15/09/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ئیسلامیەکان موشریکن!
دانانی شەریك و هاوبەش بۆ خوای گەورە یەکێکە لەو تاوانە گەورانەی کە لێخۆشبوونی نی یە لە ئاینی ڕاستی ئیسلامدا، قورئان بە ڕاشکاوی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت وەك خوای باڵا دەست خۆی دەفەرموێت:
(إن الله لا يغفر أن يشرك به ويغفر ما دون ذلك لمن يشاء)
ئەگەر بێت و بگەڕێینەوە بۆ مێژوو وە لە پێش هاتنی ئاینی ڕاستی ئیسلامەوە دەست پێبکەین، کافرەکانی ئەو سەردەمە زۆرینەی بتیان دەپەرسن لەشێوەی بەردو تاشراوی بە ئارەزووی خۆیان! لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیان بەو خوایە هەبوو کە لە ئاسمانەو خولقێنەری گشت بوونەوەرە، قورئان ئەمەشمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە وەك دەفەرموێت:
(وَلَئِنْ سَأَلْتهمْ مَنْ خَلَقَ السَّمَوَات وَالْأَرْض لَيَقُولُنَّ اللَّه)
بەڵام ئەوەی کە کێشەی گەورە بوو باوەڕ نەبوون نەبوو بەخوا لە ڕووی پەرستنەوە، بەڵکو دانی مافگەلێك بوون بەو دارو بەردە کە کاری ئەوان نەبوو کاری خوای باڵا دەست بوو، لە باوەڕبوون بەخوادا کێشەیان نەبوو، لە پەرستنی خوای گەورەدا کێشە هەبوو، ئەمەش دانانی بەردێكە لە جێگەی خوادا کە ئومێد گەلێکیان پێوە بەستووە ئیشی ئەو بەردە نی یەو بۆی جێ بەجێ ناکرێت، بەڵکو ئیشی خوای گەورەیە، ئەو کارانەی کە مافی خوای گەورەیەو تەنها هەر بەویش دەکرێت ئەوان ئەو مافەیان بەو بەردە دەدا لە جێگەی خوادا بۆیان بکات! نەك هەر ئەوە بەڵکو بە حسابی خۆشیان لە خوایان نزیك دەکاتەوە!
بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار خواکان زۆر زیادی کرد! نەك خوای تاك و تەنها لە باوەڕبووندا، چونکە ئێستەش هەمووی هەر باوەڕی بەوە هەیە، بەڵکو لە هاوبەش بڕیارداندا بۆ خوای گەورە کە کۆمەڵێك مافی خوای گەورە هەیە بەسەر بەندەکانیەوە لێی دەستێننەوەو دەیدەن بە شت گەلێکی تر وەك بەردە تاشراوەکەی سەردەمی جاهیلی.
ئیتر ناوەکان زۆر بوون جاران خوا دروستکراوەکان تەنها بەرد بوون، دوای وای لێهات بوو بە ئینسانیش! وەك بوزیەکان کە ئەوەندە ئومێدیان پێوە دەبەست دوای مردنیشی هەم دیسان ئینسانەکە کراوە بە پەیکەر! ئێستە لە بەردەم پەرستگاکانیاندا کە خۆم دیومە لە ووڵاتان لەسەروی هەموویەوە لە بەریتانیا هەیەو زۆر ڕێزی لێ دەگرن! لە ووڵاتی زانست و تەکنەلۆژیاو مەعریفەتدا کەسانێك هەن ئەوە ئەقڵەکەیانە!، هەشە زۆر لەوە زیاتر کە باوەڕی بە هیچ پەرستراوێکی تر نی یە! بەڵکو تەنها بەخۆ نەبێت!!، ئێمە زۆرمان لەم شێوەیە بینووە باوەڕی تەنها بەخۆی هەیە چۆن؟ خۆی کردووە بە شەریك و هاوبەشی خوا، ئەڵبەت نەك خۆشی وەك لایەنە فیزیکیەکە، بەڵکو ئارەزووەکانی!!!، کەسێکی شەرواڵ پیسە بۆ نموونە ئامادەیە لە پێناو ئەو شەرواڵ پیسیەدا هەتا زەواج لەگەڵ دایك و خوشك و کەسە نزیکەکانی خۆشیدا بکات، کە زۆرمان لە ڕاگەیاندنەکاندا بینووە، پێچەوانەی هەموو ئەقڵێکی سەلیمە، ئەوە ئەگەر پەرستن نی یە چی ناوێکی تری لێ بنێین؟ هەیە پارەی کردووە بە هاوبەشی خوا ئامادەیە لە پێناویدا ژن و منداڵەکانی لە خەودا بکوژێت لە پێناو پارەدا، ئامادەیە گەوادی بۆ ژنەکەی خۆی بکات لە پێناو پارەدا! ئەرێ خەڵکینە زانایانی ئیسلامی بەڕێز ئەمە پەرستن نی یە؟! هەیە بۆ کورسیەکەی ئامادەیە هەرچی کورسی دونیا هەیە بیڕوخێنێت و بیسوتێنێت ئەگەر پێی بکرێت، ئایا ئەمە پەرستنی کورسی نی یە؟، بە واتایەکی تر هەر شتێك هەوڵەکانی بۆ چڕکراوەو لە پێناویدا تەزحیەی بۆ بدرێت و گوێ بە چوارچێوە شەرعی و دەقەکانی خوای گەورە نەدرێت و بۆی بشكێنرێت ئەوە هاوبەش بۆ خوا پەیدا کردنە لە پەرستندا، هەمان تێگەشتن و ئامانجی بەردەکەی سەردەمی جاهیلی بەسەردا دەدرێت با بەردیش نەبێت، هەیە عەورەتە، هەیە ماڵ و خانوی جوانە، هەیە سەیارەیە، هەیە دڵدارەکەیەتی، هەیە پارەیە، هەیە کورسیە، ئافەرنیێکە کە لێی بکرێت، هەیە حقدە، هەیە هەمووشیەتی بەس تەنها خوا نی یە...!
ئەمانە بە بڕوای من دوای ٢٠ ساڵ لە خوێندنی شەرعی و چەند بڕوانامەی شەرعی گەشتووم بەم ئیجتیهادە...ئەگەر هەڵەشم تکایە ڕاستم بکەنەوە چونکە من ملم لە موباریکتر بەرانبەر شەرع و ئایەت و حەدیس، ئامادەم کام ووڵات دوورە بۆی بڕۆم لەسەر مەسرەفی خۆم بۆ گەشتن بەم حەقیقەتە.
ئێستە با بە کورتی بێینە سەر پەرستراوێکی تر لە کوردستاندا کە ئەویش پەرستنی حیزبایەتیە لەبیرمە هەر لەسەرەتای خوێندنی شەرعیدا زۆر بە گوێماندا دەدرا ئەم فەرموودەیە (لا طاعة لمخلوق في معصية) ئێ ئەگەر طاعەتی مەخلوك کرا بۆ مەعصیەتی خالق ئەوە چی یە ئەگەر پەرستن نەبێت، باس لەوە ناکەین بەزۆرو ئەوەی کە شەرع ڕێگەی پێداوە، کابرا دەنێرن فڵان بکوژێت! قەتڵ ئەی هاوار بەبێ بڕیاری دادگا بەبێ هیچ بنەمایەی شەرعی دروست کەسی قاتڵ ئەو کەسەی کە ئەمری پێ دەکات بکوژە نەیکردووە بە شەریك لە پەرستندا؟ کەسی ئەمر پێکەر ئارەزووەکەی نەکردووە بە شەریکی خوای گەورە؟
ئەو هەموو بتە ئێستە لە کوردستاندا هەیە بۆ زۆرتر باسی لێوە ناکەن و ڕوونی بکەنەوە بۆ خەڵکی، ئەوەندە عوزرمان بۆ بەرانبەر هێنایەوە سنوری شەرعی تێپەڕاند، خوای گەورە پەنامان بدات خەریکە ئەمیش ببێتە هاوبەشێك بۆ ئێمە.
کابرا نوێژکەرە بەس نوێژەکەی بە حساب بۆ خوایە کە لەناو نوێژەکەیدا بیر لە بێ ئەمری خوا دەکاتەوە، واتە هەر وەستانێکی درۆی فاتیحەیەك نازانێت مانای چی بەبێ ئەوەی دانیشی پێدا بنێ هەر بەلێو دەیخوێنێت بە حساب بۆ خوایە، ئیتر باقی ئەوە بۆ حیزبەکەیەتی! ئامادەیە قەتڵ، جاسوسی، دزی، داوێن پیستی، هەرچی پێچەوانەی ئەو ڕێگەی ڕاستە بێت کە لە فاتیحەکەدا بە حساب دەیخوێنێت ڕۆژانە، ئەمانەش هێشتا چینێکن لە پێش چینێکی ترەوە کە گاڵتەی بەو نوێژەش لێ دێت! ئەی ئایە ئەمە پەرستن نی یە؟
کەسێك حوکمی بەدەست بێت و حوکم بە قورئان نەکات چی یە؟ ئیتر واز لەوەش دێنم ئایەتەکان خۆم بیهێنمەوە بۆ خۆتانی جێدەهڵێم بەدوایدا بگەڕێن...
کەسی حوکم دەر بەدەر لە حوکمە شەرعیەکان، ئەو ئارەزووە ئەگەر خوا نی یە چی یە؟ ئەگەر هاوبەشی خوا نی یە چی یە؟ ئەگەر ترس لە غەیری خوا نی یە چی یە؟ ئەگەر ماف سەندنەوە لە خواو دانی بە غەیری ئەو نەبێت چی یە؟
بەداخەوە ئێمەیان تا ئێستە بە نوێژێکی بێگیان و سەرپۆشێکی درۆ یان نیوە سەرپۆشێك خەڵەتاندووە! دین نێوانی ئینسان و مرۆڤەکانە، ئەی ئەو هەموو ئایەتی ئەحکامە چی یە لە قورئاندا؟ دین نێوانی ئینسان و خوای گەورەن ئەی بۆ کەسێك نی یە ژنەکەی بەبێ مەلا مارەببڕێت باوەڕی بە یاساکەی ئەوانیش نی یە؟ ئەی ئەوە بەینی خواو مرۆڤەکانە یان بەینی مرۆڤ و مرۆڤەکان؟ دین نێوانی خواو ئینسانەکانە فقهی عقوبات و فهقی موعامەلات و فیقهی زەکات و زۆر شتی تر کە لەشەریعەدا هاتووە بۆ کاری پێ دەکرێت و چ دەکات لەناو شەریعەتی ئیسلامدا؟ ئەی ئەوان ئاگاداری ئەوە نین نابێت ئێمە بە ڕاشکاوی، بەبێ موجامەلە، بە گوێیاندا بدەین؟ ئەوان نازانن خۆ ئێمە هەر لە حوجرەدا مەتنەکانیشیان پێ لەبەر دەکردین، دوای خۆمان لە قورئانەکەشدا حەقیقەتەکەیمان بینی!
هەربۆیە لەو ڕوانگانەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەیە بەرانبەر پەرستن و جێگرتنەوەی حەزەکان لە جێگەی پەرستنی حەقیقیدا بووە بە هاوبەشی خوای گەورە.
ئێمە زۆر بە ڕاشکاوی دەیڵێین بارزانی و خوستەکانیان جێگەی زۆرێك لەو پەرستنانەی گرتووەتەوەو بووە بە هاوبەش بۆ خوای گەورەو خەڵکانێك هەن ئەمەیان لە دڵەوە قبوڵ کردووە! کابرا ئامادەیە لەسەر لقی چواری پارتیەوە بەبەرچاو کامیرای خواو کامیرای هاوڵاتی و بەرچاوی حەقیقی خەڵکیەوە منداڵ بکوژێت ئەوە پەرستن نی یە چی یە؟
لە بادیناندا چەندین جار بارەگاکانی یەکگرتوویان سوتاند دوکەڵەکەی گەشتە ئاسمان ئەوە پەرستن نی یە چی یە، یەکگرتوویەکی داماو مەزڵوم ئەمە چ حقدێکە لە بارەگای شەرعی خۆیاندا بە قورئانەکانەوە بیان سوتێنن! ئەوان چەك بەدەست نین و ڕێگەی هابیل هەڵبژاردووە، بۆ ئێوە هەمووتان بوون بە قابیل لە ئاستیدا، دەرهێنانی گەنجان لە مزگەوتەکاندا لە ترسی تیرۆرە! ئەی خوای گەورە ڕیسوای دونیاو قیامەتتان بکات، ئەی ئەو هەموو گەنجە زۆربەی لە ژێرەوە دەچوو بۆ تیرۆرتان کردوو کردنتان بە قوربانی خواستە گڵاوەکانی خۆتان.
ئیسلامیەکانیش ئاشکرایە ئەوەیان قبوڵ نی یە، خوایان لە ڕووی باوەڕو پەرستن بەهەموو ماناکانیەوە تێگەشتوون و ئامادەنین طاعەتی غەیر مەخلوق بکەن بۆ مەعصیەی خالق، کەوابوو ئیسلامیەکان هاوبەشیان بۆ بارزانی پەیدا کردووەو موشریکن بەرانبەر بارزانی نەك خوای گەورە وە شیرکیش لێخۆشبوونی نی یە، بۆیە بارزانیش بەو شێوەیە بەرانبەریان دەبێتەوە.
بە پێنووسی عومەر عەلی
www.omarali.co.uk