ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
نیشتمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت كە یەكێتی باوەڕی بە تەعەدودییەت هەیە و
بڕوای بەوە نییە هەموو كورسییەكان بۆخۆی ببات.
عومەر
فەتاح، دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشبینی دەكات یەكێتی
لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگێكی باش بەدەستبهێنێتو دەڵێت "ئێمە لەگەڵ
چەپكەگوڵینو حەزمان لێیە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمووانی تێدا بێت".
جێگری
پێشووتری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەپەراوێزی بەشداریی لەمەراسیمی چلەی
ماتەمینیی شێركۆ بێكەس، لەسلێمانی بۆ (رووداو) قسەی كرد. ئەو سەبارەت
بەرێژەی دەنگو ئەنجامەكانی یەكێتی لەهەڵبژاردنی (21)ی ئەیلول وتی: یەكێتی
دەنگێكی زۆر بەدەست دێنێ و خەڵك دەنگی پێ دەدات. هەر كەسێك بیباتەوە ئێمە
پیرۆزبایی لێدەكەین، بەڵام دڵنیاین لەوەی كە ئێمە دەیبەینەوە".
ئەو
كارگێڕەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت بە بەشداریی
بزووتنەوەی گۆڕان (ركابەری سەرەكیی یەكێتی لەناوچەی سلێمانیو گەرمیان)
لەحكومەتی داهاتوودا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیو وتی: "ئێمە لەگەڵ چەپكەگوڵینو
حەزمان لێیە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمووانی تێدا بێت. مەبەستیش
لەچەپكەگوڵ ئەوەیە كە هەموو ئەوانەی ئەم میللەتەیان پێكهێناوە".
عومەر فەتاح لەكۆتایی لێدوانەكەیدا جەختی لەوە كردەوە، كە یەكێتی دەیباتەوەو دووپاتیكردەوە "دڵنیا بن دەیبەینەوە، باشیش دەیبەینەوە".
پرۆسەی
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە(2013/9/21) بەڕێوەدەچێت. لەم
هەڵبژاردنەدا (1129) كاندید ركابەریی دەكەن بۆ بەدەستهێنانی (111) كورسی
پەرلەمان. بۆ ئەو مەبەستەش بانگەشەی هەڵبژاردن لە(2013/8/28)
دەستیپێكردووە.