شكستی گوتاری سیاسیی ئیسلامیەكان لەهەڵبژاردندا
06/10/2013 نوسەر: bzavpress

شكستی گوتاری سیاسیی ئیسلامیەكان لەهەڵبژاردندا



"سەرەرای پیرۆزبایی و بێ عاجز بوون تەنها دوو كاندیدتان(حاجی كاروان و عومەر كۆچەر) بۆ پەرلەمان دەرچوون"


ئەگەر سەیری ژمارەی دەنگەكانی لیستە ئیسلامیەكان بكەین، تێبینی ئەوە ئەكەین، كەتەنها هەریەكە لە(حاجی كاروان و عومەر كۆڤەر) بەدەنگی خۆیان و بەگوێرەی نیصابی یاسایی ژمارەی دەنگ بەرامبەر كورسیەكی پەرلەمان كە(19.500) و شتێك بوو بەمافی خۆیان و بەگوێرەی رێنمایی كۆمسیۆن دەرچوون و باقیتری رێژەیەك لەزۆرەوە بۆ كەمتر دەنگی هێناوە باقی دەنگەكانیتری كاندیدەكان خراوەتە سەر دەنگەكانیان تاوەكو بگەنە رێژەی یاسایی و بگەنە پەرلەمان. ئەم دیاردەیە ئەوەمان پێئەڵێت:
1- شكستی سیاسی خەڵكە سیاسیەكەیە لەناو ئیسلامیەكاندا، چونكە تەنانەت سەرۆكی لیستەكانیشیان بەدەنگی خۆیان دەرنەچوون. ئەو دوو بەڕێزەش كە دەرچوون زیاتر لەلایەنە بانگخوازیەكەدابوون و دەركەوتبوون و وجودیان هەبووە، لەكاتێكدا ئەم دوو هێزە ئیسلامیە لەكێبڕكێی سیاسیدان لەگەڵ دەسەڵات و خەڵ: چاوەرێ بەدیلی یەكێتی و پارتی بن بۆ حكومڕانی سیاسی وڵات.
2- كۆمەڵی ئیسلامی لەنزیكەی 2 ملیۆن دەنگدەری كوردستان تەنها یەك كاندیدی دەرنەچووە بۆ پەرلەمان بەدەنگی یاسایی خۆی، ئەمە گەورەترین ئاماژەی پاشەكشەی سیاسیە لەئاستی گوتاری سیاسی ئەم حزبە رووەو جەماوەر، ئەگەرنا ماقوڵە لە 100 كاندید تەنها یەك كەس نەتوانێت بكاتە 20 هەزار دەنگی خۆی.
3- راستە بەهۆی بوونی لیستی نیمچە كراوە‌و دانانی 100 كاندیدو دابەشبوونیان بەسەر ئینتیما جیاوازەكاندا هۆكارێكە، بەڵام هیچی لەو راسیتە كەمناكاتەوە، كەدەركەوت گوتاری سیاسی ئیسلامیەكان تەنها رووی لەئەندام‌و دۆست و لایەنگرو هەوادارانی خۆیانە نەك تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگە، چونكە ئەگەر وانەبوایە یەكەم دەنگەكانیان بەبەراود بە 2010 كەمی نەئەكرد، دووەم دەبوو لە200 كاندید لە كاندید زیاتر دەربچوایە، یان لانیكەم سەیرێك بكەن كاندیدی لایەنیتر هەیە بەتەنها خۆی زیاتر لە100 هەزار دەنگی هێناوە. 
4- رەنگە باس لەزیادبوونی رێژەی كورسیەكان بكرێت، ئەوەش راستە، بەڵام دەرنەچوونی هیچ كادرێكی سیاسی ئەو دوو حزبە ئیسلامیە لەیاریدەدەری ئەمیندارەوە هەتا ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیان بەسەرۆكی لیستەكانیشەوە جێگەی لەسەر راوەستانی جدیە بۆ بەخۆداچوونەوەی سیاسی، هەرچی لێدوانی ئەو بەرپرسە سیاسیە باڵایانەی ئەو دوو حزبەشە بۆدوو شتە یەكەم هێوركردنەوەی تورەیی ناوخۆی حزب و جەماوەركەیان، دووەم خۆدزینەوە لەداننان بەشگستی خۆیان لەئیدارەكردنی سیاسی حزبەكەیان لەم هەلبژاردنەداو دوورخستنەوەی بەرپرسیارێتی‌و بردنە دەرەوەی فشارەكانی ناوخۆ بۆ كۆمسیۆن و تەزویرو شتەكانیتر، ئەگەرچی هەموو ئەمانە راستیان تێدایە، بەڵام لەو راستیەش كەمناكاتەوە كەدەبێ لەلایەك بەرپرسیارێتی كەمبوونەوەی دەنگەكانیان و لەلایەكیتریشەوە سەركەوتنی هیچ كاراكتەرێكی سیاسی حزبەكانیان بەدەنگی خۆیان بگرنە ئەستۆ.
5- ئەمە ئەوەمان پێئەڵێ ئەگەر ئیسلامیەكان فریای باشكردنی گوتاری سیاسی خۆیان نەكەون و بیر لەدروستكردنی كادری سیاسی و كادری هەڵبژاردنی بەتواناو جەماوەری نەكەنەوە لەدەرەوەی بانگخوازو مەلاكان ئەوا چارەنوسیی سیاسیان لەهەڵبژاردندا لەمەترسی و پاشەكشەی گەورەتردایە.
6- دواجار ئەم دەرنەچوونەی سیاسیەكان ئەوەمان پێ ئەلێ كە گوتاری سیاسی ئیسلامیەكان چەند دوورە لەموخاتەبەكردنی جەماوەری دەرەوەی خۆی و 2 ملیۆن دەنگدەری كورد‌و داخروە بەروویاندا، بۆیە ئەگەر دەیەوێت ئەم شكستە سیاسیە روونەداتەوە دەبێ گوتاری سیاسی كراوەترو گشتگیرتر بكات.