سه‌ركرده‌یه‌كی‌ یه‌كێتی‌: بۆ پارتی‌ بەبێ‌  ئۆپۆزسیۆن بەشداری حكومەتی داهاتوو ناكه‌ین
14/10/2013 نوسەر: bzavpress

سه‌ركرده‌یه‌كی‌ یه‌كێتی‌: بۆ پارتی‌ بەبێ‌ ئۆپۆزسیۆن بەشداری حكومەتی داهاتوو ناكه‌ین

سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی ئاماژە بە چەند بابەتێکی ناوخۆی حیزبەکەی دەکات و داواش دەکات، رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا هەمواربکرێتەوە، سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتیش دەڵێت: یەكێتی بەنیاز نیە بێ‌ ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ پارتیدا حكومەت دروست بكات.

عادل موراد، سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، غیابی جەلال تاڵەبانی لەگۆڕەپانی كوردی بەهۆی نەخۆشییەوە كاریگەری زۆری هەبوە لەسەر گەشەسەندنی دیاردەی تەكەتول لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بەشێوەیەك كە ئەوە ناگونجێت لەگەڵ خواستی جەماوەرەكەی.

لەو دیدارەدا کە سایتی ئەنجومەنی ناوەندی بەشێکی لێ بڵاوکردوەتەوە، ئەوەشی وتوە "پەرەسەندنی گەندەڵیی لەناو حزب لە دوای ساڵی 2003وە بەهۆی نەبونی بەدواداچون و لێپرسینەوە، بۆتە هۆی دوركەوتنەوەی لە جەماوەر، كە چارەسەركردنی ئەوەش پێویستی بەئەنجامدانی گۆڕانكاریی بنەڕەتی هەیە لە زۆربەی دامەزراوە و ئۆرگانەكانی یەكێتیدا".

عادل موراد، داوای هەمواركردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی كردوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەك "لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی قۆناغی ئێستادا بگونجێت و دەسەڵاتەكان بەسەر دامەزراوە حكومییەكان لە پارێزگاكاندا دابەش بكرێت و ئەو دەسەڵاتە تەنیا لە وەزارەتەكان لە هەولێر نەمێنێتەوە".

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی هەرێمی كوردستانیش، عادل موراد داوای پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی نیشتمانی كرد بە بەشداری زۆرینەی لایەنە كوردستانییەكان بە تایبەت ئۆپۆزسیۆن و دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر حزبەكاندا بەپێی رێژەی بەدەستهاتوی دەنگەكان. هەروەک رەتیکردەوە یەكێتی نیازی هەبێت حكومەتی داهاتوی هەرێم لەگەڵ پارتی‌و بەبێ‌ بەشداری ئۆپۆزسیۆن پێكبهێنێت.