گۆڕان
28/09/2013 نوسەر: bzavpress

گۆڕان" هێشتا زووە بۆ رازیبون بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن


رێکخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، هێشتا زوە بۆ رازیبون بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و جەختیش دەکاتەوە، بەشێک لە دەنگەکانیان دیار نیە.

ئارام شێخ محەمەد، رێکخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ (سبەی) رایگەیاند "هێشتا زوە بۆ رازیبون بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، چونکە ئێمە بەشێک لە دەنگەکانمان دیار نیە، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەبین لە بەدواداچون و گەڕاندنەوەی یەک بەیەکی دەنگەکانمان".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە کاتمان لەبەردەستدایەو به‌راورد ده‌كه‌ین له‌نێوان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کە له‌ چاودێره‌كانی خۆمانه‌وه‌ بەدەستمان گەیشتوە، له‌گه‌ڵ ئه‌و ژمارانه‌ی‌ كۆمیسیۆن ئاشکرایکردوەو لەگەڵ ئەنجامەکانی کۆتاییشدا".

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی بەرایی (95%)ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی بڵاوكرده‌وه‌و بەپێی ئەو ئەنجامانەش بزوتنەوەی گۆڕان (446095) دەنگ و پارتی دیموکراتی کوردستان (719004) دەنگ و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (323867) دەنگی بەدەستهێناوە. یەکگرتوی ئیسلامی (178681) ده‌نگ و کۆمەڵی ئیسلامیش (113260) ده‌نگی هەڵبژاردنەکەی بەدەستهێناوە.