10/10/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
دەقی دەست لە کارکێشانەوە کادێرە پێشکەوتوەکەی ی.ن.ك
بۆ بەڕێزان/ جێگرانی سكرتێری گشتیی
بەڕێز/ مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك
بابەت / دەستلەكاركێشانەوە
سڵاو..
بێگومانم لەوەی لەدوای شكستەكەی (21/9)ەوە، زۆر لەكادیر و ئەندامانی
یەكێتی لەچاوەڕوانی ئەوەبوون كە مەكتەبی سیاسیی تەنیا بە بەیاننامەیەك و
لەدێرێكدا ئەستۆی خۆی لەبەرپرسیارێتیی ئەو
شكستە گەورەیە پاك نەكاتەوە، لانیكەم چەند كەسێكتان بەشەهامەتەوە بێنە
بەردەم ئەندامانی حزبەكەتان و بەداوای لێبوردن لەوان و لەكەسوكاری شەهیدان،
دەست لەپلە و پایەكانتان بكێشنەوە و كەمێك رێز بۆ بەرپرسیارێتی و سیاسەت
بهێڵنەوە، منیش هەر بەو ئومێدە لاوازەوە، هەم لەسەر ئەو نووسین و بۆچوونە
راشكاوانەم بەردەوام بووم كە چەندین ساڵە تەنیا بۆ راستەڕێكردنەوەی یەكێتی و
دوورخستنەوەی لەشكست و بچووكبوونەوەی زیاتر دەرمبڕیون، هەم چاوەڕوانی
ئەوەش بووم كە لانیكەم ئەمجارە ئەنجامی هەڵبژاردن تووشی شۆكی كردبن و ئیتر
بەجدی بیر لەبەخۆداچوونەوە و چاكسازیی بكەنەوە و پلینیۆم و كۆنگرە بكەنە
بەردەبازی پەڕینەوە بۆ دۆخێكی جیاواز لەرابردووی پڕ لەشكست و دابڕان لەخەڵك
و لەپرەنسیپەكانی حزبایەتی و كوردایەتی، ئاخر هەر حزبێكی دیكە لەو دۆخە
قەیراناوییەدا بێت كە یەكێتی تێیكەوتووە، هەر مەكتەبی سیاسییەك وەك ئێوە
بووبێتە (پاڵەوان)ی سێ شكستی گەورەی وەك هەڵبژاردنەكانی (2009) و (2010) و
(2013) و كەمترین گیانی بەرپرسیارێتییان تێدابووایە و لەوپەڕی بێخەمی و
بێباكیی بەرامبەر ئەمڕۆ و ئایندەی حزبەكەیان نەبوونایە، دەبوو ئیتر واز لەو
سیاسەتە هەڵە و شكستبارانەی رابردوو بهێنن، واز لەو دەستوپێوەندە
هەڵخەڵەتێنەر و ناراستگۆیەی دەوروبەرتان بهێنن و بۆ ئەو كادیر و ئەندامانەی
خۆتان بگەڕێنەوە و گوێیان بۆ شلكەن كە بەردەوام خاوەن را و رەخنەی جدی
بوون لەسیاسەتە ناراستەكان و دڵسۆزی گەورەبوونەوە و خۆشەویستبوونەوەی
حزبەكەیان بوون، نەك عەوداڵ و ئاڵوودەی پۆست و ئیمتیازات بووبن. كەچی
بەداخەوە ئەمڕۆ و رۆژێك پێش دەستپێكردنی پلینیۆم، مەسیجی بێباكیتانم
پێگەیشت، بێگومان لەرێی منیشەوە بەهەموو ئەوانە دەگات كە پەرۆشی
راستكردنەوەی باری گلاوی یەكێتین و خاوەنی بۆچوونی ئازایانە و راشكاوانەی
خۆیانن، بەڵێ باش لەمەسیجەكەتان گەیشتم كە ئێوە كەسانی وەك ئێمەتان
نەویستووە و ناوێ و بۆچوونەكانمان مایەی سەیەشەن بۆ خۆتان و پایە و
ئیمتیازە بێ كۆتاكانتان. بەڵێ (دەستتانخۆش!) كە ئەمڕۆ زانیم من لەلیستی
ئەندامانی پلینیۆم دوورخراومەتەوە، ئەوە ئەگەرچی لەساڵی (1999)ەوە ئەندامی
فیعلی مەكتەبی راگەیاندنم و بەپێی پەیڕەویش ئەندامی مەكتەب، دەبێتە ئەندامی
پلینیۆم، كەچی وەك هەموو پێشێلكارییەكانی دیكەتان بۆ پەیڕەو، ئەوەشتان
بەرامبەر بە دوژمن و نەیارێكی دیكەی ناعەدالەتی و گەندەڵی و سیاسەتەكانی
خۆتان كرد، بۆئەوەی حزب لەدەنگە رەخنەییەكان (پاكتاو) بكەن و هەر دەنگە
سەركزەكان زیاد بكەن و بەشانامەكانیان بتانكەن بەپاڵەوانی كاغەزیی و غرور و
بوغراییتان تێربكەن.
خۆتان باش دەزانن كە من یەكێك بووم لەوانەی
بەردەوام قسەم لەسەر كێشە و ناعەدالەتییەكانی ناو یەكێتی و دەرەوەیشی
كردووە، لەزۆربەی كۆبوونەوە و كۆنگرەكاندا راشكاوانە و لەڕووی خۆتان و خودی
بەرێز سكرتێری گشتیش راوبۆچوونی خۆم دەربڕیوە، دواتریش بەنووسین ئەوەی
قەناعەتم پێی هەبووبێت وتوومە و هەرگیز نەمتوانیوە ویژدان و بۆچوونەكانم
بەلاوەنێم و ئەوە بڵێم كە بەدڵی ئێوەیە. هەموویشی بەو هیوایە بوو كە بۆ
جارێكیش بێت دەسبەرداری بەلاڕێدابردنی حزبەكە بن، بەڵام دیارە من زۆر
خۆشخەیاڵ بووم، ئەگەر نا دەبوو زووتر بمزانیایە كە ئێوە ئەهلی بەرپرسیارێتی
و چاكسازی و دەستبەردان لەپلە و پایەكانتان نین. خەمی حزبایەتی و
كوردایەتیی لای ئێوە غائیبە و تەنیا لەخەمی خۆتان و دەوروبەرەكەتانن. بۆیە
لێرەوە، بەداوای لێبوردن لەهەموو هاوڕێ و هەڤاڵانی چەندین ساڵەی حزبایەتیم،
بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنم كە من دوای (26) ساڵ كاركردن لەناو یەكێتی،
لەمڕۆوە دەستملەكاركێشایەوە و چیتر نامەوێ و ئامادەش نیم بەشێك بم لەجەستەی
ناشیرینكراوی حزب و بورغوێك بم لەو ماكینەیەی بۆ هاڕینی بەرژەوەندییەكانی
حزب و خەڵك و ئایندەیان خراوەتەكار.
بەدڵنیاییشەوە ئەوەی من و پێشتریش
هەزاران خەڵكی دیكەی بەم بڕیارە گەیاندووە؛ ئێوەن كە چەندین ساڵە یەكێتی
لەشكستەوە بەشكستێكی دیكە دەسپێرن. هیچ خەم و خەونێكتان نەماوە جگە لەخەم و
خەونی لەدەستنەدانی پایە و ئیمتیازەكانی خۆتان. بۆیە سڵتان لەبچووككردنەوە
و دابڕینی یەكێتی نەكردەوە، بێ باكانە كارتان بۆ دەرپەڕاندن و
پەراوێزخستنی دڵسۆزەكانی كرد، بێ دوودڵیی یەكێتیتان كردە پاشكۆی پارتی و
رێككەوتننامەی ستراتیژیشتان كردە ئامرازی بەستراتیژیكردنی بەرژەوەندییە
شەخسییەكانی خۆتان، ئامادەبوون سازش لەسەر هەموو پرەنسیپ و بەهایەك بكەن،
تەنیا لەسەر كورسییەكانی خۆتان نەبێت. بەڵام من وەك هەمیشە و بەپێچەوانەی
ئێوە ئامادە نەبووم و نابم سازش لەسەر قەناعەتەكانی خۆم بكەم..بۆیە با
كورسییەكان لەئێوە پیرۆز بێت و منیش بۆچوون و قەناعەتەكانم بەسمە كە وەك
هەمیشە پارێزگارییان لێ بكەم و پێیانەوە سەربەرز و خۆشحاڵ بم.
ئیتر هەموو لایەكتان بەمێژوو و ویژدان دەسپێرم..
كاوە محەمەد
سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) و
ئەندامی پێشووی مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك
9/10/2013
پەیجی فەرمی کاوە محەمەد لە فەیسبوک