بەیەک کردنی پەرستن (توحید الالوهیة)
03/10/2013 نوسەر: bzavpress

بەیەک کردنی پەرستن (توحید الالوهیة)

بەیەک کردنی پەرستن (توحید الالوهیة) : مانای بونی بڕواو دان نانە بەوەی کە تەنها خوای پەروەردگار پەرستراوی ڕاستەقینەیەو تەنها ئەو شایانی پەرستنە واتە هەموو جۆرەکانی پەرستن وەک نوێژو ڕۆژوو وە داوا کردنو پاڕانەوەو قوربانی کردن وە هەموو جۆرەکانی پەرستنی دڵو زمانو کردەوەی دیارو نادیار تەنها بۆ خوای پەروەردگار ئەنجام بدەی هیچ هاوبەشو هاوەڵی بۆ دانەنێی . وە کافرو بڕوادار بەمە لێک جیا ئەبێتەوەو خوای بەرز هەموو پێغەمبەرانی ڕەوانە کردووە علیهم الصلاة والسلام وە کتێبی بۆ دابەزاندون بۆ ئەوەی ئەم جۆرە بەیەک کردنە تەنها پەرستنی خواو تەنها داوا کردن لە خوا بڵاو کەنەوە وەک خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ قَبْلِكَ مِنْ رَسُولٍ إِلَّا نُوحِي إِلَيْهِ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدُونِ] (الانبياء : 25) واتە : (وە لە پێشی تۆ نێردراوێکمان نەناردووە لە پێغەمبەران ئیللا وەحیمان بۆ ڕەوانە کردووە پێمان ڕاگەیاندووە -بۆ ئەوەی ئەویش بە خەڵک ڕابگەیەنێ- کە بە تەئکید هیچ پەرستراوێک نیە پەرستنی حەق بێت تەنها من نەبێ بە تەنها من بپەرستن). وە ئەفەرموێ : [وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَسُولًا أَنِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَاجْتَنِبُوا الطَّاغُوتَ] (النحل : 36)واتە : (وە لە نێو هەموو ئوممەتێک نیردراوێکمان -پێغەمبەرێکمان- ڕەوانە کردووە بۆ ئەوەی بەخەڵک ڕابگەینێ کە تەنها خوا بپەرستن و دوور کەونەوە لە پەرستنی غەیری خوا -لە تاغووتەکان کە خەڵک کردویانن بە پەرستراو-). چونکە هەموو کافرەکان بڕوایان هەبوو بە بوونی خواو بڕوایان هەبوو بەوەی خوا عز وجل ئەوانی دروست کردووەو ئەم بوونەوەرە بەڕێوە ئەبا بەڵام تەنها خوایان نەئەپەرست ئەیان ووت: داوا ئەکەین لەو پیاو چاکانە بۆ ئەوەی لە خوامان نزیک بکەنەوەو تکامان بۆ بکەن لای خوا ! هەر وەک هاوبەش دانەرانی ئەم سەردەمە ئەڵێن ئیمە ئەو پیاو چاکانە ناپەرستین بۆیە داوایان لێئەکەین ئەوان بەڕێزن لای خوا تکامان بۆ ئەکەن با بزانن ئەوە دەقاودەق قسەی هاوبەش دانەرانی -موشریکانی- سەردەمی پێغەمبەرە صلى الله علیه وعلى اله وسلم وەک خوای بەرز بۆمان باس ئەکا لە قورئان دەربارەیان ئەفەرموێ : [وَالَّذِينَ اتَّخَذُوا مِنْ دُونِهِ أَوْلِيَاءَ مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَى] (الزمر : 3) واتە : (وە ئەو موشریکانە کە بێجگە لە الله پەرستراوی تر ئەپەرستن ئەڵێن ئێمە نایان پەرستین تەنها بۆ ئەوەی لە الله نزیکمان بکەنەوە). وە ئەفەرموێ : [وَيَعْبُدُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ مَا لَا يَضُرُّهُمْ وَلَا يَنْفَعُهُمْ وَيَقُولُونَ هَؤُلَاءِ شُفَعَاؤُنَا عِنْدَ اللَّهِ] (يونس : 18) واتە : (وە بێجگە لە الله پەرستراوی تر ئەپەرستن کە نە زیانیان پێ ئەگەینن نە سوود وە دەشلێن ئەوانە شەفاعەت کارمانن لە لای الله -تکامان بۆ دەکەن-). کەوابوو بۆتان دەرکەوت کە شەریک دانان بۆ خوای بەرز تەنها ئەوە نیە کەسێ بڕوای بەوە بێ کە غەیری خوا دروست کەرە یان بەس بە ئینکاری بوونی خوا کافر بێت! نا هەر کەسێک داوا لەغەیری خوای بەرز بکات یان جۆرێک لە جۆرەکانی تری پەرستن وەک سەربڕینی ئاژەڵ و نوێژو هاوار لێ کردن یان هەر جۆرێکی تری پەرستن بۆ غەیری خوا ئەنجام بدات پێی کافر ئەبێت و ڕێک وەکو کافرو موشریکانی سەردەمی پێغەمبەرە صلى الله علیه وعلى اله وسلم. زۆر کەس هەن کە پێیان بڵێی کوفر مەکە بەخوای بەرزو شەریکی بۆ دامەنێ داوا لەغەیری خوا مەکە لە پیاوچاکان یەکسەر توڕە ئەبێ دەڵێ چۆن کوفر ئەکەم چۆن من شەریک بۆ خوا دائەنێم!؟ خۆ ناڵێم ئەو پیاو چاکە یان قەبری ئەو پیاو چاکە خوایە، ناڵێم ئەو منی دروست کردووە، من بەس داوای لێدەکەم ئەو پیاوی باشە من پیسم ئەو لە خوا نزیکم ئەکاتەوەو بۆم لە خوا ئەپاڕێتەوە! لەوەڵامیا پێی ئەلێین ئەوەیە تۆی پێ کافر ئەبێ و ئەچیتە ڕیزی موشریکان چونکە خۆ ئەو موشریکانەی پێشوش هەر ئەوەیان ئەووت وەک پێشتر لە ئایەتەکانی سەرەوە ڕوون بۆوە! تۆ کە بڕوات بەوەیە تەنها خوا دروست کەرە ئەی بۆ تەنها داوا لەخوای بەرز ناکەیت!؟

بزانە لەهەموو کەسێ سەرلێشێواو تر ئەو کەسەیە کە لەغەیری خوای بەرز داوا لە کەسێکی تر بکات! خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَمَنْ أَضَلُّ مِمَّنْ يَدْعُو مِنْ دُونِ اللَّهِ مَنْ لَا يَسْتَجِيبُ لَهُ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ وَهُمْ عَنْ دُعَائِهِمْ غَافِلُونَ . وَإِذَا حُشِرَ النَّاسُ كَانُوا لَهُمْ أَعْدَاءً وَكَانُوا بِعِبَادَتِهِمْ كَافِرِينَ] (الاحقاف : 5-6) واتە : (کێ هەیە لەو کەسە گومڕاتر بێ کە داوا لەغەیری خوا لە کەسێک ئەکا کە تا ڕۆژی قیامەتیش ناتوانێ وەڵامی بداتەوە وە ئەوان ئاگایان لەوە نیە کەداوایان لێ ئەکەن، وە کە خەڵک کۆ ئەکرێنەوە لەقیامەت ئەبن بە دوژمنی ئەوانەی داوایان لێ ئەکردن وە کوفر ئەکەن بەو پەرستنەی بۆ ئەوانیان کردبوو) . وە خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَلَا تَدْعُ مِنْ دُونِ اللَّهِ مَا لَا يَنْفَعُكَ وَلَا يَضُرُّكَ فَإِنْ فَعَلْتَ فَإِنَّكَ إِذًا مِنَ الظَّالِمِينَ] (يونس : 106) واتە : (داوا مەکە لەغەیری خوا لە کەسێک کە نەسودت پێ ئەگەینێ نە زیان ئەگەر وا بکەی ئەچیتە ڕیزی ستەمکاران -هاوبەش دانەران- ) . وە ئەفەرموێ : [وَمَنْ يَدْعُ مَعَ اللَّهِ إِلَهًا آخَرَ لَا بُرْهَانَ لَهُ بِهِ فَإِنَّمَا حِسَابُهُ عِنْدَ رَبِّهِ إِنَّهُ لَا يُفْلِحُ الْكَافِرُونَ] (المؤمنون.117) واتە : ( وە هەرکەسێ داوا بکا لە گەڵ الله لە پەرستراواێکی تر ئەوە هیچ بەڵگەی نیە بۆ ئەمە وە حیسابیشی لەلای پەروەردگاریەتی -لە ڕۆژی دوایی ئەمە هەڕەشەیە بە سزا- بێگومان کافران دەربازیان نابێ و نەجاتیان نابێ -لە سزای خوا لە ئاگری جەهەننەم-). وە ئەفەرموێ : [وَأَنَّ الْمَسَاجِدَ لِلَّهِ فَلَا تَدْعُوا مَعَ اللَّهِ أَحَدًا] (الجن : 18) واتە : (مزگەوتەکان و شوێنی کڕنوش بردن بۆ خوایە لەگەڵ خوا داوا لە کەسێکی تر مەکەن) . وەهاتوە لە پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : «الدُّعَاءُ هُوَ الْعِبَادَةُ» ثُمَّ قَرَأَ: [وَقَالَ رَبُّكُمْ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ إِنَّ الَّذِينَ يَسْتَكْبِرُونَ عَنْ عِبَادَتِي سَيَدْخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِينَ](غافر : 60) -رَوَاهُ أَحْمَدُ وَالتِّرْمِذِيُّ وَأَبُو دَاوُدَ وَالنَّسَائِيُّ وَابْنُ مَاجَه-واتە : (دوعا عیبادەتە ئەوجا ئەو ئایەتەی خوێندەوە : [وَقَالَ رَبُّكُمْ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ إِنَّ الَّذِينَ يَسْتَكْبِرُونَ عَنْ عِبَادَتِي سَيَدْخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِينَ](غافر : 60) واتە : (وە پەروەردگارتان فەرموویەتی داوا لە من بکەن وەڵامتان ئەدەمەوە بێگومان ئەوانەی خۆ بەگەورە ئەزانن لەوەی تەنها من بپەرستن و داوام لێبکەن ئەوە ئەچنە نێو جەهەننەمەوە بە سەرشۆڕی و ڕیسوایی و زەلیلی). داوا کردن و پاڕانەوە پەرستنە . کە ئەوەتان زانی چۆن داوا لە غەیری خوا ئەکەن!؟

یان موشریکەکان گومانێکی بەتاڵی تر ئەهێننەوە ئەڵێن ئێمە بۆیە لەو پیاو چاکانە ئەپاڕێینەوە خۆمان دەنگمان ناگاتە خوای بەرز ئێمە تاوانبارین پێویستە کەسێک بکەین بە واسیتە بۆ لای خوا هەروەک چۆن کەسێک ناتوانێ بچێتە لای سەرکردەیەک ئەبێ واسیتە بکا ئینجا ئەیگاتێ! لە وەڵامی ئەم گومانە بەتاڵەش ئەڵێین خوای گەورە فەرمانی بە ئێمە کردووە کەوا تەنها لەو بپاڕێینەوە داوا تەنها لەو بکەین وەک لە ئایەتەکانی سەرەوە بۆمان دەرکەوت وەخوای بەرز ئەفەرموێ : [وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ] (البقرة : 186) واتە : (ئەگەر بەندەکانی من لەمنیان پرسی لە تۆ ئەوا من نزیکم وەڵامی هەرکەسێک ئەدەمەوە کە داوام لێ بکات) . وە ئەبو موسای ئەشعەری رضي الله عنه ئەفەرموێ : کاتێ لە سەفەرێکا بوون لەگەڵ پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم صەحابەکان رضي الله عنهم دەنگیان بەرز کردەوە بە تەکبیر کردن پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم فەرمووی : (أَيُّهَا النَّاسُ ارْبَعُوا عَلَى أَنْفُسِكُمْ، إِنَّكُمْ لَيْسَ تَدْعُونَ أَصَمَّ وَلَا غَائِبًا، إِنَّكُمْ تَدْعُونَ سَمِيعًا قَرِيبًا، وَهُوَ مَعَكُمْ) متفق عليه واتە : (ئەی خەڵکینە ئەزێتی نەفسی خۆتان مەدەن نەرم بن لەگەڵ نەفسی خۆتان، بە تەئکید ئێوە داوا لە یەکێ ناکەن کە کەڕ بێت و نەبیستێ وە داوا لەیەکێ ناکەن کە غائیب بێ دوور بێ، بە تەئکید ئێوە داوا ئەکەن -لە الله- کە بیسەرە -هەموو شتێ ئەبیستێ- وە نزیکە، وە ئەو لەگەڵتانە). وە بۆ ئەو کەسانەش کە ئەو گومانەیان هەیە ئەڵێین : خوای گەورە زۆر بەرزو لەوە گەورەترە پێویستی بە واسیتە هەبێ چۆن نمونەی سەرکردەیەک بۆ خوا ئەهێننەوە خوای گەورە هەموو کەسێ ئەبینێ وە هەموو دەنگێ ئەبیستێ وە خاوەنی ئەرزو ئاسمانەو دەوڵەمەندو بێ نیازە لە دروستکراوەکانی [لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ وَهُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ] (الشورى : 11) چۆن سەرکردەیەک کە لاوازو بێ دەسەڵاتەو ناتوانێ لە بەردەمی خۆی زیاتر ببینێ وە ئەترسێ بچێتە ناو خەڵکەوە بە پاسەوانێکی زۆرەوە نەبێ چۆن نمونەی ئەو ئەهێننەوە بۆ خوا ئەم سەرکردە لەبەر بێ توانایی وە لەبەر نەتوانینی پێویستی بە وەزیرو یارمەتی دەرە بەڵام خوای گەورە لە سەر هەموو شتێک بەتوانایە، ئەم سەرکردە لەبەر ستەم فەقیرو هەژار دەنگیان بەو ناگا پێویستیان بە واسیتەیە، بەڵام خوای بەرز ستەم لەکەس ناکاو پێی خۆشە بەندەکانی داوای لێبکەن بەوەش پاداشتیان ئەداتەوە، یانی ئێوە پێتان وایە خوای بەرز ستەم کارە یان عەبدێک لە خوا بەڕەحم ترە بۆ ئێوە تا پێویست بکا ببێتە واسیتە کارتان تا خوا ڕەحمتان پێ بکا!؟ بەڕاستی ئەوەی عەقلی لەسەر بێ غەیری خوا ناپەرستێ لەبەر ئەوەش خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَمَنْ يَرْغَبُ عَنْ مِلَّةِ إِبْرَاهِيمَ إِلَّا مَنْ سَفِهَ نَفْسَهُ] (البقرة : 130) . بەهەرحاڵ ئەوە بزانن کە ئەو بەشەی بەیەک کردن -توحید- ی الله لە پەرستندا -الوهیة- کێشەی گەورەی پێغەمبەران علیهم الصلاة والسلام بوو لەگەڵ قەومەکانیان، هەموو پێغەمبەران بانگی قەومەکەی خۆیان ئەکرد بۆ ئەوەی تەنها الله بپەرستن ئەو الله یە کە ئەوانی دروست کردووە بە تەنیا ئەشبێ بەتەنیا بپەرسترێ، یەکەم پێغەمبەر لە دوای پەیدا بوونی شەریک دانان بۆ خوا لە سەر زەوی نوح بوو علیه الصلاة والسلام خوای بەرز دەربارەی ئەفەرموێ : [لَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَى قَوْمِهِ فَقَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ إِنِّي أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍ] (الاعراف : 59) واتە : (وە نوحمان نارد پێشتر بۆ قەومەکەی بۆ ئەوەی بانگیان بکا بۆ تەنها خوا پەرستی بە قەومەکەی خۆی ووت ئەی قەومی خۆم تەنها الله بپەرستن بێجگە لەو پەرستراوێکی ترتان نیە شایانی پەرستن بێت وحەق بێت من ئەترسم کە ئێوە توشی سزای ڕۆژێکی گەورە بن -ڕۆژی قیامەت- ئەگەر لە غەیری الله کەسی تر بپەرستن). وە لە دوای نوح علیه الصلاة والسلام خوای بەرز پێغەمبەرانی بۆ هەموو قەومەکان ڕەوانە ئەکرد بۆ ئەو مەبەستە بۆ نموونە قەومی عاد، خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَإِلَى عَادٍ أَخَاهُمْ هُودًا قَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ أَفَلَا تَتَّقُونَ] (الاعراف : 65) واتە : (وە بۆ قەومی عاد هودی برایانمان -کە لەخۆیان بوو- نارد بە قەومەکەی ووت ئەی قەومی خۆم تەنها الله بپەرستن بێجگە لەو پەرستراوێکی ترتان نیە شایانی پەرستن بێت وحەق بێت ئەوە خۆتان لە سزای خوا ناپارێزن بەوەی ئیمان بهێنن و دوور کەونەوە لە پەرستنی غەیری خوا). وە قەومی -ثمود-، خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَإِلَى ثَمُودَ أَخَاهُمْ صَالِحًا قَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ قَدْ جَاءَتْكُمْ بَيِّنَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ هَذِهِ نَاقَةُ اللَّهِ لَكُمْ آيَةً فَذَرُوهَا تَأْكُلْ فِي أَرْضِ اللَّهِ وَلَا تَمَسُّوهَا بِسُوءٍ فَيَأْخُذَكُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ] (الاعراف : 73) واتە : (وە بۆ قەومی -ثمود- صالح ی برایانمان نارد بۆیان بە قەومەکەی ووت ئەی قەومی خۆم تەنها الله بپەرستن بێجگە لەو پەرستراوێکی ترتان نیە شایانی پەرستن بێت وحەق بێت وە لەلایەن خواوە بەڵگەتان بۆ هاتووە لەسەر ڕاست گۆیی من -ئەوە کە خۆتان داوای موعجیزەتان کرد کە لە ناو بەردەوە وشترێک بێتە دەرەوە- ئەوە ووشترەکەیە کە خوا ڕەوانەی کرد بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگەو نیشانە بۆتان جا وازی لێ بێنن با لەسەر ئەرزی خوا بخواتن وە نزیکی مەکەون بە خراپەو ئەزێتی مەدەن وابکەن سزایەکی توندو بە ئێش ئەتانگرێت لەلایەن خواوە). وە قەومی مەدیەن، خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَإِلَى مَدْيَنَ أَخَاهُمْ شُعَيْبًا قَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ قَدْ جَاءَتْكُمْ بَيِّنَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ فَأَوْفُوا الْكَيْلَ وَالْمِيزَانَ وَلَا تَبْخَسُوا النَّاسَ أَشْيَاءَهُمْ وَلَا تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ بَعْدَ إِصْلَاحِهَا ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ] (الاعراف : 85) واتە : (وە بۆ قەومی مەدیەن شوعەیبی برایانمان نارد بە قەومەکەی ووت ئەی قەومی خۆم تەنها الله بپەرستن بێجگە لەو پەرستراوێکی ترتان نیە شایانی پەرستن بێت وحەق بێت ئێوە لە لایەن پەروەردگارتان بەڵگەو نیشانەتان بۆ هاتووە وە حەقی تەواو بدەنە پێوانەو تەرازووتان -فێڵی تیا مەکەن- وە شتی خەڵک بە فێڵ کردن لە تەرازوو وە فێل کردن لە پێوان و بێ قیمەت کردنی بە فێل بۆ خۆتان مەبەن وە خراپەکاری مەکەن لە سەر زەوی -بەتاوان و کفرو شیرک وستەم- لە دوای چاک بوون وچاکسازی تیایدا بە شەریعەتی نێردراو بۆ پێغەمبەران ئەوە بۆ ئێوە باشەو خێری تیایە ئەگەر ئێوە بڕوادارن بانگەوازی من بەڕاست ئەزانن). بەو شێوەیە هەموو پێغەمبەران علیهم الصلاة والسلام یەک بەدوای یەک ئەهاتن بۆ قەومەکانیان بانگیان ئەکردن بۆ تەنها خواپەرستی و واز هێنان لە شەریک دانان بۆ خوا، هەتا کۆتای پێغەمبەران محمد صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەویش بانگەوازی وەکو بانگەوازی براکانی لە پێغەمبەران علیهم الصلاة والسلام بوو بۆ تەنها خوا پەرستی و واز هێنان لە شەریک دانان بۆ خوا کە ئەوەش لە ووشەی (لا اله الا الله) کۆ دەبێتەوە، هاتووە لە موسنەدی پێشەوا احمد بن حنبل رحمه الله ڕیوایەتی کردووە لە صەحابیەکی بەڕێز بەناوی (رَبِيعَةَ بْنِ عِبَادٍ الدِّيلِيِّ) رضي الله عنه ئەفەرموێ لەسەردەمی جاهیلی لە ناو بازاڕی (ذي المجاز) بینیویەتی کە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم بە خەڵکی ئەووت : (يَا أَيُّهَا النَّاسُ قُولُوا: لَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ، تُفْلِحُوا) واتە : ( ئەی خەڵکینە بڵێن: لا اله الا الله، ڕزگارتان ئەبێ). بەڵام مامی خۆی ئەبو لەهەب بەدواوەی بوو ئەیووتە خەڵکەکە درۆ ئەکات!.

ئەوە بانگەوازی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم بوو بەخەڵکی ئەووت بڵێن : لا اله الا الله ڕزگارتان ئەبێت، بەڵام کافرو موشریکەکان ڕازی نەئەبوون و دژایەتیان ئەکردو بەدرۆیان ئەخستەوەو بوختانیان بۆ دەکرد وەک خوای بەرز ئەفەرموێ : [إِنَّهُمْ كَانُوا إِذَا قِيلَ لَهُمْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ يَسْتَكْبِرُونَ . وَيَقُولُونَ أَئِنَّا لَتَارِكُو آلِهَتِنَا لِشَاعِرٍ مَجْنُونٍ . بَلْ جَاءَ بِالْحَقِّ وَصَدَّقَ الْمُرْسَلِينَ] (الصافات : 35-37) واتە : (وە ئەوان -موشریکو کافرەکان- ئەگەر پێیان بووترێ و بانگ بکرێن بۆ ووشەی لا الا الا الله هیچ پەرستراوێکی حەق نیە تەنها الله نەبێ ئەوە خۆ بەگەورە ئەزانن و قبوڵی ناکەن . وە دەڵێن یانی ئێمە واز بێنین لەو بتانەی ئەیانپەرستین بە قسەی شاعیرێکی شێت -مەبەستیان بەو بێ ڕێزیە پێغەمبەر بوو- . -خوای بەرز کافرەکان بە درۆ ئەخاتەوەو بەرگری لە پێغەمبەرەکەی ئەکاو ئەفەرموێ- بەڵکو ئەو حەقی هێناوە بۆتان ئەوەی هێناوێتی و بانگتان ئەکا بۆی حەقە لە لایەن خوا بۆی هاتووە وە قسەی پێغەمبەرانی پێشی خۆی پشت ڕاست کردۆتەوە کە مژدەیان بەهاتنی ئەو دابوو وە بانگەوازەکەشی هەر بانگەوازی ئەوانە جیاواز نیە).

پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم بەردەوام بوو لەسەر ئەو بانگەوازەی بانگەوازی تەنها خوا پەرستی و بەردەوام قورئانی بۆ دائەبەزی و ئایەتەکانی قورئان ئەبووە بەڵگە بەسەر کافرەکانەوە وە خوای بەرز لە قورئان ئەوەی ئەکردە بەڵگە لەسەر کافرو موشریکەکان کە ئەوان بڕوایان هەیە بەوەی خوای بەرز دروستی کردوون کەوایە با هەر ئەو خوایە بپەرستن کە دروستی کردوون نەکەن بێجگە لە الله کە بڕوایان پێیەتی دروست کەریانە داوا لەکەسێکی تر بکەن خوای بەرز ئەفەرەموێ : [يَاأَيُّهَا النَّاسُ اعْبُدُوا رَبَّكُمْ الَّذِي خَلَقَكُمْ وَالَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ. الَّذِي جَعَلَ لَكُمْ الْأَرْضَ فِرَاشًا وَالسَّمَاءَ بِنَاءً وَأَنْزَلَ مِنْ السَّمَاءِ مَاءً فَأَخْرَجَ بِهِ مِنْ الثَّمَرَاتِ رِزْقًا لَكُمْ فَلَا تَجْعَلُوا لِلَّهِ أَندَادًا وَأَنْتُمْ تَعْلَمُونَ] (البقرة : 21-22) واتە: ( ئەی خەڵکینە -هەمووتان بێ جیاوازی زمان و ڕەنگ- تەنها پەروەردگاری -دروست کەری- خۆتان بپەرستن کە ئێوەی دروست کردووە وە ئەوانەی پێشی ئێوەشی دروست کردووە بەڵکو بگەنە پلەی تەقوا -پارێزراو بن لە سزای خوا- . -ئەو پەروەردگارە بپەرستن- ئەوەی کە ئەرزی بۆ کردوون بە ڕایەخ -فەرش لە ژێرتانەوە- وە لە ئاسمان ئاوی بۆ دابەزاندوون وە بەو ئاوە بەرو بومی جۆراو جۆری بۆ دەرخستوون بۆ ئەوەی ببێ بە ڕۆزی ئێوە جا بۆ ئەو خوایە هاوبەش و شەریک دانەنەێن بەوەی کە دروست کراوەکان بێننە ڕیزی الله بەوەی وەک الله خۆشتان بوێن یان بیان پەرستن و دوعایان لێ بکەن ) . وە ئەفەرموێ : [وَمِنْ آيَاتِهِ اللَّيْلُ وَالنَّهَارُ وَالشَّمْسُ وَالْقَمَرُ لَا تَسْجُدُوا لِلشَّمْسِ وَلَا لِلْقَمَرِ وَاسْجُدُوا لِلَّهِ الَّذِي خَلَقَهُنَّ إِنْ كُنْتُمْ إِيَّاهُ تَعْبُدُونَ] (فصلت : 37) واتە : ( وە لەنیشانەکانی -کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی تەنها خوا شایانی پەرستنەو بەڵگەن لەسەر پەروەردگارێتی الله و هێزو توانای بێ سنووری- شەوو ڕۆژ وە خۆرو مانگ نەکەن سەجدە -کڕنوش- بەرن بۆ خۆرو مانگ -نەکەن دروستکراوەکان بپەرستن- سەجدە -تەنها- بۆ ئەو خوایە بەرن کە دروستی کردوون -دروستکەری خۆرو مانگ و شەوو ڕۆژ و ئێوەشە- ئەگەر ڕاست ئەکەن لەوەی خوا پەرستن ئێوە -کافرەکان ئەیان ووت خوا ئەپەرستین بەڵام بۆیە ڕوو ئەکەینە خۆرو مانگ و قەبری وە بتی پیاو چاکان تا لە خوامان نزیک بکەنەوە بەڵام خوای بەرز بە درۆیان ئەخاتەوە ئەگەر ئێوە ڕاست ئەکەن ڕوو بکەنە دروستکەری خۆرو مانگ وهەموو دروستکراوەکان تەنها ئەو بپەرستن تەنها لەو بپاڕێنەوەو داوای لێ بکەن ئەو پێویستی نیە بەوەی کەسێک بکەیتە واسیتە لە بەینی خۆت و ئەودا-) .

ئەبەو شێوە بانگەوازی پێغەمبەری ئاخیری زەمەن صلى الله علیه وعلى اله وسلم بەردەوام بوو بانگەوازی تەنها خوا پەرستی و دوور کەوتنەوە لە شەریک دانان بۆ خوا، بەردەوام پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم وەحی بۆ دائەبەزی و بەسەر خەڵکیدا ئەیخوێندەوەو ڕووی تێ ئەکردن فەرمانی خوای بەرزی پێ ڕادەگەیاندن کە فەرمانیان پێ دەکات و ئەفەرموێ : [وَاعْبُدُوا اللَّهَ وَلَا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا] (النساء : 36) واتە : ( وە تەنها خوا بپەرسن وە هیچ شتێک مەکەن بە هاوبەشی خوا ) . تەنانەت پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم بانگی جولەکەو گاورەکانیشی ئەکرد بۆ تەنها خواپەرستی و واز هێ،ان لە شەریک دانان بۆ خوا وەک خوای بەرز ئەفەرموێ : [قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْاْ إِلَى كَلَمَةٍ سَوَاء بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ أَلاَّ نَعْبُدَ إِلاَّ اللّهَ وَلاَ نُشْرِكَ بِهِ شَيْئًا وَلاَ يَتَّخِذَ بَعْضُنَا بَعْضاً أَرْبَابًا مِّن دُونِ اللّهِ فَإِن تَوَلَّوْاْ فَقُولُواْ اشْهَدُواْ بِأَنَّا مُسْلِمُونَ] (آل عمران : 64) واتە ( بڵێ ئەی ئەهلی کتاب -جولەکەو دیانەکان- وەرن بۆ لای کەلیمەیەکی یەکسان لە بەینی ئێمەو ئێوە کە هیچ پەرستراوێ نەپەرستین تەنها الله نەبێ وە هیچ شتێ هاوبەشی بۆ دانەنێین -بەهیچ جۆرێک- وە با هەندێکمان هەندێکی ترمان نەکەین بە پەرستراوو پەروەردگار و بیپەرستین بێجگە لە الله جا ئەگەر پشتیان کردە ئەمە -ڕازی نەبوون- پێیان بڵێن شاهێد بن کە ئێمە موسڵمانین -تەسلیمی فەرمانی الله دەبین بەوەی تەنها ئەو ئەپەرستین هیچ هاوبەشی بۆ بڕیار نادەین-). ئیتر ئەوە بوو بانگەوازی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم فەرمان کردن بوو بە تەنها خوا پەرستی وەک خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَمَا أُمِرُوا إِلَّا لِيَعْبُدُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ حُنَفَاء وَيُقِيمُوا الصَّلَاةَ وَيُؤْتُوا الزَّكَاةَ وَذَلِكَ دِينُ الْقَيِّمَةِ] (البينة : 5) واتە : ( وە ئەوان -جولەکەو دیان و موشریکەکان و هەموو خەڵک- فەرمانیان پێ نەکراوە تەنها بەوەی کە الله بپەرستن بەتەنهایی و بە ئیخلاس و دڵسۆزی ملکەچی دین بن بە شێوەیەک کە پشت بخەنە هەموو دینێکی باتڵ و هەموو نا حەقیەک تەنها ڕوو بکەنە ئیسلام و پەرستنی الله وە فەرمانیان پێکراوە نوێژیان بکەن -بە ڕێکی- وە زەکاتی ماڵیان بدەن وە ئەوە دینێکی ڕاست و دروست و بەهێزە ) .

دیارە لە خزمەتی شەرحی ئەو کتابەش ئەو بانگەوەزاتان زیاتر بۆ ڕوون ئەبێتەوەو باسی جۆرەکانی بە یەک کردن -توحید- بەتایبەتی بەیەک کردنی الله لە پەرستن لە باسەکانی کتێبەکە ڕوون کراوەتەوە هەر باسەو لە شوێنی خۆی زیاتر ڕوون کردنەوەو قسەمان لەسەری دەبێ بە پشتیوانی خوای بەرز.