شێركۆ بێكه‌س وه‌سیه‌ت ده‌كات
20/06/2013 نوسەر: bzavpress

شێركۆ بێكه‌س وه‌سیه‌ت ده‌كات

شێركۆ بێكه‌سی شاعیری گه‌وره‌ی كورد كه‌به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ باری ته‌ندروستی ناجێگیره‌ دوا ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر هیچ گردێك نه‌ینێژن، به‌ڵكو داوا ده‌كات رێگای پێبده‌ن له‌پاركی ئازادی بنێژرێت.

له‌وه‌سێتنامه‌یه‌كدا  شێركۆ بێكەس ده‌ڵێت، "من نامەوێت لەھیچ کام لەگردو گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن‌و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوەو دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قه‌رەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی‌و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم ڕێگەم پێبداو ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لەپارکی ئازادیداو بەتەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی ١٩٦٣ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترەو تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بەمردویش نزیکی ئەو خەڵکەو ژن‌و پیاو‌ی شارەکەم‌و دەنگی مۆسیقاو گۆرانی‌و ھەڵپەڕکێ‌و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم."

ئه‌مه‌ش ده‌قیوەسیەتنامەگه‌ی شێرکۆ بێکەسه‌:

"من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ, یەکەم لەبەرئەوەی پڕبوونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم, من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم ڕێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی )١٩٦٣(ی سلێمانیەوە بمنێژن, ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم, من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکە و ژن و پیاو‌ی شارەکەم ‌و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم.

با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم, با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نو‌سەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم, من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم, ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵاوەیسیەکەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواکەی)ـەوە ئاڵای کوردستانم تێوەپێچرابێ و بنێژرێم, من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت, لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن, من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی (بێکەس)ـەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم."

س:knn