسلامەو ئەوە دەبینرێت زیاترهەست بە رۆشنبیری جەماوەریان دەکرێت
نەك ئیسلامی واتا(ماسس میدیا) ، هەموو کێشەکە دەگرێتەوە بۆ ئەوەی کە
موسڵمانانی پابەند .. رۆشنبیریەکەیان لاسنگە و بە ئیسلام پارسەنگیان
نەکردوە، جارێ پێش هەموو شتێك دەبێت بزانین پێناسەی رۆشنبیر چیە؟ پێناسە
رۆشنبیر لە سەدەی پێشودا زیاتر لە (٣٠٠٠) پێناسەی بۆ کراوە، لە ساڵی
ڕابردودا ئاماژە بە زانایەکی ئەمریکی بەناوی “دانییل بل” کرا لە گۆنگرەی
رۆشنبیری ئەمریکی کە تێیدا زیاتر لە (١٠٠٠) پێناسەی تر بۆ رۆشنبیری کراوە
لە لایان زانایانی ئنترۆپۆلژیاو زانایانی کۆمەڵناسی و..هتد.
پێناسەی رۆشنبیری لە زمانی ئینگلیزیدا بە واتای کشتوکاڵ و بەرهەم هێنان
دێت، لە زمانی عەرەبیدا بەواتای هەڵدانی “رم “دێت بۆ جێگای مەبەست، لە ناو
کوردا بەو کەسانە دەڵێن کە زانیاری کۆدەکەنەوە لە بوارەکانی ژیاندا تا
رۆشەن بیر دەردەچن، لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەو ناوەیان پێوە لکاوە..
لە ڕاستیدا ئیسلام هیچ کێشەی نیە لەگەڵ هیچ پێناسەیەکیاندا، بەڵام ئیسلام
خۆی خاوەنی پێناسەی تایبەتە بۆ رۆشنبیری هەریەك لە بیرمەندانی ئیسلامی بە
جۆرێك پێناسەیان کردوە بە هێزترین پێناسە لای من پێناسەی دکتۆر موستەفا
سوباعیە کە دەفەرموێت: رۆشنبیری ئیسلامی واتا تێگیشتنە لە ئیسلام بە
شمولی.. هەرچەندە ئەم پێناسەیە تەواو نیە بەڵام واتا گشتیەکەی بەم شێوییە..
هەموو دەقەکەم نەهێناوە..
ئەوەی کە پێناسەی منە بۆ ڕۆشنبیری.. لەدوای گەڕان و لێکۆڵینەوە
پرسیارکردنێکی زۆر دواندنی دەیان بیرمەندو زانا من بۆخۆم گیشتمە ئەو..ئەو
ڕایەی کە بڵێم ڕۆشنبیری بریتیە : لە کۆکردنەوەی زانیاری و کەلەکە کردنی
واتا”تەراکومە” بوونی زانیاری لە مێشکی خەڵکیدا تا بتوانێت شیکاری پێبکات.
لە ڕاستیدا پێناسەکە لە شیکاریەکەوە دەست پێدەکات.. مەبەست لە شیکاری
ئەوەیە.. ئەو هەموو زانیاریەی کە کۆ دەکرێتەوە، پاشان چۆن پێچەوانەی
دەکەیتەوە، ئاراستەی ناو گۆمەڵگای دەکەیتەوە.. بەومانایەی کەچۆن شیکاری بەو
زانیاریە کەڵەکە بوەکان بکەیت واتا”تحلیل” بەو زانیاریانە بکەیت، ئەمە لای
من رۆشنبیری ئیسلامیە.
لەڕاستیدا ئەم دیدو بۆچونە زۆر بە کەمی لە ناو ئیسلامیانی کوردا دەبینرێت
کە پێندەڵێت؛ بۆ ئوسوڵی بیر ناکەوە واتا ئیسلامی و دیندارو موسڵمانەن
سەیری ئەم گەردون ژیان و دەسەڵات ..هتد بکەن. کەچی رێك وەك عەلمانیەکان بە
رەجعی و دواکەوتو کۆنە پەرست تەماشا دەکرێت، لەبەر ئەوەی رۆشنبیرەیە
ئیسلامیەکە لە بیرو دیدیا هیچ رەنگدانەوەیەکی نیە، لە کاتێکدا ئیسلام،
هەمیشە لە نوێ بوونەوەدایە.. بە جیاواز لە بیرو بۆچونەکانی تری دوونیا بە
گوێرەری سەردەم ئیسلام خۆی نوێ دەکاتەوە ، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاری بەسەر
دەقە کۆنکرێتیەکاندا بێت، ئەم بارو رەوشە ئەومەن نیشان ئەدات ئیسلام بۆ
خۆی موعجیزەیە، لە بەرنامەکانی تری دونیا ناچێت، خوای گەورە وای کردوە کە
لە هەموو زەمان و مەکانێکدا خەڵکی پیویستیان بە ئیسلام بێت نەك ئیسلام
بگۆرێت لە بەر خاتری خەڵکی، ئاین هەموو سەد ساڵ جاریك خوای گەورە نوێ
دەکاتەوە،لە هەموو بوارەکاندا ، نوێ دەکاتەوە بە راڤەکارێك و بە زنیانی
فەرمودەوان و و شەریعەت زان و سیاسەت ناس و قیادەی نوێ لە هەموو
لاینەکانیەوە ئەم یینە نوێ دەکاتەوە، ئیتر ئەو قسەیەش هیچ ئەرزشی نیە بڵێن
پیویستە ریفۆرم بکرێت لە ناو ئاینی ئیسلامدا، چونکە خوای گەورە خۆی کە
ئاینەکە دەپارێزیت، بەو مەرجە کە کۆمەڵگا ئیسلامیەکان وابر دێنێت کە
بەتەوەتی پێویستی بە ئیسلام بیت لە هەموو لاینەکانەوە، دەقی فەرمودەکەش کە
گێراوتەوە بەم شێویە سەروەرمان دەفەرموێت(صلی اللە علیە وسلم):..(آن اللە
یبعث لهذە الآمە علي رآس کل مائة سنة من یجدد لها آمر دینها).. هەموو سەد
ساڵێك جارێك خوای گەورە خەڵکانیك دەنرێرێت لەسەربنەمای ئاینەکە نوێ
دەکەنەوە گۆمەڵگا ئارزوو مەندە بۆ وەرگرتنی، چونکە کامەی زۆر خۆی بەشارەزا
دەزانێت لە ئیسلامدا کە لە هەر زانستێکی ئیسلامیدا لیکۆڵینەوە دەکات رۆژ بە
رۆژ و ساڵ بە ساڵ سەدە بە سەدە زانستی نوێ و سیستەمی نوی تێدا بە دی
دەکرێت، مطشکی مرۆڤەکان زیاتر فراوانتر دەکات، نمونەی وبەڵگە بۆ ئەم
ووتەیەم.. چەند جار قورئان بخوێنەوە ئەگەر زیاد لە ١٠٠٠ جاریش خەتمی
بکەیت هەموو جارەکان کە دەچیتەوە سەر ئایەتی وا هیە دەڵێت یەکەم جارە بە
خزمەتی گەیشتووی و یاخود ژیانی پێغەمبەرمان(صلی اللە علیە وسلم) چەند جار
بیخوێنتەوە ئەوندە نێهنیو موعجیزەی نوی ترت بۆ دەردەکەوێت، کەواتە سیستمی
سیاسی ئیسلامیش بە پێوەر لە سەر هەموو زانستەکانی تری ئیسلام هەموو جارێك
خۆی نوێ دەبێتەوە، بە درێژای مێژووی دیموکراسی لە ناوچەکەدا هەر دژی
ئیسلامیەکان بووە ، لەسەر سندوقی دەنگدان داژی موسڵمان سەختەو تەزویری
دوونیا پێکراوە، نمونەی دیموکراسی تورکیاو ووڵاتانی ترمان لەبەرچاودایە کە
لەسایەی دیموکارسیدا ناوێرن بە ئاشکرا باس لە دورشمە ئیسلامیەکان بکەن،
بەڵام ئیسلام بۆ خۆی گەرەترین پرۆژەیە ئەگەر بێت شوێنکەوتوەکانی بەراستی
پیادەی بکەن ، ئەوەی کە بیری لێناکیتەوە بۆ گۆڕانکاری گۆمەڵگا ئیسلام وەك
موعجیزە پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکات.
پرۆژەی ئیسلامی لە گۆڕانکاری لە ئێستاو ڕابوورودا
گۆڕانکاری لە ناو کۆمەڵگادا بە بەرنامەی ئیسلامدا هاوشێوەی زۆر کەمە، بەو
مەرجەی بانگەوازچیانی ڕاستگۆ بن لەگەڵ بانگەوازەکەیدا، وەك خۆی بانگەشەی بۆ
بکەن نەك لە بەر خاتری خاترن زیاد و کەمی بکەن، چونکە وەرناگیرێت ئەو دەمە
بۆ رەزامەندی خوا نیە، بەڵکو بۆ رازی کردنی خەڵکی ترە...ئەم بنەمایە
ووتەی پێغەمبەرو(صلی اللە علیە وسلم)، هەروەها پیاو چاکانی ئەم ئیسلامیە،
ئەگەر هاتوو لەسەر ئەو بنەمایە رۆشتین ئەوە دڵنیاتان دەکەمەوە.. هیچ
سیستمێکی ترمان ناوێت، چونکە سەروەرمان بە ڕاشکاوەنە دەفەرموێت: ئەوەی
بۆم بە جێهیشتون وەك چەرچەفێکی سپی بێ لەکەیە، مەبەست پێی ئاینی ئیسلامە،
شەوی وەك رۆژی درخشانە پاك و بێگەردە، ئەوەی سەرلێشاواو نەگبەتەئەو کەسەی
دەستکاری دەکات و وەك خۆی پەیڕەوەی ناکات، ئەمە دەقی فەرمودەکە
سەروەرمان(صلی اللە علیە وسلم) ..( تركتكم على البيضاء ليلها كنهارها لا
يزيغ عنها بعدي الا هالك ومن يعش منكم فسيرى اختلافا كثيرا).
هەروەها دەفەرموێت کە توشی راجوێی زۆر دەبنەوە لە نێوانتاندا..
ئەم نەخۆشی راجوێی و قسەی خۆ فەرزکردنە، دەست نیشانی دەرمانەکەیشیمان بۆ
دەکات بۆئەوەی توشی فەشەل نەبین.. دەفەرموێت(صلی اللە علیە وسلم) فعليكم
بما عرفتم من سنتي وسنة الخلفاء الراشدين المهديين عضوا عليها بالنواجذ،
وعليكم بالطاعة وإن عبدا حبشيا، فإنما المؤمن كالجمل الأنف حيثما قيد
انقاد." قال الشيخ الألباني : صحيح.
ئەویش ئەگەر توشی هەر کێشەیەك و جیاوازی بووینەوە لە دیدی و بۆچوندا زۆر
بە ئاسانی دەیگەرێنینەوە بۆ قورئان سوننەت و خەلیفەی پێگەیشتوو، شیکاری ئەم
باسەم لە سەرەوە زیاتر کردوە بەوەندە وازی لێدەهێنم..
پاشان..
ئەبو رەجائی عەتاردی دەفەرموێت: پێش ئەوەی ئیسلام بێت ئێمە گەلێکی جاهیل
بوون، بەردمان دەهێناو دەمانپەرست، ئەگەر بەردێكی جوانترو چاکترمان دەست
بکەوتایە ئەومان فرێ ئەداو دەستمان دەکرد بە پەرستنی ئەو بەردیە تریان، خۆ
ئەگەر لە سەفەر بووینایەوە هیچمان دەست نەکەوتایە بمانپەرستایە.. ئەوا
خۆڵمان کۆدەکردوە شیری حەیوانمان تێکەڵ دەکرد تا دەبوو بە قورێکی زۆر جوان
دەمانکردە سیرامیك و ئیتر دەمانپەرست و بە دەوریدا دەگەراین..
- ئیسلام ئەم گەلە جاهیلانەی هەموو گۆڕانکاری بەسەردا هێنان لە رووی بیروباوەڕەوە..
دوایی هەموو گەلانیان فێری توحید و یەکتاپەرستی کردو جیهانیان فێری
بیروباوەڕی راست دروست کردوە لە جێگایەكەوە کە هیچ شارستانیەتێکی تێدا
نەبوو، ئەم گۆڕانکاریە بە ئیسلام کرا..
لەناو عەرەبدا کچی خۆیان دەهێناو بە زیندوی چالێکیان بۆ هەڵکەند و هەتا
چاڵەکەیان پردەکردوە بۆ خۆڵ بەسەریدا تا دەمرد، ئەم کۆمەڵگا دڵ رەقە دوای
دڵیان دەسوتێت بۆ گەلانی تری جیهانو رەحم و بەزەییان لە ناو خەڵکیدا
بڵاودەکردوە، پاشان بۆ پشیلەیەك و یاخود بۆ سەگێك بەزەییان دەنواند، کێ
گۆڕانکاری لە ناو ئەم کۆمەڵگایەدا کرد، گومانی تێدا نیە ئیسلام گۆڕانکاری
کرد لەناوێندا..
- گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کرد لە ناو ئەو گۆمەڵگا رەقە و بی هەستە و سۆزەدا..
پیاویەکی وەك عومەری کوڕی خەتاب ئەوەندەی لە جاریەکەی دا لەسەر ئەوەی
موسڵمان بوو، دوای کە وازی لێهینا، دەیفەرموو وازم لێنەهێناوی لەبەر ئەوەی
بەزەیم پێتا دێتەوە ، بەڵکو من خۆم هیلاك بووم توشی مەلەل بووم، دوای ئەم
پیاوە ئەوەندە دڵنەرم بوو بەم ئیسلامە، دوای ئەوەی کە موسڵمان بوو دەگریا
دەیفەرموو زۆر دەترسم لەسەر ڕێگایەك کە ئاژەك پێدا بڕوات چاك نەکرێبێت لە
عێراقدا، زۆر دەترسم لە قیامەت لێپرسینەوەم لەسەر بکرێت..
- گۆڕانکاری لە رووی تاك و بۆ چاکسازیو خزمەتکردنی خەڵکی بە پرۆژەی باش..
عەرەب لە ژیانیدا بیر لەوە نەکەردۆتەوە ژمارەیان ئەوەندە کۆبێتەوە کە
جەنگێکی پێبکەن لەگەڵ فارس و رۆمادا، بەڵام کە دەبنە خاوەنی ئیسلام،
بەیکجار بزوتنەوەی گۆڕانکاری لە رووی سەربازی فیکریەوە سەد پلە گۆڕانکاریان
بەسەردا دێنێت، قورەیش ئاواتیان بووە تەنها بڕۆنە ناو لێوانی کیسرا، تەنها
یەك كەس لە قورەیش چوووبوە لای کیسرا هەموو عەرەبی قوریش شانازییان پێوە
دەکرد ، بەڵام ئیسلام هاتوو هەر دوو ئیمپراتۆرەکەی خستە ژێر دەسەڵاتیان،
جزیەشیان لە ئیمپراتۆریەتی چین وەردەگرت، ئەم گۆڕانکاریە بە هەموو پێوەرێك
موعجیزەیە لە رووی مادیەوە، بەڵام بە سیستەمی ئیسلام و بە ئاینی ئیسلام
کارێکی زۆر ئاسایە هەر کەس رێگاو شوێنی ئەوان هەڵبگرێت، هەمان کار دووبارە
دەکاتەوە.
- لەرووی سەربازیەوە گۆڕانکاری تەوای کرد لە ناو خاکێك کە بەدرێژای مێژووی خاوەنی هیچ شارستانیەتێك نەبووە..
هەموو ئەم نمونانەی کە باسم کرد، لە راستیشدا مشتێکە لە خەروارێکی ئیسلام،
کە لە ساڵی ١٩٢٠ی ز دا نەرویج و هۆڵندا یاسای میراتیان لە ئیسلامەوە
وەرگرت، لە فەرەنسایە بە ڕاشکاونە لە ساڵی ١٩٤٢ی ز دا سەرۆکی دادگای گشتی
ئەو ووڵاتە ووتی ئێمە یاسای میراتی ئیسلام پیادە دەکەین چونکە باشترین
یاسایە، زۆر بەدەگەمن ئەو سیسیتمە یاسایە لە خێزانێك بۆ خێزانێکی تر
دووبارە دەبێتەوە، لە سەحراو خاکێکی ووشکەوە یاسایەك بێت، لە سەدەی بیستدا
ووڵاتانی پێشکەوتوو بەکاری بێهێنن، کەچی ئێمە خۆمان شانازی پێوە نەکەین؛
شتێك بیێنن کە پینەو پەرۆیە ئەوەی خۆمان جوانترو باشترە لە هەمووی، ئەمە بە
هەموو پێوەرێك نیشانەی دۆڕانی ئەو کەسانەیە کەوا بیر دەکەنەوە.
خاڵی جەوهەرو کۆتای ئەوەیە ئیسلام گۆڕانکاری دەکات لە ناو هەموو خەڵکێکدا،
گۆڕانکاریەکی زۆر خێراو بنەڕەتی ئیتر ئەم ئیسلامە بۆ وەك خۆی پیادە
نەکەین.. پاشکۆی بۆ زیاد بکەین؟
کۆتای بە ووتەیەکی محمد غەزالی دێنم.. دەفەرموێت: دوسیەی ئیسلام لە دادگای
ژیاندا بروایە، بەڵام بەداخەوە پارێزەرەکانی فاشلن.. بەڕاستی ئەوەی خۆی
بە محامی ئیسلام دەزانێت دەبێت بە چەکی زانستی ئیسلام خۆی پرچەك بکات، دەنا
قسەکەی محمد غەزالی بەسەردا دەچەسپێت و بانگخوازێکی فاشلی لێ دەردەچێت.
هیوادارم برایان یەکگرتو بە رۆحێکی وەرزشی وەریگرن ئەو بیرە نائیسلامیانە بڵاو نەکەنەوە.
فَسَتَذْكُرُونَ مَا أَقُولُ لَكُمْ وَأُفَوِّضُ أَمْرِي إِلَى اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ بَصِيرٌ بِالْعِبَادِ ..