29/09/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
سه‌رى بێ رۆزى له ژێر خاكدایه:
له‌وكاتی لاق شكان و له‌سه‌رجێ كه‌وتنه‌مدا كه پتر له دوو ساڵی خایاند، خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانیان ده‌كردم له خزم و دۆست و ناسراوان، خوا پاداشتیان به‌خێر بداته‌وه، منيش عاده‌تم وا بوو هه‌ركه‌س بهاتبایه بۆلام دڵخۆشیم ده‌دایه‌وه و شتێكم له ئایه‌ت وحه‌دیس و به‌سه‌رهاتى پیاوچاكان بۆباس ده‌كرد، كاتێ ئه‌ویش هه‌ڵده‌ستا به‌دڵخۆشیه‌وه ده‌رِۆیشت و به‌جێى ده‌هێشتم.
رۆژێكیان چه‌ند كه‌سێك هاتن بۆلام و دڵخۆشیان دامه‌وه، و له‌ناو قسه‌كانیانا ئه‌م په‌نده كوردییه‌یان باس كرد كه ده‌ڵێت: "سه‌رى بێ رۆزى له ژێر خاكدایه "!! ئه‌ڵبه‌ت منیش مه‌منوونیان بووم و سوپاسم كردن، و له‌وه دڵنیام كردن كه سوپاس بۆ خوا خه‌فه‌ت ناخۆم، و رازیم به‌قه‌زاى خوا، و لێى به‌زیادبێ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك خۆگرى له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا پێ به‌خشیوم، و باوه‌رِى موتڵه‌قم به‌وه هه‌یه كه خوا رازیقه و په‌كم ناخات!!
جا له‌وه‌لاَمى ئه‌و براده‌ره‌دا كه گوتى: سه‌رى بێ رۆزى له ژێر خاكدایه!! گوتم: خوا پاداشتت بداته‌وه بۆ ئه‌و بیر خستنه‌وه و یادهێنانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا دڵنیابه كه له رازیقبوونى خوا دڵنیام!! من به‌سه‌رهاتى ئیبراهیمى كورِى ئه‌دهه‌مم خوێندۆته‌وه كه به‌هۆى چییه‌وه واز له عه‌نعه‌نه‌ى پاشایتى دێنێت، و ئه‌و رووداوه گرنگه ئاوه‌رِۆى ژیانى ده‌گۆرِێ!! به‌لاَم باوه‌رِتان هه‌بێ من له‌ژیانى رۆژانه‌ى خۆمدا شتى وام بینیوه ده‌توانم بڵێم: له‌وه گرنگتر، ئه‌ڵبه‌ت باسى ناكه‌م. به‌لاَم دڵنیاییه‌كى ته‌واوى له‌باره‌ى رازیقبوونى خواوه بۆ به‌دى هێناوم، و به‌ته‌واوى لێم روونه كه خوا په‌كى كه‌س ناخات، و ئه‌و په‌نده كوردییه‌م لێ بووه‌ته یه‌قینى، كه ده‌ڵێت: سه‌رى بێ رۆزى له‌ژێر خاكدایه..
قه‌لى پاروو رفێن:
یه‌كێك له‌ناو دانیشتوانا گوتى: مامۆستا له‌وانه‌یه هه‌ندێك ئه‌و باسه‌یان بیستبێ به‌لاَم ئێمه نه‌مان بیستووه، ئه‌و روداوه‌ى بووه هۆى گۆرِینى ژیانى ئیبراهیم چى بوو؟
گوتم: ده‌گێرِنه‌وه كه: ئیبراهیمى كورِى ئه‌دهه‌م له‌گه‌ڵ ده‌سته‌و دایه‌ره‌ى خۆ‌یا به عه‌نعه‌نه‌ى پاشایه‌تییه‌وه رێ ده‌كه‌ون و بۆ راو ده‌چن، پاش ئه‌وه‌ى چه‌ند ئاسكێك ده‌كوژن و راوێكى باش ده‌كه‌ن و گۆشت ده‌برژێنن سفره‌و خوانى پاشایى راده‌خه‌ن، و ده‌ست به نان خواردن ده‌كه‌ن..ئا له‌و كاته‌دا قه‌لێك دێت و بێ شه‌رمانه پرِ به‌پارچه نانێكدا ده‌كات و ده‌یرِفێنێ!!
ئیبراهیم زۆرى پێ سه‌یر ده‌بێ چۆن ئه‌م باڵنده‌یه ئه‌وه‌ند بێ شه‌رم بوو له‌ناو ئه‌م عه‌شاماته‌دا پرِى به‌و پارچه نانه‌دا كرد و رفاندى!! بۆیه فه‌رمان ده‌كات ئه‌سپى شاهانه‌ى بۆ زین بكه‌ن، سوارى ئه‌سپى تیژره‌وى خۆى ده‌بێ و ده‌كه‌وێته شوێن قه‌له‌كه، ئه‌و به‌عاسمانه‌وه ده‌فرِێ و ئه‌میش به‌سه‌ر زه‌ویدا شوێنى ده‌كه‌وێ!! تا له‌دووره‌وه ده‌بینێ قه‌له‌كه له‌سه‌ر گردۆڵه‌یه‌ك نیشته‌وه..
ئه‌میش ئه‌سپه‌كه‌ى تاو ده‌دات و زۆر ناخایه‌نێ ده‌گاته سه‌ر گردۆڵه‌كه، به‌لاَم ده‌بینێ له سه‌ر سنگى جوسته‌یه‌كه‌وه هه‌ڵده‌فرِێ!. په‌له‌وه‌رى له‌بیر ده‌چێته‌وه و ده‌چێت بۆ سه‌ر لاشه‌و جوسته‌ى كه‌وتوو، ده‌بینێ پیاوێكى زیندووه، به‌لاَم چوار مێخه‌ى كێشراوه و به‌گازى پشتا راخراوه!!
لێى ده‌پرسێ: ئه‌وه تۆ چ كاره‌یت و بۆچ وا به‌ستراویته‌وه؟
ئه‌ویش ده‌لێ: تۆ جارێ بمكه‌ره‌وه، و رزگارم بكه، ئه‌و كاته به‌سه‌رهاتى خۆمت بۆ ده‌گێرِمه‌وه.. ئیبراهیميش ده‌یكاته‌وه..
ئه‌ویش به‌م جۆره به‌سه‌رهاتى خۆى بۆ ده‌گێرِێته‌ه‌وه و ده‌ڵێ: من سه‌رۆكى كاروانێكى بازرگانى بووم، كوتاڵ و شتومه‌كێكى زۆرمان پێ بوو، چه‌ته‌مان لێ په‌یدا بوو رێ‌یان لێ گرتین و روتیان كردینه‌وه و خستینیانه سه‌ر ساجى عه‌لى!! زیاد له‌وه نیازیشیان بوو بمان كوژن!! یه‌كێكیان كه هێشتا سۆلسۆله‌یه‌ك ئیمان له‌دڵیا مابوو پێى گوتن: ئه‌رێ برا! ئه‌مانه دره‌نگ هاتوون؟ كه‌میان هێناوه؟ بۆچ بیان كوژین؟
گوتیان: ئه‌ى چیان لێ بكه‌ین؟
گوتى: له‌م رێگه‌و بانه دووریان ده‌خه‌ینه‌وه، و له‌وێ ده‌یان به‌ستینه‌وه، ئه‌گه‌ر پاش ئێمه كه‌سێك بوو ئه‌وا به‌ره‌لاَیان ده‌كات، و ئه‌و كاته ئێمه‌ش دوور كه‌وتووینه‌ته‌وه!! خۆ ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌بوو ئه‌وا بۆ خۆیان ده‌مرن و ئێمه‌ش له‌ده‌ستیان رزگارمان ده‌بێ!!
جا ئه‌وه سێ رۆژى ته‌واوه من لێره‌دا چوار په‌لم به‌ستراوه‌ته‌وه، خوا ئه‌م باڵنده‌یه بۆ رامكردووم و وه‌ك مه‌ئموورێك دێت له‌سه‌رسنگم ده‌نیشێته‌وه و به‌ده‌نووك نان به ده‌ممه‌وه ده‌كات!! پێش ئه‌وه‌ى تۆ بێیت پارچه نانێكى بۆهێنا بووم، له‌گه‌ڵ تۆ ده‌ركه‌وتى ئه‌ویش هه‌ڵفرِى و رۆیشت!!
كاتێ ئیبراهیم ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌بیستێ ته‌زوویه‌ك به هه‌موو له‌شیا دێت و تاسێك ده‌یباته‌وه و سه‌رى له كارى خوا سورِده‌مێنێ و له‌ویا برِیار ده‌دات واز له‌ته‌خت وتاجى شاهى بێنێ و رووبكاته عیباده‌ت و گۆشه‌گیرى!!
پاش گێرِانه‌وه‌ى به‌سه‌رهاته‌كه گوتم: برایان! خوا رزقى ئه‌و پیاوه‌ى به‌و په‌له‌وه‌ره‌دا ناردووه، و بۆى كردۆته وه‌سیله‌ى ژێوارى ، من برِواى ته‌واوم هه‌یه كه‌رزقى من چى بێ بۆم ده‌نێرێ، چونكه رازیقى من خودایه، نه‌ك ده‌وڵه‌ت، مانگانه‌كه‌م وه‌سیله‌یه‌ك بوو بۆرزقم، ئه‌و نه‌ماوه خوا وه‌سیله‌یه‌كى ترم بۆ ئه‌سازێنێ (2)..
ئینجا ئه‌وه‌ش بزانن كه ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ى ئیبراهیمى ئه‌دهه‌مه پێى ده‌گوترێ: هه‌واڵ "خبر "، هه‌واڵیش ئیحتیمالى راست ودرۆى هه‌یه، به‌لاَم من له‌م نه‌خۆشیه‌مدا شتىوام دیوه، زۆر له‌و رووداوه سه‌یر و سه‌ر سورِهێنه‌رتر. بۆنموونه:
له‌كاتى معاش برِانى دووه‌مدا بازرگانێَكى ناسراو كارگه‌ى نانه قه‌یسى هه‌بوو, گوتى: مامۆستا! ئه‌وه بۆچ نانه‌قه‌یسى نابه‌یت بۆ به‌غدا و بیفرۆشیت؟
گوتم: ئاخر(فلاَنه كه‌س)! هیچ ده‌ستمایه‌یه‌كم نییه!!
گوتى: من پرِ یه‌ك پیكابت ده‌ده‌مێ، كه‌فرۆشتت پاره‌كه‌م بده‌رێ!
گوتم: ماڵت ئاوا.. پیكابێكى توێتا فه‌لاحیم به‌كرێ گرت بۆ به‌غدا، و پرِم كرد له نانه قه‌یسى، پاش نوێژى به‌یانى له‌سلێمانى ده‌رچووین، گه‌یشتینه به‌غدا و هه‌ر ئه‌و رۆژه فرۆشتم و گه‌رِاینه‌وه، بۆ نوێژى عیشا گه‌یشتینه‌وه سلێمانى، ته‌نیا ئه‌و رۆژه به‌ئه‌ندازه‌ى معاشى سێ مانگ قازانجم كرد و پاره‌م ده‌ستكه‌وت!!
په‌راوێزه‌كان:
1- [ سورة هود/6 ] .
2- سوبحانه‌ڵلا زۆرى پێ نه‌چوو گوتیان: یاسایه‌ك هه‌یه ئه‌وه‌ى دكتۆر و لیژنه‌ى پزیشكى شایه‌تى بۆ بدات كه نه‌خۆشییه‌كه‌ى نه‌خۆشییه‌كى درێژ خایه‌نه، و زوو چاك نابێته‌وه، بۆى هه‌یه تا سێ ساڵ ئیجازه‌ى نه‌خۆشى بدرێتێ به‌معاشى ته‌واوه‌وه.. پاش سێ مانگ منیش سوودم له‌و یاسایه وه‌رگرت..