20/09/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
مامۆستا علی باپیرو گەواهی ناڕەوا
علی باپیر ئەمیری کۆمەڵ، لە کۆتا لێدوانیدا کە گەواهیەکی ناڕەوای داوە کە لێدانە بۆ بزوتنەوەی ئیسلامی و بە بوهتانکردنە بە بزوتنەوەی ئیسلامی کە دەڵێت : (حزبێكی دیكەی گچكەی ئیسلامی هەیه بەناوی بزووتنەوه بەڵام ئەو لەبەرئەوەی لەگەل پارتی نزیكه، پێم وایه ئەوان جاری پێشو دو كورسیان هێنا، تەصەور ناكەم ئەمجاره هیچ بێنن..)، ئەگەر وادەرنەچێت ئەوا بۆچونەکانیشت نایپێکێت هەروەکو لێدوانەکانت هەڵەیە و نەیپێکاوە .
ئەم لێدوانە لە ڕۆژنامەی ( باس ) بڵاوکراوەتەوە و ئەمەش لینکی ڤیدیۆکەیەتی کە بەدەنگ و ڕەنگەوە بڵاوکراوەتەوە
http://www.basnews.net/so/Video/Details/mod/67
مامۆستا علی باپیر کەلەساڵی ٢٠٠١ دا کۆمەڵی دروستکرد، ڕێکەوتنێك لە گەڵ ئێران و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، کە ڕێکەوتنی ستراتیژی پێدەوترێت، خۆی یەکێك بوو لە سەرانی بزوتنەوەی ئیسلامی و ئێستاش بەپێی ئەو ڕێکەوتنامەیە دژایەتی هەرە گەورەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەکات و هەر ڕێگایەك کە لێدانبێت بۆ سەر بزوتنەوەی ئیسلامی گرتویەتیەبەر و بەئەمەکانە قۆڵی لێهەڵکردوەو دەیکات.
ئەوەی کە لێرەدا مەبەستمانە باسی بکەین ئەویە : مامۆستا علی باپیر بۆچی دژایەتی بزوتنەوە دەکات و بوهتانکردن بە بزوتنەوەی ئیسلامی لە پیناو چیدایە ؟
دژایەتیکردنی مامۆستا علی باپیر بەبۆچونی من تەنها ئەوەیە کە دەیەوێت بزوتنەوەی ئیسلامی نەمێنێت و ڕێگاکە تەختبێت بۆخۆی و هیچ گرفتێك لە ڕێگادا نەمێنێت هەرچی خۆی بەباشی زانی بیکات و کەس نەبێت پێی بڵێت ناڕەوایەو نادروستەو ناشەرعیە، چونکە دروستبونی کۆمەڵ بەڕێگایەکی ناشەرعی دروست کراو دەیانەوێت پاساوە ناشەرعیەکانیان بشەرعێنن و کەس نەڵێت بۆ جیابونەوەو بۆ یەك ناگرنەوە ؟
بۆ جیابونەوە هیچ بەڵگەیەکی شەرعی بەدەستەوەنەبوو نیە بۆیە لەو پرسیارە زۆر خۆیان دەپارێزن، دروستکردنی کۆمەل هەموو بیانوەکانیان ئەوەبوو ئەوکات دەیانوت : عبدە صالحەکە لە موسا جیانەبۆوە ؟!
کە ئەم بەڵگەیە خۆی لەخۆیدا پوچ وبەتاڵە چونکە وەکو یاسایەکمان هەیە لە شەرعدا دەڵێت: ( شرع قبلنا لیس بشرع لنا )، پاشان کوڕانی مامۆستا مەلا علی عبدالعزیزیان دەکرد بەبیانوو کە هیچی بەڵگەی شەرعی نەبون تاوەکو ڕیزی موسڵمانان جیابکەنەوەو دووبەرەکی بخەنەوە .
پاشان لەپیناو چیدا دژایەتیکردنی بزوتنەوەی ئیسلامی ؟ لەکاتێکدا خۆی سەردانی کاك حاجی عیفانی ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی کرد و دەیوت سەردانی برایانی بزوتنەوەی ئیسلامیمانکرد ، ئەگەر بە برایان دەزانیت بۆچی دژایەتیان دەکات ؟ ئەی ئەو فەرمودەیەی کە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: ( لایٶمن احدکم حتی یحب لاخیە مایحب لنفسە )، ئەوەش بۆ چەند هۆیەك دەگەڕێتەوە کە یەکەمیان ئەوەیە کە ڕێکەوتنی ستراتیژی لە نێوان ئێران و یەکێتی و کۆمەڵدا هەیە و دروستبونیان و گەشەپێکردیان لەپیناوی ئەوەدایە کە دەبێت هەموو هۆکارێك بگرێتەبەر بۆ نەهێشتنی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئەگەر هەموو هەوڵێکی خۆیان نەخەنەگڕ و کاریبۆنەکەن ئێران و یەکێتی قبوڵ ناکەن و ئەوکات کۆمەڵ خۆیان دەکەونە ژێرمەترسی نەمان .
پاشان مامۆستا علی باپیر : کاتێك بزوتنەوە بە حیزبێکی گچکۆکە دادەنێت ، ئەمەیان تەنها پڕوپاگەندەیەکە و دەیەوێت لەبەرچاوخەڵکی موسڵمان بچوکینا بکاتەوە و خەڵکی وابیربکاتەوە کە ئەوەندە بچوکن بۆ دەنگیان پێبدەین و دەنگەکانمان بەخەسار دەچێت ، ئەمەش لەهەمانکاتدا ئێش وئازارێکیان هەیە لەناخەوە بۆیە دەیانەوێت بەو جۆرە ساڕێژی بکەن ، ئەوەش ئەوەیە کە خەڵکانێکی زۆر لە ڕیزەکانی کۆمەڵدا گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە هەموو بیانوەکانی مامۆستا علی باپیر و دارودەستەکەی کە دەیانکرد بە بەڵگە بۆ جیابونەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی هەمووی پوچ و شەرعی نەبوە ونین بۆیە ڕۆژبەدوای ڕٶژدا ئەندامانیان واز لە کۆمەڵ دەهێنن و دەگەڕێنەوە بۆ ناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی و زۆرێکیش لەو برایانە کە تێگەیشتون و وازیان لێیانهێاون و سەربەخۆ لەماڵی خۆیان دانیشتون و پەیوەندیان نەکردوە بەهیچ لایەنێکێترەوە، بێگومان ئەوانیش ڕۆژگار قەناعەتیان پێدەکات و دەگەڕێنەوە ناو بزوتنەوەی ئیسلامی دایکی هەموو حیزبە ئیسلامیەکان .
ئەوەشی کە زۆر سەیرە و جێگای تێڕامانە ، کە هەوادارانی کۆمەڵ زۆرێکیان باوەڕ بەهیچ ناکەن و تەنانەت ئەگەر دەنگ و ڕەنگی مامۆستا علی باپیریش ببینن و ببیستن هەربەردەوامن لە پاساوهێنانەوە بۆی و دەڵێن ئەوەی ئەوبیکات دینە و هەڵەناکات، کە ئەو بیروباوەڕەش تەنها لە شیعەدا هەیە کە پلەی پاکژی بەردەوام ( معصوم ) دەدەنە پاڵ کەسانێك و کەسێك کە قەناعەتیان پێهێناوە ، پاشتریش لای ئەو کەسانە نابێت کەس ڕەخنە لەمامۆستا علی باپیر بگرێت و بۆی نیە و قبوڵ نیە لەلایان هەرڕەخنەیەکی لێبگیرێت، تەنانەت هەرکەسیك ڕەخنەی لێبگرێت بەچاوێکی زۆر سوکەوە تەماشای دەکەن و بگرە لەڕێگاوبان سەلامیشی لێناکەن و بەدوژمنانە تەماشای دەکەن و هەروەکو ئەوەی کە لە دین هەڵگەڕابێتەوە، پاشتریش دەست دەکەن بەقەی بێتام و بوهتانکردن پێیداو قسەی ناشرین و ناڕەوای پێدەکەن .
بێگومان ئەگەر مامۆستا علی باپیر شوێنکەوتەی هەق بێت و دان بەهەقدابنات وەکو خوای تاك وتەنها دەفەرموێت : { يا أيها الذين آمنوا كونوا قوامين بالقسط شهداء لله ولو على أنفسكم أو الوالدين والأقربين } ئەوا دەبێت داوای لێبوردن بکات لە هەموو موسڵمانان و ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامی کە ڕاستی نەوتوە، ئەگەر لەژێر هەر کاریگەریەکدابوبێت، چونکە ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامی بەتەواوەتی توڕەن و کاردانەوەی نابەجێشی لێدەبێتەوە هەروەکو ئێستا سەرەتاکەی دەرکەوتوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و چەندین وێنەی ناشەرعی و نەشیاو دادەبەزێنن و بەڵگەی زۆر خراوەتە پێشچاو بەتایبەتیش لە فەیسبوکدا .
کۆتایی نوسینەکەم بەم چەند دێڕە کۆتا پێدێنم، ئەگەر بزوتنەوەی ئیسلامی حیزبێکی گچکۆکەبێت، بەدڵنیاییەوە گەورەدەبێت و ئێوەش بەردەوام لە پوکانەوەدان .
ئەگەر بزوتنەوەی ئیسلامی سەر بە پارتی بێت، تکامان وایە کە خۆتان دانیپێدابنەن کە سەربەکێن و سەر بەچی لایەنێکن یان چی ووڵاتێك ؟
کاتێك دەڵێن بزوتنەوەی ئیسلامی سەربەپارتیەو دەنگەکانیان بۆ پارتی دەڕوات، لەوکاتەی کە خۆتان لیستی زەڵاتەکەتان پێکهێنابوو بۆ دەنگەکانی ئێوە بۆ سۆسیالیست و زەحمەتکێشان نەدەڕۆیی و بە شەرعیتان دەزانی کە دەنگی موسڵمانان بۆ ئەودوو لایەنە کۆبکەنەوە و بەشەرعیشتان دەزانی، بەڵام ئێستا دەنگەکانی ئێمە بۆ پارتی دەڕوات و بەناشەرعی دەزانن؟ ئایە ئەم قسانەی ئێوە بانێك ودوو هەوانیە ؟