ئەردۆغان: ئەسەد تیرۆرستە
09/10/2013 نوسەر: bzavpress

ئەردۆغان: ئەسەد تیرۆرستە

سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایدەگەیەنێت، کە لەمەودوا سەرۆکی سوریا وەکو پیاوێکی سیاسی تەماشا ناکات و حیسابی تیرۆریستێکی بۆ دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە خۆشحاڵی ئەمەریکا لە ھەنگاوەکانی بەشار ئەسەد بۆ لە ناوبردنی چەکە کیمیاییەکانی سوریا، رایگەیاند: ئێوە مرۆڤن و منیش مرۆڤم، چۆن دەتوانین تەقدیری کەسێک بکەین کە ١١٠ ھەزار کەسی کوشتوە، ئایا شتێکی بەمجۆرە دەبێ؟ من پێم وانییە کەس ھەبێ دەستخۆشی لە ئەسەد بکات یا تەقدیری ئەسەد بکات و باوەڕ ناکەم جۆن کیری قسەیەکی بەمجۆرەی کردبێت.
ئەردۆغان لە لێدوانەکەیدا کە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردوەتەوە، وتیشی: من چی دیکە بەشار ئەسەدم وەکو سیاسەتمەدار قەبوڵ نییە، ئەسەد تیرۆریستێکە تیرۆری دەوڵەت پەیڕەو دەکات، راشکاوانە دەڵێم کەسێک کە ١١٠ ھەزار کەس بکوژێت تیرۆریستە و ئێستا لە سوریا تیرۆری دەوڵەت پەیڕەو دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامادەکردنی پاکێجێکی نوێ بۆ پۆلیس وتی: ئەوانەی کە نابیستن و شتێک بۆ خۆیان دروست دەکەن و دواتر کەناڵەکانی میدیایش بڵاوی دەکەنەوە، تا ئێستا ھیچ جۆرە دۆسیە و پێشنیارێکی لەوشێوەیە نەگەیشتۆتە بەردەستم و ئەمە یەکەم جارە لە ئێوەی دەبیستم.
س.سبەی