لەبەرانبەری
14/10/2013 نوسەر: bzavpress

لەبەرانبەری "هەڕەشەكانی" مەلا بەختیار د. مەغدید سەپان دوای پاراستنی گیانی دەكات


مامۆستایەكی زانكۆی سەڵاحەدین دەڵێت مەلا بەختیار هەڕەشەی لێكردووەو داوای پاراستنی گیانی دەكات.

دوای نووسینی چەندین رەخنەی بەرچاو لەبەرپرسانی یەكێتی لەدواین نووسینیدا د. مەغدید سەپان مامۆستا لەزانكۆی سەڵاحەدین دەڵێت "مەلا بەختیار نەمەلایە نە بەختیاریشە هەموو نووسینەكانیشی بخوینەوە یەك حیكمەتت بەبەر چاو ناكەوێت‌و یەك حیكەمتیشی تێدا نادۆزیتەوە". 

هەروەها لەبەشێكی نووسینەكەیدا رایگەیاندووە "مەلا بەختیار ئەندازیاری تێكدان‌و باڵا باڵێی ناو یەكێتییە دووجار یەكێتی لەیەكێتییەكان وێرانكرد". 

لەوەڵامدا سایتی چاودێر كە مەلا بەختیار خاوەن ئیمتیازییەتی نووسیویەتی "تەنیا بەرهەمی كەسێكی دەروون نەخۆشە، باوەڕناكەم، كەسێكی بێڕەوشتی فیزیكی هەق بەخۆی بدات، ئاستی خۆی بۆ ئاستی (مەغدید سەپان) بێڕەوشتی سیاسی دابەزێنێت". 

لەبەرانبەر ئەمەدا دكتۆ مەغدید رایگەیانووە "لەگەڵ ئەوەی من پێكەنینم بەنووسینەكە هات، دیسان هەڕەشەكان زۆر بەجددی وەردەگرم‌و لەم نامەیەم داوا لەجەنابی سەرۆك كاك مەسعود بارزانی، جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی كاك كۆسرەت رەسول دەكەم، ژیانم لەهەڕەشەكانی مەلا بەختیار بپارێزن‌و بەڵێنی لێوەربگرن، دەستم لێنەدا.


دەقی نووسراوەكەی د . مەغدید

من هەڵمەتم راگرتووە و هیچی دیكە نانووسم لە ماوەی یەك هەفتە هەڵمەتێكم لە فەیسبووك، دژ بە هەندێك لە بەرپرسانی خراپی یەكێتی دەستپێكرد و دوا نووسینیش ئەمڕۆ لەسەر مەلا بەختیار بوو. پاش دانانی نووسینەكەی لەسەر مەلا بەختیار، كۆمەڵێك تەلەفۆنم بۆ هات، پاش گفتوگۆی زۆر بریارمدا هەڵمەتەكە رابگرم و نووسینەكان لە فەیسبووك بسرمەوە... پاش راگرتنیش دیسان كۆمەڵێك نامە و تەلەفۆنی دەستخۆشیم بۆ هات... من سوپاسی هەمووان دەكەم... مەلا بەختیار، وەڵامی نووسینەكەی منی لە دەزگاكەی خۆی (چاودێر) داوەتەوە و بێگومان، مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بكا... من نووسینەكەی مەلام خوێندەوە، زۆر پێكەنیم و زۆریش پەشیمانم لەوەی دانەیەك لە كتێبی خۆم بەناوی:(ئەگەر رۆژنامەنووس هات) پێشتر بۆ نەناردووە... كاك مەلا نووسینەكەی بەم سەردێرە دەستپێدەكا: (دكۆر مەغدید سەپان، بێڕەوشت، ڕەوشتی لەتۆ بەرزترە...) لەبەر ئەوەی بەڵێنم دا، هیچ نەنووسم، بۆیە لێرە وەڵامی نادەمەوە، زۆریشم پێخۆشە هەمووتان بیخوێننەوە، بۆئەوەی باشتر لە كاك مەلا بگەین... لەگەل ئەوەی من پێكەنینم بە نووسینەكە هات، دیسان هەرەشەكان زۆر بە جددی وەردەگرم و لەم نامەیەم داوا لە جەنابی سەرۆك كاك مەسعود بارزانی، جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی كاك كۆسرەت رەسول دەكەم، ژیانم لە هەرەشەكانی مەلا بەختیار بپارێزن و بەڵێنی لێوەربگرن، دەستم لێنەدا... زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەكتان...